شەممە , تشرینی یەکەم 10 2026

ئازارە نەبینراوەکان (2) ژیان و هیوا پێکەوە گرێ دەدەین

(ئەزمونی هیوای توشبوویەکی شێرپەنجە)
نەشمیل عەلی
ژیان پڕیەتی لەئەزمون و تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر، بەڵام سەختی ڕێگەکە ئەوەیە کە نازانیت لەکوێوە دێت و بەکوێ دەگەیت و لەکوێ کۆتایی دێت.
هیوام تەندروستی باشە بۆ هەمووان، من ئەزمونێکی تاڵم هەیە لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، چونکە میوانێک بوو لەکاتێکدا هات کە دڵم لەپرسەدا بوو بۆ لەدەستدانی ئازیزێکم، هیچ هەستێکی ئازارم نەبوو هیچ گومانێک لەجەستەمدا نەبوو کە بمگەیەنێتە چەقی ڕێگای هیوا، لەگەڵ بورانەوەیەک گرێیەک لەناو سنگم دەرچوو، دوای چەندین پشکنین و سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە دەرکەوت شێرپەنجەی مەمکم هەیە، سوپاس بۆ خوا هیچ ترس و نیگەرانیەک داینەگرتم کە پێم وترا، چونکە خەمی دڵ و کۆستەکەم هێندە گەورەبوو دەرفەتی ئەو بیرکردنەوەم نەبوو کە کەوتوومەتە تاقیکردنەوەی لەدەستدانی پارچەیەکی جەستەمەوە، دڵنیابووم حیکمەتی خودا زۆرگەورەیەو، بارێک ناخاتە سەر شانی بەندەکەی کە نەزانێت توانای هەڵگرتنی نییە الحمدللە والشکر، لەم کاتانەدا پشت و پەناو هاوڕێی ڕاستەقینەو دۆست و خێزان و؛ خزم و کەس، دەبنە هاوکارێکی باش سوپاس بۆ خوا من هەم نیعمەتی خێزانێکی باش، هەم براکانم کە قەڵاو پشتی من بوون بۆ ئەوەی دۆخەکەم زۆر لا ئاسان بێت، دوای پشکنین لیژنەم بۆ گیراو بڕیاردرا نەشتەرگەریم بۆ بکرێت، پاشان هەشت جەلسە دەرمانی کیمیایی و، لەکۆتاییدا بیست جەلسەی تیشکم بۆ کرا، چاوی ئازیزانم هێندە هێزیان پێ ئەیام کە نەمئەتوانی بیر لەکەوتن بکەمەوە، بەڵکو هێزی سەرکەوتن بەسەر دێوەزمەی ژیان و تەندروستیم پاڵپشتیەکەی ئەوان بوون، بۆیە هیچ کات لەبەر خاتری ئەوان ئازارەکانم پشان نادەم، وا خۆم دەردەخەم کە زۆر باشم و کەمترین سەختیم هەیە، لەکاتێکدا هەموو جەستەم وەک ئاگر تێبەربوون ئاگرم تێ بەرببوو، ئەوەی خانەوادەکەم و برازاو کەسوکار بۆیان کردم هیچکات ناتوانم قەرەبووی نیعمەتی هەبوونیان بکەمەوە، سوپاس بۆ خوا سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بە چاوی ئومێدەوە لە ئازارەکانمان دەڕوانن و، هیوای ژیانەوەیەکی ترمان بۆ زیندوو دەکەنەوە، پاڵپشتی بەهێزیمان دەکەن و لەئازارەکانمان کەم دەکەنەوەو، هەمیشە لەدەورمانن.

لەکۆتایدا دەڵیم خودایە ئەم بارە سەختە لەسەر هەمووان هەڵبگرەو، ئێمەش شیرینی چاکبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ ئازیزانماندا نۆش بکەین و هەموومان لەم دەردە بپارێزیت.

Check Also

ڕۆڵی ئافڕەت لەخێزاندا

مریەم ئیبراهیم گەڵاڵی ئافرەت لە كۆمەڵگە و خێزاندا بونەوەرێكی فرە ڕەهەندە، كاریگەریی و گرنگییەكەی ھەروەك …