یه‌ك شه‌ممه‌ , ئایار 19 2024

خەدیجەی كچی خوەیلد گەورەی ژنانی قوڕەیش

محی الدین شێخ محمد

پێغەمبەر (د.خ) لەماڵ نەدەچووە دەرەوە تا ناوی “خەدیجە”ی بەباشی و چاكە نەبردایە، ئەم خاتوونە یەكەم دایكی ئیمانداران و چاكترین ئافرەتی جیهان بوو، لەسەردەمی نەفامیدا نازناوی ئافرەتە داوێنپاكەكە بووە، بەهۆی پارێزگاریكردنی ناوبانگی و دەست و دەم ئەمینی و داوێنپاكی، دانیشتوانی مەككە ناویان نابوو ژنە خاوێنەكەو گەورەی ئافرەتانی قوڕەیش، چونكە خاوەنی پێگەیەكی بەرزو هۆشمەندبوو، ئازاو كارامەو خاوەن دەستمایەیەكی باشبوو، خەڵكی بازرگانیان بۆ دەكرد، پێغەمبەریش یەكێكبوو لەوانەی كە ئاڵووێری بۆ ئەكرد، بەهۆی دەستپاكی و قازانجێكی باشدەكرد لەو دەستمایەی كەلای بوو بۆیە “موحەمەد”ی هەڵبژارد بۆ چاودێری و سەرپەرشتیاری ماڵا و سامانەكەی. ئەم خاتوونە دەربارەی ئەو زاتە دەیفەرموو: لەوەی كە لێم ئەبینی و بۆیان ئەگێڕامەوە، تەنانەت جگە لەدانیشتوانی مەككەش ڕاستگۆیی لەوتەكانی و گرنگیدانی بەپاراستنی بەرزی ڕەوشتی تیا دەبینرا، هەروەها لەو خزمەتكارەی لە خزمەتیدابوو، كە سەفەری دەكرد لەگەڵی بۆ شام كە زۆرجار دڵنیایی لەڕاستگۆیی و دەستپاكی دەكردەوە لەكڕین و فرۆشتن و ئاڵ و وێڵا لەگەڵا بازرگانەكانی هاوڕێی ئەوانەی لە شام بوون، سەرەڕای پارێزگاری لەكەلوپەل‌و سەروەت و دەستمایەی ئەوەی خەدیجە پێی سپاردبوو. هۆكاری هاوسەرگیری لەخزمەتیدا، ئەو هەموو ڕەوشتە ناوازەو دەست و دڵا و دەمپاكی و مەردی و ئازایەتی و شكۆمەندیە بوو كە هەیبوو. بۆیە بڕیاریدا نوێنەرێك بنێرێت بۆ خزمەتی و عەرزی بكات كە “خەدیجە” دەیەوێت هاوسەرگیری لەخزمەتدا بكات، كاتێ نوێنەرەكە ئەمەی عەرزی “موحەمەد” كرد، ئەویش بەوردی بیری لێكردەوە كەوا ئافرەتێكی وا بەڕێزو خاوەن شەخسیات و شكۆمەندو لە بنەماڵەیەكی ناودار لەناو قوڕەیشیدا كە ئافرەتێكی دڵ و دەروون و پاك و لاشەو لارێكی پاكیزە، بەبێ دوودڵی بڕیاریداو وەڵامیدایەوە بەنوێنەرەكەی.

“موحەمەد”ی ئەمین و دەستپاك و كردەوە چاك هاوسەرگیری كرد لەگەڵا خاتوونی بەڕێز كە تەمەنی (25) ساڵابوو، تەمەنی خاتوون (40) ساڵابوو، لەخاتوونی بەڕێز خوا ئەم منداڵانەی پێ بەخشین، كە هەموو منداڵەكانی لەم خاتوونەبوون، بێجگە لە ئیبراهیم نەوەكانی: زەینەب، ڕوقیە، ئوم كلسوم و فاتیمەی زهرا ْ، قاسم و عبدالرحمن. ئەم خاتوونە نموونەی وەفاپارێزی گوێڕایەڵی بوو بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی ئەدا تێدەكۆشا بۆ دڵنەوایی و ڕازیبوونی حەزرەتی موحەمەد، كاتێك “موحەمەد”ی نازدار “زەیدی كوڕی حاریسە”ی خزمەتكاری خەدیجەی خۆشدەویست، “خەدیجە” هەستی بەوەكرد پێیبەخشی.

