و: گۆنا توفیق
خێزان خاڵی دەستپێکی سەرجەم بانگەوازەکان و لانکەی پێگەیاندنی سەرکردەکان بووە، بەڵکو یەکەم مێژووی لەدایکبوونی هەموو مرۆڤایەتییە. باسکردنی حەزرەتی ئادەم (سەلامی خوای لێ بێت) و هاوسەرەکەی لە قورئانی پیرۆزدا، تەنیا گێڕانەوەی ڕەوتی خێزانێک بوو کە خوای گەورە بۆ ئەرکێکی باڵا و مەزن هەڵیبژاردبوون، ئەویش ئاوەدانکردنەوەی زەوی بوو بە ڕێنوێنی و بەرنامەکەی خۆی. هەروەها باسکردنی خێزانی نووح و نەوەکانیشی، تەنیا ڕەنگدانەوەی ڕەگی ئەو هیدایەتە بوو کە لقوپۆپەکانی مرۆڤایەتی لەسەر ڕوا تا ئەوەی ئاسۆکانی پڕکردەوە: {ذُرِّيَّةَ مَنْ حَمَلْنَا مَعَ نُوحٍ إِنَّهُ كَانَ عَبْدًا شَكُورًا} (الإسراء: ٣)؛ (ئەی نەوەی ئەوانەی لەگەڵ نووحدا سوارمان کردن، بەڕاستی ئەو بەندەیەکی زۆر سوپاسگوزار بوو). باسکردنی بنەماڵەی ئیبراهیم و بنەماڵەی عیمران و بنەماڵەی یەعقووبیش، تەنیا باسکردنی ئەو خێزانانە بوو کە لەسەر گوێڕایەڵی و پەرستش گۆشکران، لەئەنجامدا نەوەیەکی وەهایان بەرهەمهێنا کە پەیامەکە هەڵبگرێت و ئەمانەتەکە بگەیەنێت: {وَجَعَلَهَا كَلِمَةً بَاقِيَةً فِي عَقِبِهِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ} (الزخرف: ٢٨)؛ (ئەو پەیامەی کردە پەیڤێکی بەردەوام لەنێو نەوەکانی پاش خۆیدا، بەڵکوو بگەڕێنەوە).
تەنانەت باسوخواسی سوورەتەکانی وەک (البقرة، آل عمران، النساء، الطلاق، الحجرات) و چەندینی دیکەش، تەنیا خستنەڕووی یاساکانی خێزان بووە لە قورئاندا؛ دەستنیشانکردنی نەخشەڕێگەی هیدایەت و هۆکارەکانی سەقامگیری و سەرکەوتنی بووە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا.
لەبەر ئەوە، قورئانی پیرۆز بە وردی و تێروتەسەلی، هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە خێزانی لەخۆگرتووە؛ لە هەڵبژاردن، دامەزراندن، بەڵگەدارکردن و گرێبەستەوە، تا دەگاتە پاراستن، خۆپارێزی و چاودێریکردنی.
بە پشتبەستن بە میتۆدۆلۆژیای قورئان و بە ئومێدی بەهرەمەندبوون لە بەخشینە پڕپیتەکانی، بە پشتیوانی و هێزی پەروەردگار دەست دەکەین بە نووسینی زنجیرەیەکی پیرۆز دەربارەی «یاساکانی خێزان لە قورئانی پیرۆزدا»؛ تا لەم ڕێگەیەوە پەی بەوە ببەین کە کەموکوڕی و داڕمان لە بنیاتی کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتیدا لە کوێدایە، و چۆن ئەم پەشێوییە و هاوشێوەکانی تەنیا دەرئەنجامێکی سروشتیی پێشێلکردنی یاساکانی قورئانن—ئەو یاسایانەی بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و سەرکەوتنی کۆمەڵگە داڕێژراون. هەروەها بۆ ئەوەی تێبگەین کە هیچ چارەسەرێک بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو بۆ تەواوی قەیرانەکانی مرۆڤایەتی نییە، بێجگە لە گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایانە و پابەندبوون پێیانەوە و پیادەکردنی خواست و حوکمەکانیان.
یاسای نێرینەیی و مێینەیی
یەکەمین یاسا لەو یاسایانە «یاسای نێرینەیی و مێینەیی»یە. ئەم یاسایەش، هاوشێوەی تەواوی یاساکانی دیکەی قورئان کە بەپێی میتۆدی دیاریکراومان دەیانخەینە ڕوو، لە سێ ماددە پێکدێت: ماددەیەک بۆ ڕوونکردنەوە و بەیان، ماددەیەک بۆ یاسا و ڕێساکان، و ماددەیەک بۆ پاداشت و دەرئەنجام.
