یەکشەممە , ئه‌یلول 21 2025

بناغەداڕێـژەری کلتوور و شارستانییەت؛ لە مەدینەوە  بۆ  زێواری “مرۆڤایەتی”

و: عەبدووڵڵا عەلیپوور
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێندێ سات هەن نەک هەر چارەنووسی تاک، بەڵکوو ڕێڕەو و باژێری کلتوور و بیر و هزری شارستانییەت دەگۆڕن… بێگومان لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامﷺ یەکێک لەو ساتە چارەنووسسازانەیە؛ نەک تەنیا دەسپێکی وەرچەرخانی ژیانی پیاوێکی گەورە بوو، بەڵکوو خاڵی دەستپێکی پڕۆژە و بنیاتنانی شارستانییەت و بیر و هزری هەرمانی و دەستکەوتی هەمیشەیی کە لەناو شاری مەدینە دەرکەوت و گەشاوە، و بە درێژایی مێژووی ئیسلامی بەردەوام بوو، شارستانییەتێک کە: تا ئەمڕۆش بە گڕوتین زیندووە.
بەڵێ، پێغەمبەرﷺ کاریگەریی کلتوور و شارستانییەتی پەیتاپەیتا و داهێنەر بوو.! وتە و پەیامی دانسقەی پێغەمبەری خواﷺ تیۆری یان سیاسه‌تێكی گشتگیر كه‌ به‌ گرووپ و قۆڵێكه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و بڕوا و ده‌نگی هه‌موو گرووپه‌كان له‌ خۆده‌گرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی بانگهێشت و داخوازی لە دەرەوەی بازنەیەکی چەقبەستوویی دامارگڕژانەی نایاسایی، کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ڕوحی و مەعنەوەی بۆ ڕێکسختن و بووژاندنەوەی ڕوح و ژیانی مرۆڤ‌دۆستی بوو؛ هەر لە یەکەم ساتەکانی سەرهەڵدانی بە پڕۆژەیەکی گشتگیر کە لە هەمان کاتدا مرۆڤایەتی پەروەردە کرد و مافی مرۆڤ و گشت بوونەوەری لەناو گەردووندا پەرەپێدا. ئەم پەیامە پاڕادایم و مۆدێلێکی بێهاوتای خوڵقاند کە وێرای گرینگی پێدان بە پەروەردەی ڕوحی مرۆڤی، بەڵکوو ڕێڕەو و بنچینەی کۆمەڵگەی گۆڕی و شارستانییەتێکی نوێی دامەزراند؛ شارستانییەتێک کە زایەڵەی هێشتا لە گوێی مێژوودا دەنگی دەدا بوو بە بناخەدارێژەری کۆمەڵگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و پێکەوەژیان.
شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە دۆخی ئەو کاتی ناو شاری مەدینە بەرەو داڕمان بوو، لەم ساتە هەستیارەدا لەلایەن پێغەمبەرﷺ بناخەی کۆمەڵگەی لەسەر بنەمای کلتوور و داب و نەریتی دادپەروەری و ڕاوێژکاری نوێژەنکردەوە بەجۆرێک لەم پێکهاتەیەدا مزگەوت، وەک: دڵێکی زیندوو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، شوێنی نزا، سەکۆی زانست و ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و پەناگەیەک بۆ ڕێککەوتن و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.
لەناو دڵی ئەم کۆمەڵگایە “لاپەڕەی زێڕینی مەدینە” سەری‌هەڵدا؛ بەڵگەنامەیەک کە زانایان بە یەکەم دەستووری مەدەنی گشتگیر لە مێژوودا هەژماری دەکەن، تۆمار کرا. ئەم جاڕنامەیە، بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتی‌خوازانەی لە نێوان موسڵمانان و پەیڕەوانی ئایینەکانی تردا دامەزراند کە لەسەر بنەمای مافی یەکسانی و ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییە ئایینییەکان دامەزراند. لەم سیستەمەدا ئازادی دروشمێکی پووچ‌گەڕا نەبوو، بەڵکوو واقیعێکی زیندوو بوو؛ واقیعێک کە لە بەڵگەنامە بەستراوەکاندا کۆد کراوە و لە ژیانی ڕۆژانەدا جێبەجێ کراوە.
شارستانییەتی ئیسلامی؛ سەکۆی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی ڕوونی کۆمەڵایەتی، ڕاپەڕینی هوشیاری گشتی لەسەر بنەمای دادپەروەری بوو کە، لە مەدینەوە سەریهەڵدا؛ و تیشکی خۆی بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای جیهان بڵاوکردەوە. لەژێر ئاوڕلێدانەوەی شارستانییەتی ئیسلام، زۆرێک لە قوتابخانە و زانکۆکان دروستکران، لەگەڵ ئەوەشدا کتێبخانە و زانستگا گەشەیان کرد و هێزی توێژینەوە خرایە جووڵەوە.
