چوارشەممە , تشرینی دووەم 18 2026

ژیانی مۆدێرن

ن/ شیروان شەمێرانی

و:ئایندەسازی
پەروەردەکاران و کۆمەڵناسان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مۆدێلی پلاندانانی شارەکانی مۆدێرن کە لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و، شوقەی چڕ دانیشتوو بە قەبارەی جیاواز دامەزراوە، سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی گۆڕیوە و بووەتە هۆی دابڕانی بەرچاو لەنێو ئەو خێزانانەی کە لەم شوێنانەدا دەژین.
دوابەدوای شۆڕشی پیشەسازی و هەژموونی شارستانیەتی ڕۆژئاوا بەسەر جیهاندا، تیۆری ڕۆژئاوایی هاتە ئاراوە کە لەسەر بنەمای تاکگەرایی و ماتریالیزم، دروستکردنی پەیوەندی لەسەر بەرژەوەندی و گومان و بەدواداچوون بۆ سەرکەوتن بە ملکەچکردنی ئەوانی دیکە، یان لیبرالیزم لە ڕەفتار و کارلێکی کۆمەڵایەتیدا. ئەمەش گۆشەگیری تاکەکەسی بۆ دابڕانی خێزانەکان لەسەر ئاستی کەسیی زیاد کرد.
لە کاتی گەڕان بەدوای چارەسەرێک بۆ ئەم کەموکوڕییە قووڵەدا، شۆڕشی تەکنەلۆژی ڕوویدا. بە هاتنی ئامێرە زیرەکەکان و تابلێتەکان و سۆشیال میدیا کە بەربەستەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی بەهێزتر کرد، بووە هۆی دابەزینی کارلێکی فیزیکی ڕاستەوخۆ. ئەمە ئەو سەردەمەیە کە ئێستا تێیدا دەژین: یەکگرتنی گۆشەگیری نیشتەجێبوون، تاکگەرایی و پلاتفۆرمە پەیوەندییە مۆدێرنەکان.

  • لە ئەنجامدا ئەوە هاتە ئاراوە کە( تریستان هاریس)، هاوبەشی دامەزرێنەری سەنتەری تەکنەلۆژیای مرۆیی، لە وتارێکی لۆس ئەنجلۆس تایمزدا لە مانگی ئایاری ٢٠١٩دا باسی کردووە: ” داخورانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ”، کە بەشێکی لە تەکنەلۆژیای مۆبایل و سۆشیال میدیاوە سەرچاوە دەگرێت.
    ئەم وەرچەرخانە دوو لایەنەیە: کاریگەری لەسەر هەردوو پەیوەندی ڕاستەوخۆ و جەستەیی و ڕەهەندی ڕۆحی پەیوەندیکردن هەیە، لە ئەنجامدا هەست و ڕۆحی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی لەدەست دەدات.
    ڕۆلاند فرایر، مامۆستای ئابووری زانکۆی هارڤارد لە تەمموزی ٢٠٢٦ لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا ئەو پرسیارەی وروژاند: بۆچی “هەستکرن بە تەنیایی” لە هەڵکشاندایە؟ پاشان وەڵامی پرسیارەکەی خۆی دایەوە و وتی: بەشێکی لەبەرئەوەیە کە ژیانمان کەمتر کارلێکەر و کەمتر چالاک کردووە.
    زۆرینەی ڕەهای، پێداویستییە ڕۆژانەکانمان لە ڕێگەی داواکاری ئۆنلاینەوە دابین دەکرێن، بەبێ پەیوەندی ڕاستەوخۆ. بەو پێیەی سروشتی مرۆڤ، وەک ئەوەی خودا دروستی کردووە، تەنیا بە تەواوی توانای خۆی دەگات و سیفەتە مرۆییەکانی لە ڕێگەی کارلێک و کۆبوونەوەکانەوە بەدی دێت، تەنیایی و گۆشەگیری نائاسایین کە لەگەڵ سروشتیدا ناگونجێت. بە گوتەی ڕۆلاند تەنیایی بووەتە یەکێک لە کێشە سەیرەکانی ژیانی مۆدێرن.
    لە ساڵی ٢٠٢٣ پزیشکێکی گشتی نەشتەرگەری ئەمریکی، تەنیایی و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی وەک کێشەیەکی تەندروستی گشتی وەسف کرد.
    نزیکەی نیوەی گەورەساڵانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە کە هەست بە تەنیایی دەکەن.
    ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دابڕانی کۆمەڵایەتی وەک تەحەددایەکی تەندروستی جیهانی وەسف دەکات، کە نزیکەی یەک لە شەش کەس لە جیهاندا کاریگەری لەسەر دروست دەبێت.
    لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، تەنیایی خۆڕاپۆرتی گەنجان لە ماوەی چوار یان پێنج دەیەی ڕابردوودا زیادی کردووە؛ گەنجان زیاتر لە تەمەنی مامناوەند، یان گەورەساڵان هەست بە تەنیایی دەکەن.
    +لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە
  • لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ژیان جیاوازە. ئەم شێوازە ژیانە مۆدێرنە لەگەڵ سروشتی ئیسلامیدا ناگونجێت. کۆمەڵگە سیمایەکی دیاریکراوی هەیە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ژیان مۆدێرن بێت یان پراکتیزەکانی نەریتی، چونکە ئەو بناغە کۆمەڵایەتیانەی کە ئیسلام دایمەزراندووە، لە کاریگەری گۆڕانی شێوازی ژیان پارێزراون.
    زۆرێک لەو بناغانە پەیوەستن بە عیبادەتە فەرزەکانەوە، لە کاتێکدا ئەوەی دەمێنێتەوە پراکتیزەیەکی ئایینی پێکدەهێنێت کە لە ڕێگەیەوە موسڵمانان لە خودا نزیک دەبنەوە.
    چوارچێوەی ئیسلامی، موسڵمانان دەپارێزێت لە گۆڕانکارییەکانی دید و تێڕوانینەکانی مرۆڤ، کە لە ڕەهەندی ئایینی جیابوونەتەوە. باس لە کێشەکانی گۆشەگیریی و ساردیی لە پەیوەندییەکانی مرۆڤدا دەکات، لەوانە:
    ١. نوێژی جەماعەت لە مزگەوت: ئەمەش لە شەو و ڕۆژێکدا پێنج جار ڕوودەدات، دەرفەتێک بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت کە لەگەڵ کەسانی دیکەی کۆمەڵگەکەیان کۆببنەوە و لە باشبوونی یەکتر بپرسن و پشکنینی ئەو کەسانە بکەن کە ئامادەنەبوون.
    ٢. نوێژی هەینی: بۆ ئەو کەسانەی کە کاتیان نییە، یان ئیمانیان ئەوەندە بەهێز نییە کە پاڵنەریان بۆ بێت بۆ ئەوەی بچنە مزگەوت بۆ نوێژی جەماعەت، یان بە سادەیی زۆر تەمبەڵی دەکەن، نوێژی نیوەڕۆی هەینی هەیە، کە دەرفەتێکی حەتمییە بۆ بەشداریکردن لە نوێژی جەماعەتی گەورە و چاوپێکەوتنی خەڵکی ناوچەکە و ئەودیو.
    ٣. پاراستنی پەیوەندی خزمایەتی: ئەمەش پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک، خوشک و برا، ئامۆزا (باوک و دایکی)، خەزوور و خزمەکانی دیکە دەگرێتەوە.
    ٤. سەردانی نەخۆش: ئەمەش بریتییە لە دوعاکردن بۆ چاکبوونەوەیان، کارێکە کە ئایینەکەمان هانی دەدات.
    ٥. مافی دراوسێ و هاوڕێ: پێغەمبەر محمد (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: (جبریل بەردەوام هانی دەدام مامەڵەی باش لەگەڵ دراوسێکەم بکەم تا پێم وابوو دەیکاتە میراتگر).
    ٦. تەوقەکردن: ئەمە ڕەفتارێکە کە لە فێرکارییە ئیسلامییەکاندا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەو پێیەی بەرکەوتنی جەستەیی ڕاستەوخۆی تێدایە، نەک تەنها سڵاوی ڕووبەڕوو.
    ٧. زەردەخەنە و ڕووخۆشیی: سەیرکردنی ڕاستەوخۆی ڕوخساری کەسێک، و زەردەخەنەیەکی دڵسۆزانە، جۆرێکە لە خێرخوازی کە فریشتەکان تۆماری دەکەن و لەلایەن خوداوە پارێزراون بۆ پاداشتی ئەو کەسەی لە ڕۆژی قیامەتدا پێشکەشی دەکات.
    ٨. قبوڵکردنی بانگهێشتنامە: سەردانی ماڵ و هاوبەشی خوان، دابونەریتی کۆمەڵایەتی زۆر کاریگەرن کە پردی خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان بەهێزدەکەن. جێهێشتنی ماڵ و چاوپێکەوتنی کەسانی تر مەرج نییە بۆ کار یان قازانجی دارایی بێت، بەڵکو بۆ سوودی ڕۆحی و دروستکردنی هاوڕێیەتی و بەهێزکردنی هاوڕێیەتییە لە ڕێگەی سەردانەوە. دووبارەبوونەوەی سەردانەکان زۆر گرنگە.
    لێرەدا، تیشک دەخەینەسەر دوو نموونەی سەردان و قبوڵکردنی بانگهێشتنامە:

یەکەم: لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە پەیوەندی مرۆڤەکان تەنها لە موسڵماناندا سنوردار نییە، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤەکان درێژدەبێتەوە، بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوە، بەمەرجێک مەرجە ئەخلاقییە گشتیەکان جێبەجێ بکرێت. هەر لەبەر ئەمەشە خودا ڕێگەی بە خواردنی ئەهلی کیتاب دا و ڕێگەی دا موسڵمانان بانگهێشتیان بکەن بۆ ناو ماڵەکانیان و ژەمەکانیان لەگەڵدا دابەش بکەن.
دووەم: عەقیقە، یان ئەو قوربانییەی کە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی منداڵی تازە لەدایک بوو، بریتییە لە سەربڕینی ئاژەڵێک و بانگهێشتکردنی خزم و هاوڕێیان بۆ کۆبوونەوە و بەشداری لە خۆشیەکانیان و ڕێزگرتن لە منداڵەکە بە ژەمێک. ئەمە بۆنەیەکی دەگمەنە، هەرچەندە کاریگەرییەکەی قووڵە.
ئیسلام لە ڕێگای ئەم پراکتیزانەوە مامەڵە لەگەڵ تەنیایی و گۆشەگیری دەکات. ئەم پراکتیزانە خۆڕاگرن بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ژیان، هەرچەندە توند و تیژ بن، بەڵام بوونیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بوژانەوەی بیرکردنەوە و ڕۆحانییەتی ئایینی و کەمکردنەوەی ئەو کاتەی کە لەبەردەم ئامێرە زیرەکەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵیەکانیاندا بەسەر دەبەن، کە عەقڵ دەدزن و ڕۆح قەتیس دەکەن و دەیخەنە گۆشەکانی ماڵ و ئۆفیس. ئەمەش لە پێناو گەرمتربوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، و کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و ئاسودەتر.

​.

Check Also

یاساکانی خێزان لە قورئاندا(٢) (یاسای هاوسەرگیری)

و:ئایندەسازی بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ بگەیەنێت، خولی ژیانی خۆی تەواو بکات و …