ماددەی یەکەم: ڕوونکردنەوە و بەیان
ئەم ماددەیە یاسای خوایی لە ئافراندندا ڕوون دەکاتەوە؛ بە جۆرێک لە میتۆدی بەدیهێنانی گەردوون و هەرچی تێیدایە بڕیاری داوە کە لەسەر بنەمای نێرینەیی و مێینەیی (جووت) بنیات بنرێت: {وَمِن كُلِّ شَيْءٍ خَلَقْنَا زَوْجَيْنِ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ} (الذاريات: ٤٩)؛ (لە هەموو شتێک جووتمان بەدیهێناوە، بەڵکوو یادەوەری وەربگرن و بیر بکەنەوە). هەروەها پەروەردگار منەتی ئەم نیعمەتەی بەسەر مرۆڤایەتیدا داوە کە ئەگەر نەبووایە نە مرۆڤ بوونی دەبوو و نە دەمایەوە: {وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنثَى} (النجم: ٤٥)؛ (و هەر ئەویشە کە دوو جووتی نێر و مێی بەدیهێناوە).
پێشێلکردنی ئەم بنەمایە مرۆڤایەتیی بەرەو لەناوچوون بردووە؛ جینەکان شێوێنران و تێکەڵکران، مرۆڤەکان دەستکاریی بنەماکانی سروشتی پاکی مرۆڤایەتییان (فیتڕەت) کرد و تێکیاندا، دەستە و تاقمە خاوەن سروشتە شێواوەکانیش بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەبێت هەر مرۆڤێک بە تەنیا بە خودی خۆی ڕازی بێت و لە چوارچێوەی خۆپەرستیدا بژی؛ بەجۆرێک پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی تردا ببێتە پەیوەندییەکی ئاژەڵیی ڕووت، بێ هیچ بەستەرێکی شەرعی، پەیمانێکی کۆمەڵایەتی، یان بەهایەکی ئەخلاقی. بە دڵنیاییەوە دەرئەنجامی ئەمەش بێبەشکردنی مرۆڤایەتییە لە هۆکارەکانی مانەوە و پایەکانی بەردەوامی و سەرچاوەکانی ئارامیی دەروونی!
ماددەی دووەم: یاسا و ڕێساکان
ماددەی دووەم وەک ڕێسایەکی سەروەر و کۆنتڕۆڵکەر کار دەکات بۆ بنەمای هاوسەری و جووتبوون، پەروەردگار دەفەرموێت: {وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالأُنثَى} (آل عمران: ٣٦)؛ (نێر وەک مێ نییە). ئەم ماددەیە ئەوە دەچەسپێنێت کە نێرینەیی پێداویستی، پێوەر و ئەرکی تایبەت بە خۆی هەیە، مێینەییش بە هەمان شێوە پێداویستی، پێوەر و ئەرکی تایبەت بە خۆی هەیە؛ نە نێرینەیی لە خودی خۆیدا لە مێینەیی بەهادارترە، و نە مێینەییش لە خودی خۆیدا لە نێرینەیی بەهادارترە، بەڵکوو بەهاکە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەدایە، ئەویش بەو شێوازەی کە لە پێناویدا بەدیهێنراوە.
هەروەها ئەم ماددە قورئانییە پیرۆزە ڕوونی کردووەتەوە کە نێر بە هیچ جۆرێک بۆ ئەرکەکانی مێ دەست نادات، و مێینەش بە هیچ جۆرێک بۆ ئەرکەکانی نێر ناشێت. لە بنەڕەتیشدا مرۆڤایەتی لە یەک نەفس بەدیهێنراوە: {خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ ثُمَّ جَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا} (الزمر: ٦)؛ (ئێوەی لە یەک نەفس بەدیهێنا، پاشان هاوسەرەکەیشی لە هەمان نفسەوە بۆ دروست کرد).
ئەمانە تەنیا ئەو گیان و ڕۆحانەن کە خوای گەورە بەدیهێناون، پاشان لە حیکمەتی خۆیدا بڕیاری داوە بیانخاتە نێو ئەو جەستانەی کە لەگەڵ ئەو ئەرکەدا دەگونجێن کە بەپێی پێدراو و پێداویستییەکان پێیان سپێردراوە. کەواتە ڕۆحێکی خوداییە کە خوای گەورە نهێنییەکانی ئافراندن و داڕشتنی جوانی خۆی تێدا داناوە، و لەسەر ئەو سروشت و ڕەنگە نەخشاندوویەتی کە پێی بەخشیوە: {صِبْغَةَ اللّهِ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللّهِ صِبْغَةً} (البقرة: ١٣٨)؛ (ئەمە ڕەنگڕێژیی خودایە، کێ هەیە لە خودا باشتر ڕەنگڕێژی بکات؟).
خوای گەورە بە حیکمەت و تەقدیرە بێوێنەکەی، ڕۆحگەلێکی خستە نێو جەستەی نێرانەوە و ڕەنگی پیاوانەیان گرتە خۆ، ڕۆحگەلێکی دیکەشی خستە نێو جەستەی مێینەوە و بەرگی ئەو ئەرکەیان پۆشی کە بۆی ئافەریدە کرابوون، بێ ئەوەی کەس هەڵبژاردنی لەمەدا هەبووبێت، بەڵکوو تەنیا بڕیاری پەروەردگارە: {لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ يَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَن يَشَاءُ الذُّكُورَ (٤٩) أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا وَيَجْعَلُ مَن يَشَاءُ عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ} (الشورى)؛ (پاشایەتیی ئاسمانەکان و زەوی تەنیا بۆ خودایە، ئەوەی بیەوێت دەیافرێنێت، بە هەرکەسێک بیەوێت کچ دەبەخشێت و بە هەرکەسێکیش بیەوێت کوڕ دەبەخشێت، یان هەردووکیان، کوڕ و کچیان پێ دەدات، و هەرکەسێکیش بیەوێت دەیکاتە نەزۆک؛ بەڕاستی ئەو زانا و بەتوانایە). کەواتە کاتێک خوای گەورە لەسەر زمانی هاوسەری عیمران فەرمووی: {وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالأُنثَى}، مەبەست لێی جیاکردنەوەی نێر وەک چاکتر لە مێ یان بەپێچەوانەوە نەبوو، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی ئەو ئەرکە جیاوازە بوو کە بە هەر کامێکیان سپێردراوە.
پێشێلکردنی ئەم یاسایە مرۆڤایەتیی بەرەو جەنگێکی دروستکراو، کێبڕکێیەکی شێتانە و ناکۆکییەکی وەهمیی نێوان پیاوان و ژنان کێش کرد. وای لێهات ژنان دەستە و دامەزراوەیان بۆ داکۆکیکردن لێیان هەبێت، و پیاوانیش سوپا و پلاتفۆرمی تایبەت بە داواکردنی مافەکانیان دروست بکەن! لەم نێوەندەشدا فەلسەفە فێمینیستییە شێواوەکان سەریان هەڵدا—ئەوانەی کە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان ون کردووە—و داوا لە ژنانی جیهان دەکەن کە پەیوەست بن پێیانەوە و ناسنامەی خۆیان دابماڵن؛ تا ژن ببێتە بوونەوەرێکی شێواوی بێ سیما، لە سەرگەردانییەکی بێ ئارامیدا بژی، ببێتە جەستەیەکی بێ ڕۆح، و بوونێکی بێهوودەی بێ حیکمەت.
پیاوانیش بە هەمان شێوە، سیمای پیاوانەی دەروونییان، پتەویی ئیرادەی عەقڵییان و سەنگینیی بیرکردنەوەیان لێ زەوت کرا؛ بەمەش شیاوێتیی سەرکردایەتیکردن و بنەماکانی سەرپەرشتیارییان (قەوامە) لەدەست دا، و بوونە تەنێکی بێناسنامە، لاوازییەکی بێئارامی، و دۆخێکی شلی بێپتەوی!
ماددەی سێیەم: پاداشت و دەرئەنجام
ماددەی سێیەم باس لەو سزایە خوداییە دەکات کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەبارێت وەک باجی پێشێلکردنی یاساکانی پەروەردگار و پشتگوێخستنی ڕێنوێنییە پیرۆزەکانی: {فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ} (المؤمنون: ٧)؛ (جا هەر کەسێک لەوە زیاتری بوێت، ئەوانە هەر لە سنوور دەرچووانن).
هەر کەسێک لە پیادەکردنی یاسای نێرینەیی و مێینەیی و پابەندبوون بە پێداویستییەکانی و ڕەنگگرتن بە ڕەوشتەکەی پاشەکشە بکات، ئەوا بووەتە دوژمنی خوای گەورە و دوژمنی پێغەمبەران و کتێبە ئاسمانییەکان و دۆستانی خودا.
ئەمەیە کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان بە ڕوونی دەبینین؛ هەموومان دەبینین چۆن بانگخوازانی بەڕەڵایی و بێبەندوباری—ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاست لایانداوە، فیتڕەتی پاکیان شێواندووە و هەوڵی پیسکردنی ئەو ڕەنگڕێژییە خوداییەیان داوە کە خەڵکی لەسەر بەدیهێنراوە—بوونەتە دوژمنی سەرسەختی هەموو ئایینێک و هەموو بەهایەک. ئەوەی لە یارییە ئۆڵۆمپییەکانی فەرەنساشدا ڕووی دا دابڕاو نییە لەم شێواندنە؛ کاتێک لە بۆنەیەکی نێودەوڵەتیی جیهانیدا، تاقمی خراپەکاران و بەدڕەوشتان پیلانیان گێڕا بۆ پێشاندانی وێنەیەکی خەیاڵیی ناو مێشکە نەخۆشەکانیان بۆ مەسیح (سەلامی خوای لێ بێت) و حەوارییە بەڕێزەکانی، لە شێوازێکی ئاژەڵیی سێکسیی نائاساییدا! ئەمەش بەڵگەیەکی تەواوە لەسەر ئەو داڕمانە فکرییە قووڵەی کە پێوەی دەناڵێنن و ئەو کینە ئەستوورەی بۆ ئایین و بەها پیرۆزەکان هەیانە.