ئیسلام، مۆدێلێکی پێشکەوتووی بیرکردنەوە، سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگەی دڵاوای پێشکەش بە جیهان کرد، شێوازێک کە ئامانجی کۆتایی ئەو ڕزگارکردنی مرۆڤ بوو لە ناڕەوایی و نەفامی و چەوساندنەوە، و بەهێزکردنی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی عەقڵ و هێزی خۆی بۆ گەشەپێدانی زەوی. لەم سیستەمەدا، زانست بە پەرستن دادەنرا، دادپەروەری بەهایەکی بەرزی بوو، و ڕەحمەت  بەردی بناغەی مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤەکان بوو. شارستانیەتێک کە نەک هەر بناخەیەکی بەهێزی داڕشت، بەڵکوو ڕوحی کۆمەڵگەی داگیرساند و پانتاییەکی تازەی لەناو ژیانی مرۆڤایەتی واڵاکرد.
بێگومان، پەیڤ و شۆڕشێک کە توانایی بەرهەمهێنانی شارستانییەتێک بێت کە نە کۆیلەی دەسەڵات بن و نە تینووی بەرژەوەندی تاک و پلەو پایەی دونیا، بەڵکو نەوەیەکی بیرمەند و زانا و بلیمەت پەروەردە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەشخەڵی ڕێنموونی داب و نەریتی و چاکسازی کۆمەلایەتی بێت جێگەی ئاوڕلێدانەوەیەکی بنەڕەتییە بۆ لێکۆلینەوەی زانستی تاکوو بۆ پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگە وانەیەکی مێژوویی لێوەرگیرێت….
ئەم دەستکەوتە گەورەیە ڕەنگدانەوەی ڕوونی یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی ژیانی پێغەمبەرانە: بەجۆرێک کە، ئازادی و سەربەرزی سووتەمەنی بزووتنەوەی ڕەزگاریخوازانەی شارستانییەتی مرۆڤ بێت؛ کەرامەتی مرۆڤ، بنچینە و ژێرخانی دڵارامی، و خۆپارێزی و خاکەڕایی خوێنی شاڕەگی ژیانی کۆمەڵگە بێت.
لەڕاستیدا شارستانیەتێک کە لەسەر بنچینەی ئازادی بنیاتنراوە نەک هەر ژێرخانی کۆمەڵگەیەکی شکۆداری بەرهەمهێنا، بەڵکو وەزە و هێزی کۆمەڵگەی نوێژەنکردەوە و پانتایی و گۆڕەپانیی لووتکەی مرۆڤایەی بڕی و جوامێری و مانای ژیانی وەبەر گیانی مردوویی کۆمەڵگە خست…!
لە جیهانی ئەمڕۆدا، مرۆڤ لەنێوان داڕمانی ڕوح و پێوەندی کۆمەڵایەتی، و دیلبوون لەژێر پەنجەی ماددی و بیر و هزردا، لەهەموو ساتێک زیاتر پێویستی بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی مەعنەوەییەت و پەیامی جەوهەری مرۆڤایەتییە واتە: قوڕئان، تاکوو جارێکی تر ترووسکەی پەیامی نوێخواز و دانسقەی مەکتەب و قوتابخانەی خۆشەویست، وانەیەکی پڕواتای ژیان فێری مرۆڤایەتی بکات و تێبگەین کە: ئازادی و مافی مرۆڤ بە مانای بەزاندنی سنوور و یاساکانی ژیان نییە؛ بەڵکوو هۆگر بوون و پێداگری لەسەر ڕاستی و دەست‌پاکییە، یاخود جۆرێک لە بەرپرسیارەتیی کێشدارە…
تۆکمەیی شارستانییەت، لەسەر بنچینەی دادپەروەری و دڵارامی و ئەوین پێکهاتووە، نەک ئاگر و دڵڕەقی و پووچگەڕایی.! فێربوون لەناو زانکۆ و قوتابخانەی پێغەمبەرﷺ تەنیا قازانج و بەرژەوەندی بۆ باوەڕداران نییە، بەڵکوو لەناو شەوەزەنگی ڕۆژگار و سەر لێشێواوی دەبێ بە چرای ڕێنموونی و دڵنیایی بۆ گشت مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی.
بێگومان، بڕینی ئەم ڕێگەیە خۆی لەچەشنی پەیامی نوێخوازی کۆتا پێغەمبەرە، ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی نەفامی و چەوساندنەوە، پاڵاوتنی ڕوح و گیان، پەرەپێدانی ئاشتەوایی سەر گۆی زەوی، ڕێنماییکردنی مرۆڤایەتی لەسەر ڕێگە و ڕێبازی شەیدایی پێغەمبەرﷺ. بەڵێ، شۆڕش و پەیامێک کە نەک هەر مێژووی گۆڕی، بەڵکو ئاسۆی ڕوون و دڵاوایی و ئەوین و سۆز و موحەببەتی بە گوێی زەوی چرپاند، و دەرگە و ڕێگەیەکی نوێی بەرەو بیر و هزری مرۆڤ واڵاکرد…

Check Also

ژنێکی عاشقی چاوەڕێ

شادان تالبکەمن ئەو کتێبە سەرگوزەشتەییانەی لەیەک کاتدا کەمەنکێشت بکات بۆ زۆرینەی ئەزموونەکانی ژیان، ئیمان، دینداری، …