سێشەممە , تشرینی دووەم 24 2026

لە جارنامەی مافەکانەوە بۆ ژینگەیەکی سروشتیی گەشەکردن

معصومە محمود
​دەرچوونی جاڕنامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی منداڵان لە مێژووی هاوچەرخدا گۆڕانکارییەکی قووڵ بوو لە چۆنیەتیی تێگەیشتنی مرۆڤ لە قۆناغە هەستیارەکانی گەشەکردندا !!
ئەم بەڵگەنامانە لەو تێگەیشتنە زانستییەوە سەرچاوەیان گرت کە دەریخستووە نەرمیی مێشک و دروستبوونی پەیوەندییەکانی نێوان خانە دەمارەکان لە منداڵدا هەروەها داڕشتنی هەست و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی بە جۆری ئەو ئەزموونانەوە بەستراوە، کە منداڵ لە ژینگەی دەوروبەریدا پێیدا تێدەپەڕێت بەم پێیە مافی منداڵان تەنها چوارچێوەیەکی یاسایی یان کۆمەڵێک ئامۆژگاریی گشتی نین! بەڵکو ڕێگایەکی زانستین بۆ پاراستنی هاوسەنگیی جەستەیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی، منداڵ لەو کاتەدا کە کەسایەتییەکەی لە قۆناغی دروستبوون و جێگیربووندایە
​پەیامی قووڵی ئەم مافانە لەوەدایە کە منداڵ لە کەسێکی گوێگر و بێدەنگەوە دەگوازێتەوە بۆ کەسێکی چالاک و خاوەن بڕیار و هەڵوێست، لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و فێربووندا زانستی پەروەردەی نوێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کپکردنی دەنگی منداڵ یان مامەڵەکردن لەگەڵیدا بە مەبەستی دروستکردنی کەسێکی گوێڕایەڵی بێ پرسیار کردن، نەوەک هەر ڕێگری لە داهێنان دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕێگریی دەروونی لەبەردەم گەشەی سەربەخۆ و، توانای بیرکردنەوەی منداڵ لە شێوازی بیرکردنەوەی خۆیدا کاتێک مافەکان باس لە پاراستن فێربوونی ڕەخنەگرانە یاری و بەشداری دەکەن لە ناوەرۆکدا داوای دروستکردنی ژینگەیەک دەکەن کە تێیدا ئاسایشی دەروونی ببێتە وزەی بزوێنەر بۆ گەشەی هزری و مەعریفی، نەوەک ترس و ملکەچی.
​جێبەجێکردنی ئەم مافانە لە ناوەندی خوێندندا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە لە شێوازی مامەڵە و پلاندانانی پەروەردەییدا، نەک بە تەنها ڕێکخستنی چالاکیی ڕووکەش لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، مامۆستایەکی پێشەنگ کاتێک مافی منداڵ جێبەجێ دەکات کە پۆل لە شوێنێکی تاکڕەوانەی گواستنەوەی زانیارییەوە بگۆڕێت بۆ کایەیەکی گفتوگۆی هاوبەش، کە تێیدا هەڵەکردن وەک بەشێکی سروشتیی ڕێگای فێربوون سەیر بکرێت نەک وەک کەموکورتیی کەسایەتی، هەروەها جیاوازییەکانی گەشەی مێشک و تێگەیشتن لە نێوان قوتابیاندا پێویستی بە شێوازی جیاوازی فێرکردن و هەڵسەنگاندنی بەردەوام هەیە، تا هیچ منداڵێک لەژێر فشاری بەراوردکردنی یەکساندا کەرامەت و متمانەی بە خۆی لەدەست نەدات.
لە پاڵ شێوازی فێرکردندا مافی یاریکردن و جووڵە لە قوتابخانەدا لە ڕوانگەی زانستی مێشکەوە کات بە فیڕۆدان نییە، بەڵکو ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ گەشەی زمان، توانای چارەسەرکردنی کێشە و ڕێکخستنی هەستەکانی منداڵ. هەروەها ژینگەی فیزیکی و هەستیی ناو پۆل کاتێک بە شێوەیەکی ئارام و هاندەر ڕێکدەخرێت، دەکاتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێرکاری. سروشتیی منداڵ دەبووژێنێتەوە و وا دەکات فێربوون لە پرۆسەیەکی وشکەوە ببێتە ئەزموونێکی زیندوو و چێژبەخش بۆی.
​مافی منداڵ لە دەرگای قوتابخانەدا ناوەستێت و پێویستی بە پردێکی هەماهەنگیی زانستی هەیە لە نێوان مامۆستا و خێزاندا تا منداڵ تووشی دووفاقیی پەروەردەیی نەبێت و، ئەو ڕێز و ئاسایشەی لە پۆلدا هەستی پێ دەکات لە ژیانی ناو ماڵیشدا بەردەوام بێت کاتێک خێزان و قوتابخانە لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە قۆناغەکانی گەشە هاوکار دەبن منداڵ لە ژینگەیەکی یەکگرتوو و سەقامگیردا گەشە دەکات کە تێیدا هەست بە بەها و متمانە دەکات.
​لە ئاستێکی قووڵتردا جێبەجێکردنی مافی منداڵ بە مانای ڕێکخستنەوەی هاوسەنگیی دەسەڵات دێت لە پەیوەندیی نێوان گەورە و منداڵدا، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتی مامۆستا و پەروەردە لە ئامرازی کۆنترۆڵکردنەوە، ببێتە ئامرازی ڕێنمایی و بەهێزکردن کاتێک منداڵ لە بڕیارە پەیوەندیدارەکانی خوێندن و ژیانی ناو پۆلدا بەشدار دەکرێت و مافی ڕەتکردنەوە یان پرسیارکردنی پارێزراو دەبێت، لە ڕاستیدا ڕاهێنان لەسەر کلتووری دیموکراسی و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی دەکات پێش ئەوەی ببێتە کەسێکی پێگەیشتوو.
​پاراستن و جێبەجێکردنی مافی منداڵ ئەرکێکی زیادە نییە لەسەر شانی مامۆستا، بەڵکو جەوهەری ڕاستەقینەی پیشەی مامۆستایەتییە، بەم شێوەیە ڕێزگرتن لە مافی منداڵ لە پۆلدا دەبێتە بناغەیەکی زانستی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و، خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و دوور لە توندوتیژیی شاراوە و ئاشکرا.

Check Also

ڕۆڵی حەکیمانەی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا

ئا: مریەم ئیبراهیم گەڵاڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو ستونی سەرەکییە …