شه‌ممه‌ , ئایار 18 2024

دەستە ماندووە بێ ناونیشانەکان

(لەڕۆژی کرێکاران)

شاتوو مەحمود
قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازی

پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم، کتێبێک بەناوی چوارنامیلکەی دکتۆر عەلی شەریعەتیم خوێندنەوە ، گەشتە سەر باسی یاداشتەکانی خۆی و سەربووردەیەکی ئەگێڕایەوە لەگەشتێکی بۆ میسر و سەردانی هەرەمەکان، باسی ئەوەی ئەکرد کە دەلیلێکی لەگەڵ بووە شتەکانی پشانداوە باسی مەزنی و شکۆی هەرەمەکان و پەیکەری فیرعەونەکان و، ئەو شێوە ئەندازییە ورد و دەقیقانەی کە بەکارهێنراون لەدرووستکردنیاندا، کە بەلای هەرەمەکان و گۆڕی فیرعەونەکاندا تێپەڕیوە تێڕاماوە و تووشی سەرسووڕمان بووە، لەو هەموو تواناو دەسەڵاتەی کە ئەو شاکارە مەزنانەی دوای خۆی جێهێشتووە، دواتر بەلای شوێنێکی ڕووخاو و داڕماو کەوەک کێلی گۆڕی بەکۆمەڵ وابووە ڕۆشتوون، پرسیویەتی ئەمانە چین وتراوە کە ئەمە گۆڕی ئەو هەزاران بەندەو کرێکارانەیە کە لە کاتی ئیشکردن لە هەرەمەکاندا مردوون و لێرە نێژراون، ئەڵێ: بۆساتێک وەستام و حەپەسام کە چی ئەبینم ؟ ئەم ڕووبەرە گەورەیە کە پڕە لە هەزاران مرۆڤی بێ گوناە ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی لەپێناو دروستکردنی ئەم شاکارە مەزنانە، ئێستاش ئەگەر پاشماوەی گۆڕەکانیان نەبێت هیچ کەسێک نازانێت ئەمانە کێبوون و ئەم شوێنەوارە گەورەیە بەرهەمی دەستی ئەوانە ! هەموو ئەو سەرسوڕمانی و خۆشیەی کە لەگەشتەکە بینیم، بە بینینی ئەم گۆڕ و پاشماوانە لێم بوو بە ناخۆشی و مەراقێکی قووڵ، تێکستەکانم بەڕوونی بیر نەماوە، بەڵام دەستی کردوە بە نوسینی نامەیەکی درێژ و هاوخەمی بۆ هەموو ئەو بەندانەی کە لەو ڕێیە مردوون و بوونەتە قوربانی ئەوەی کە کەسێک ویستویەتی بە نەمری بمێنێتەوە ؟ بیرمە نوسرابوو برا کرێکارەکانم ئێستا دوای چەندین ساڵ کە من ئەم پاشماوانە ئەبینم و بەرهەمی دەستی ئێوەیە، بەڵام ئێوە هیچ ناوێکتان نیە و هەمووی باسی گەورەیی و شکۆی فیرعەونەکان ئەکرێت، من خەفەت بۆ ئێوە ئەخۆم و داوای لێبووردن لە ئێوە ئەکەم کە ژیان و بوونی ئێوە هیچ ئەرزشێکی نەبووە، دوای مردنیشتان لە جێیەکی بێ بایەخ دانراون و هیچ کەسێ ئێوەی بۆ گرنگ نیە و ناوتان نیە لە مێژوو، بە هاوسۆزیەکی زۆر قووڵ وشەکانی نوسیبوو کە من دوای چوار ساڵ لە خوێندنی تەلارسازی و خوێندنی وردەکاریەکانی شارستانیەتی میسری هێشتاش خەیاڵم لای ئەو قسانەیە، هەمیشە کاتی خوێندن من بیرێکم لای ئەوانە بووە کە مێژوویان درووستکردوەوە ئێستا کەس ناویان نابات، دوای ئەو نووسینە هەستی هاوسۆزیم بۆ درووست بوو بەرامبەریان و دیوێکی تری ناشیرین و بێ ڕەحمی ئەو تەلارە بەشکۆیەی میسرم ئەبینی کە زیاتر ستایشئەکران و وەک ئەفسانەیەک باسئەکران، ڕوونبوویەوە لام کە شاکارە نەمرەکان لە ئەنجامی دڵڕەقی و هەستی قوڵی مرۆڤ بۆ مانەوە و نەمری درووست بووە، لەخۆسەپاندن و خۆ بەگەورەبینینی ئینسان و هەزاران قوربانی بە ڕۆحی مرۆڤ درووست بووە، هەڵبەتە دیوە مەزن و داهێنەرانەکەی مرۆڤ لە شوێنی خۆیەتی، بەڵام ئەم دڵڕەق و بێ هەستیەشی لە پشتەوەیە.

Check Also

پێویسته‌ خێزان لانه‌ى ئارامى بێت

هه‌ڵاڵه‌ محمد ئه‌ڵماس خێزان به‌به‌ردى بناغه‌ى كۆمه‌لگه‌و دروستكردنى شارستانیه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى كۆمه‌ڵه‌گه‌كان له‌دێر …