 كاتێ خوای میهرەبان موحەمەدی كرد بە پێغەمبەرو هەڵیبژارد بۆ پەیامی یەكتاپەرستی و بۆ هەموو سەر زەمین، یەكەم كەس ئەم هاوسەرە بەوەفایە باوەڕی پێهێناو موسڵمان بوو، واتا یەكەم كەس كە موسڵمان بوو خاتوو خەدیجەی خێزانی بوو، وەك باسكراوەو زانراوە لای زۆربەی خەڵكان كە پێغەمبەر پێشئەوەی نیگای بۆبێت لەهەموو ساڵێكدا مانگێك دەچوو بۆ ئەشكەوتی “حەرا” بۆ بیركردنەوەو لەو سەر لێشێواوییەی ئەو خەڵكە، كە خەریكی بتپەرستی و نەفس پەرستی و دوونیا پەرستی بوون، تا خوای تاك و تەنیا لەو ئەشكەوتە بە “جوبرەئیلدا” نیگای بۆ ناردو سەرەتا پێی فەرموو: إقرأ، كاتێ گەڕایەوە خەدیجە سەیری ڕەنگی كرد گۆڕاوە، هیچ قسەیەكی لەگەڵا نەكرد تا پێغەمبەر (د.خ) ڕووداوەكەی بۆ گێڕاوە، لەدوایدا فەرمووی دامپۆشە بەبێ ئەوەی لەگەڵی بدوێت لەو بارەیەوە، لەدوای كەمێ پشوو ئەم خاتوونە داناو ژیرە گوێیگرت بۆ گێڕانەوەی ڕووداوی ناو ئەشكەوتەكە، كە بەسەری هاتووە، بەوردی ڕووداوەكەی بۆ گێڕایەوە تا پێغەمبەر فەرمووی ئەوەندە ترسام بەتەمای ژیان نەمام، خاتوونی دانا بەبێ دوودڵی بەئارامی و ژیریەوە موژدەی دایە كەوا ئەو وشانەی بۆی هاتووە زۆر بە سەلاری و لەسەرخۆیی پێیوت (بردا و سلاما)، پێی فەرموو نەخێر سوێند بەخوا، خوا هەرگیز تۆ ڕسوا ناكات، چونكە تۆ بەهەمیشەیی سەردانی خزم و كەسوكار دەكەیت و دڵنەوایی بێنەوای بێ باوكان ئەكەیت‌و ڕێز لەمیوان دەگریت و هەمیشە پشتگیری لە ڕاستی ئەكەی –البخاری-.

پاش ئەو وتانە بەبێ وەستان باوەڕی پێكردو پشتگیری تەواوی پێدا بۆ بڵاوبوونەوەی ئاینەكەی و، بووە پشت و پەنای هاوسەرە نازدارەكەی، ئەم پاڵپشتیە بووە هۆی دڵخۆشی پێغەمبەر، دەستیكرد بەبڵاوكردنەوەی پەیامەكەی، كە زۆر هاندەری بوو ئامادەكاری دەكردو لەهەموو ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە دەهاتنە ڕێگەیان، لەڕاستیدا ئەم خاتوونە بەوەوە نەوەستا بۆ دڵنیابوون و دڵنەوایی پێغەمبەر چوو بۆ لای ئامۆزایەكی بەناوی (وەرەقەی كوڕی نەوفل)، شارەزا بوو لەتەورات و ئینجیلدا بەباشی زانیاری هەبوو لەسەر هەموو ئەو بابەتەكانە، وازی لەبتپەرستی هێنابوو لەسەردەمی نەفامیدا بوو بە نەسرانی (مەسیحی)، “خەدیجە” بەوردی ڕووداوەكەی بۆ گێڕایەوە، وەرەقەش وتی: قدوس، قدوس، سوێند بەو خوایەی گیانی منی بەدەستە، ئەمەی تۆ دەیڵێیت ئەی خەدیجە، ئەمە شەرەفێكی گەورەو مەزنە كەوا لەكتێبی ئینجیلدا هەواڵی دراوە بە عیسا، بە گوێرەی ئەم ڕووداوە “موحەمەد”ی  هاوسەری تۆ دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە پێی بڵێ دڵنیابێ و، كاری بۆ بكات، كاتێ خەدیجە گەڕایەوە بۆ خزمەتی هاوسەرەكەی و بەخێرایی و خۆشیەكی زۆرەوە، موژدەی پێدا كە بەڕێزی بۆتە پێغەمبەری خوا، تا بەئارامی و دڵنیاییەوە دەست پێبكات بەبانگەوازی خواپەرستی تاك و تەنها.

