پێنجشەممە , ئاب 21 2025

شیکردنەوەی وشەی (النشوز) ئافرەتانی ناشز کێن

د.هەتاو حەمە صالح
سەرەتا سەبارەت بە ئافرەتی ناشیزە (الناشز)، پێویستە مانای نشوز بەپێی مانا قورئانییەکەی شیبکەینەوە. ئافرەتی ناشیزە واتە ئەو ژنەی کە خۆی بەگەورەتر و بەرزتر لە هاوسەرەکەی دەزانێت و بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە لەگەڵیدا رێکبکەوێت. لەم ئەم دوو ئایەتە پیرۆزەی خوارەوەدا زۆر ڕوونە (النشوز) لە قورئاندا بەواتای شوێنی بەرز لەسەر زەوی هاتووە، بە مانای خۆخستنە شوێنێکی بەرز لە ئاست بەرامبەردا دێت، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِنِ امْرَأَةٌ خَافَتْ مِنْ بَعْلِهَا نُشُوزًا أَوْ إِعْرَاضًا فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا أَنْ يُصْلِحَا بَيْنَهُمَا صُلْحًا وَالصُّلْحُ خَيْرٌ وَأُحْضِرَتِ الْأَنْفُسُ الشُّحَّ وَإِنْ تُحْسِنُوا وَتَتَّقُوا فَإِنَّ اللَّهَ كَانَ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرًا﴾ (البقرة: 182) واتە: ئەگەر ژنێک لە خۆ بە گەورەزانی و دوورکەوتنەوەی مێردەکەی ترسا، ئەوا باشتر وایە لەم حاڵەتەدا ئاشتی لە نێوانیاندا دروست بکەن. هەروەها لە ئایەتی ﴿وَإِذَا قِيلَ انشُزُوا فَانشُزُوا﴾ واتە ئەگەر پێیان وتن بەرز ببنەوە ئەوا هەستن، بەواتایەکی تر ئەگەر پێتان وترا بەرز ببەنەوە بۆ جیهادکردن لە بەرامبەر دوژمنێک، یان بەرزبوونەوە بۆ نوێژکردن، یان بۆ کارێکی چاکەکردن، ئەوا دەستبەجێ بەرزبنەوە و هەستنەوە سەرپێ.
لە قورئاندا تەنها لەم ٣ شوێنەدا وشەی (النشوز) هاتووە  لەم دوو ئایەتەی سەرەوە لەگەڵ ئایەتێکی سورەتی (النساء) کە تەوەری باسەکەی ئێمەیە ( واللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ ۖ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلَا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا) النساء: 34.
کەواتە لەم دوو پاراگرافەی سەرەوە کە شیکردنەوەمان بۆ مانای وشەی (النشوز) کرد، لە ئایەتەکاندا زۆر بە ڕوونی دەرکەوت کەوا (نشوز) بە مانای ژنێکی سەرکێشی خۆبەگەورەزان دێت، کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە لەگەڵ هاوسەریدا رێکبکەوێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا لێکدراوەتەوە، بەجۆرێکە کە سادەترین هەڵسوکەوتی ژن دەبەنەوە بۆ مانای نشوز و بەم هۆیەوە دەستدەکەنەوە لە خێزانەکانیان. بۆ نمونە پێویستە پیاوان بزانن ئافرەتی ناشیزە ئەو کەسە نییە کە قبوڵ ناکات قسە بەخۆی یان خێزانەکەی بوترێت یان سوکایەتیەتییان پێبکرێت، ئافرەتی ناشیزە ئەو کەسە نییە لەدەستی دەرچوبێت و خواردنێکی بێ خوێ یان سوێری لێنابێت و، بەهۆیەوە لێدان بخوات، ئافرەتی ناشیزە ئەو کەسە نییە کە ڕقی لە نزیکبوونەوە بێت لەگەڵ مێردەکەیدا، چونکە کەمێک پێش ئەوە لێدانی بەدەستی مێردەکەی خواردووە و سوکایەتی پێکراوە.

Check Also

خاتوونی موسڵمان (فاتیمە ئەلفەهری).. دامەزرێنەری یەکەم زانکۆ لە جیهاندا

و/چیا عەلیفاتیمە ئەلفەهری، دامەزرێنەری زانکۆی (قەرەویین) لە شاری فاس لە وڵاتی مەغریب، کە یەکەم زانکۆی …