ئەم دوژمنایەتییە، دوژمنایەتیی خوای پەروەردگاری بۆ هێنانە کایەوە؛ لە هیدایەتی خۆی بێبەشی کردن، لە ڕێگەی ڕاست دووری خستنەوە، گوێچکەکانیانی لە بیستنی حەق کەڕ کرد، و چاوەکانیانی کوێر کرد: {أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَهَهُ هَوَاهُ وَأَضَلَّهُ اللَّهُ عَلَى عِلْمٍ وَخَتَمَ عَلَى سَمْعِهِ وَقَلْبِهِ وَجَعَلَ عَلَى بَصَرِهِ غِشَاوَةً فَمَن يَهْدِيهِ مِن بَعْدِ اللَّهِ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ} (الجاثية: ٢٣)؛ (ئایا بینیت ئەو کەسەی کە ئارەزووی خۆی کردووەتە خوای خۆی؟ و خوداش لەسەر بنەمای زانست گومڕای کردووە و مۆری داوە بەسەر گوێ و دڵیدا و پەردەی خستووەتە سەر چاوی؟ ئیتر کێ هەیە لە دوای خودا ڕێنوێنیی بکات؟ ئایا بیر ناکەنەوە؟).
ئەمە ئەو سزا خوداییەیە کە قورئان دەستنیشانی کردووە؛ ئەمە دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی و بەهاکانیدا کە ئەوانی بەرەو لەناوچوون بردووە. کاتێک مرۆڤ بە دوای بەهای خۆیدا دەگەڕێت بە دابڕاوی لە پێکهاتە بنەڕەتییەکەی و لەو فیتڕەتەی کە خودا لەسەری دروستی کردووە، هیچ شتێک جگە لە بەدبەختی و نەهامەتی نادروێتەوە: {وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى} (طه: ١٢٤)؛ (هەر کەسێک لە یادی من ڕوو وەربگێڕێت، بەڕاستی ژیانێکی تەنگ و پڕ لە ناڕەحەتی بۆ دەبێت، و لە ڕۆژی قیامەتیشدا بە کوێری حەشری دەکەین).
ئەو مرۆڤە هەر لە دۆڵەکانی وەهم و سەرگەردانیدا نوقم دەبێت تا دەگاتە ئەوەی ناسنامەی خۆی ون دەکات، ئەوکات بەدوای خودی خۆیدا دەگەڕێت و نایدۆزێتەوە؛ لەو کاتەشدا لەوانەیە هیچ دەرفەتێک لەبەردەم ژیانیدا نەبینێت جگە لە خۆکوشتن، چونکە لە بنەڕەتدا بوونی نەماوە! هەر کەسێک خودی خۆی لەدەست بدات ژیانیشی لەدەست داوە، و لە ڕاستیدا ئەو کەسە پێش ئەوەی دەست بۆ ماددەیەک یان ئامرازێک ببات بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی، لەو ڕۆژەوە خۆی کوشتووە کە هەوڵی دا لە چوارچێوەی ئەو ئەرکە دەربچێت کە خودا بۆی بەدیهێناوە و بە باشترین شێوە ڕەنگی پێداوە، بەڵام ئەو یاخی بوو و کەوتە گەڕان بەملاولادا بە دوای ناسنامەیەکی تردا!
یاساکانی قورئان جووڵەی ژیانی مرۆڤایەتی ڕێکدەخەن، و پێویستە لەسەر موسڵمانان بە چنگ و بە ددان دەستی پێوە بگرن؛ وەک میتۆدی پەروەردەیی پیادەی بکەن، وەک ناوەڕۆکی بانگەوازی و ئامرازی هۆشیارکردنەوە و خەسڵەتی ئەخلاقی بڵاوی بکەنەوە، و وەک کەرەستەیەکی ڕزگارکەر بۆ مرۆڤایەتی بەرزی بکەنەوە؛ تاوەکو لە زەلکاوی سەرگەردانی دەریبهێنن، بە بەرگی داوێنپاکی خاوێنی بکەنەوە، و ئەو فیتڕەتەی بۆ بپارێزن کە خەڵکی لەسەر بەدیهێنراوە.