 ئەم خاتوونە كاتێك پێغەمبەر لەئەشكەوتەكە بوو، نان و خواردنی بۆ دەبرد، زۆرجار لەخزمەتیدا دەڕۆیشت یا زوو زوو سەردانی دەكرد، زۆرجار لەخزمەتیدا دەمایەوە تا بێتاقەتی كەم بكاتەوەو چاودێری بكا، هەروەها كاتێ موسڵمانەكان چون بۆ شیوی ئەبو تاڵیب لەخزمەت پێغەمبەردا لەژێر گوشاری قوڕەیشە بێ باوەڕەكان ئابڵوقەیان خستە سەر، خاتوو “خەدیجە”ش لەخزمەت پێغەمبەردا بوو، ئازارو دەردی سەری و مەینەتی و برسێتی هەموو ئەو شتانەی لێیان قەدەغەكرابوون چەشتی، وەك ئەوان بەر ئەو لێشاوە ناهەموارە كەوت لەگەڵا ئەو هەموو سەروەت و داراییەی هەیبوو، باشترین پشتیوان و هاوكاری هاوسەرەكەی بوو>

 لەسەرتای یەكەم ڕۆژی بانگەوازەوە پڕ لەگرفت و ئازاربوو، كە سەخترین بەرەنگاری دەكرا لەلایەن قوڕەیشەكانەوە، هەروەها یەكەم كەسبوو بەماڵ و سامان و دارایی و ژیری و داناییەوە بووە قەڵایەكی مەزن بۆ پێغەمبەرو ئاینەكەی، بەباوەڕێكی پتەو قوڵا و عەقڵێكی ژیرانەو كەسایەتیەكی سەنگین شان و شەوكەتێكی دیار، كە بەباشترین و بەهێزترین یارمەتیدەر بوو بۆ موسڵمانان تا پەرەیانسەندو زۆربوون و بانگەوازەكەیان ئاشكرابوو، پۆل پۆل ژمارەیان زیادی كردو لەجەنگەكەیاندا سەركەوتن، فتوحات زۆربوو سەركەوتنی باشیان بەدەستهێنا، پاش یارمەتی خوا، “خەدیجە خاتوون” لەهەموو ئەمانە بەشداری وپاڵپشت بوو، كەوابوو هیچ گومانێك نییە كاتێك جوبرەئیل هاتە خوارەوە بۆ خزمەتی “پێغەمبەر”، فەرمووی ئەی پێغەمبەر ئەوە “خەدیجە”یە هات بۆ خزمەتت، خواردن و خواردنەوەی بۆ هێناویت كاتێ گەیشت سڵاوی لێبكە لەلایەن خوای میهرەبانەوە و، لەلایەن منیشەوە موژدەی پێبدە بەماڵێك لەبەهەشت لە لؤلؤ و مەرجان دروستكراو، نەهەراو نەقیژەو نە ماندووبوون و بێزاربوونی تێدا نییە (متفق علیە).

بەهۆی ئەم كارو كردەوانەیەوە جێگای سەرسوڕمان نییە كە ئەم خاتوونە چەندە خۆی بەختكردووە لەپێناو ئاینی ئیسلام و پێغەمبەردا. خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی پێغەمبەر (د.خ) بەرامبەری بەڕاددەیەك بوو، دەیفەرموو من “خەدیجە”م خۆشدەوێت و خۆشەویستان و هاوەڵانیشی بەهەمانشێوە (الدولابی)لە (إبن الحجر فی الاصابە)، بەڕاستی نموونەی هاوسەری بەوەفاو بە ئەمەك و خێرومەندو دایكێكی دڵسۆزو میهرەبان و موسڵمانێكی ڕاستگۆ بوو.

 ئەم خاتونە لەمانگی ڕەمەزانی پێش كۆچ بەسێ ساڵ كۆچی دواییكرد، لەو ساڵەی كە مامی پێغەمبەر “ئەبو تاڵیب” كۆچی كرد، ئەو ساڵە ناونرا بەساڵی غەمناكی و دڵتەنگی بۆ پێغەمبەر، چونكە هەردوكیان پاڵپشت و یاریدەدەرو كۆمەككاری بوون. ئەم خاتوونە لە “حەجوون” سپاردەی خاككرا، كاتێ گۆڕەكەی تەواو بوو پێغەمبەر چووە ناو گۆڕەكەی كاتێ دایان هێڵایە ناو گۆڕەكەی نوێژی لەسەر نەكرا، چونكە هێشتا نوێژ نەئەكرا لەسەر جەنازەی مردوو.

Check Also

پێویسته‌ خێزان لانه‌ى ئارامى بێت

هه‌ڵاڵه‌ محمد ئه‌ڵماس خێزان به‌به‌ردى بناغه‌ى كۆمه‌لگه‌و دروستكردنى شارستانیه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى كۆمه‌ڵه‌گه‌كان له‌دێر …

2 کۆمێنت

  1. Incredible points. Great arguments. Keep up the good work.

  2. One of the leading academic and scientific-research centers of the Belarus. There are 12 Faculties at the University, 2 scientific and research institutes. Higher education in 35 specialities of the 1st degree of education and 22 specialities.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *