شەممە , حوزه‌یران 20 2026

یەکەمین عەشق

د.کوردستان ئامێدی
هێشتا ئەو ئێوارەیەم لە یادە، کاتێک داپیرەم لە بازاڕ گەڕایەوە و لە ژێر عەباکەیدا کیسەیەکی شاردبووەوە؛ ماندوو دیار بوو، چونکە بە پێ چوو بوو هاتبوەوە، ڕێگای ماڵمان بۆ بازاڕیش مەودایەکی کەم نەبوو. هەرچەندە تەمەنی لە شەست ساڵ تێپەڕیبوو، بەڵام ئەو چونكه‌ له‌ناو شاخ و چیادا گه‌وره‌بوو بوو، ماندووبوونی نه‌ده‌زانى، منیش خەریکی ئاودانی باخچەکە بووم؛ ئاوى گوڵەکانی مێخه‌ك و ميناو مەخمەلی و ياسه‌مينم ده‌دا، کە لە لوتکەی گەشاوەیی و پشکوتنیاندا بوون و، هۆش و ئۆقرەیان بە بۆنە دڵڕفێنەکەیان دەبرد، بە جۆرێک فەرمانەکانی دایکمم لەبیر چوبوه‌وه‌ کە زۆر ئاویان نەدەم بۆ ئەوەی تا ئێوارە سەوزاییەکە وشک بێتەوە؛ چونکە ئێواران دۆشەک و ڕاخەری تایبەتمان لێ ڕادەخست، كه‌دایکم بۆ ئەم مەبەستە ئامادەی کردبوون، لەوێ نانى شێوانمان دەخوارد و سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد، تا کاتی خەوتن دەمەقەتێ و شەونشینیمان دەکرد.
پاش کەمێک لە ڕۆيشتنى بۆ ژوورەکەی دواوە، داپيره‌م بانگی کردم. داوام لێ کرد کەمێک چاوەڕێم بکات؛ بەلۆعەی ئاوەکەم گرتەوە و سۆندەکەم گەڕاندەوە شوێنی خۆی، دەستەکانم بە کراسەکەمدا هێنا بۆ ئەوەی زوو وشک ببنەوە و بە پەلە بەرەو ڕووی ڕامکرد، چونکە دەمزانی وەک هەمیشە شتێکی بۆ هێناومەتەوە و منیش خۆشەویستترین و ئازیزترینی لای ئەو بووم. کاتێک چوومە ژوورەوە، ئەو دانیشتبوو، ئارامی و لێبوردەییەکی سەرسوڕهێنەری پێوە دیار بوو، داوای لێ کردم دابنیشم، منیش لە بەرامبەری دانیشتم، لە ناو ئەو کیسەیەدا بەرگێکی قورئانی پیرۆزی دەرهێنا، لە کاتێکدا فرمێسک لە چاوە کزەکانیدا قەتیس مابوون، پێی گوتم:

  • بگرە کچۆڵەکەم، ئەمە دیاریی تۆیە؛ هاوڕێیەکی باش بە بۆی، بەردەوام بە لە خوێندنەوەی، کۆشش بکە بۆ لەبەرکردنی، پێداگربە لەسەر کارکردن پێی.
    دیارییەکەی پێشکەش کردم. کاتێک ئەم دیارییە ناوازەیەم گرت و لاپەڕە زەردەکانیم هەڵدایەوە، هەستێکی تێکەڵاو لە شەرم و شکۆمەندی و شادی باڵی بەسەردا کێشام. لە جوانیی خەت و ئه‌و نەخش و وێنانەی کە لە هەموو لایەکەوە دەوری لاپەڕەکانیان دابوو، سەرم سوڕمابوو. بۆنێکی تایبەت و بێ وێنەی لێ دەهات کە پێشتر لە هيچ گوڵ و عه‌ترێكدا بۆنم نه‌كردبوو، بەرگی چەرمەکەی نەرم و له‌هه‌مان كاتدا پتەو بوو، کەرامەت و نەرمونیانی پێکەوە دەبەخشی، هەستم کرد کەوتوومەتە داوی عەشقی قورئانەوە و ئەمە تاقە شتێکە کە دەمەوێت لە ژیاندا و لە دوای مردنیش هاوڕێم بێت، پێشتر چەند بەرگێکی قورئانم لە ماڵی مامۆستاکەم (گوڵی) بینیبوو، بەڵام ئەمە جوانترین بەرگ بوو کە چاوم پێی کەوتبێت. ئەو بەشەم خوێندەوە کە لە لای مامۆستاکەم تەواوم کردبوو، پەنجە بچووکەکەشم بە تامەزرۆییەوە لە ژێر هەر وشە و پیت و ئایەتێکدا دەجووڵاند، داپیرەشم بە دڵێکی کڕنۆشبەر و ئارامەوە گوێی گرتبوو و جاروبار فرمێسکی دەڕشت. پاش تەواوبوونم لە خوێندنەوەکە، سەیرم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی بکەم؛ بينيم له‌وپه‌ڕى دڵخۆشيدا بوو، بە نیگایەکی پڕ لە ڕەزامەندییەوە سەیری دەکردم، بەڵکو بەو هیوایەی ئەمە گەورەترین دەستکەوت بێت کە لە ژیانیدا پێی هەستابێت.
    ئەو شەوە خەوم لێنەده‌کەوت؛ جارێک سه‌يرى ئەو دیوارەم ده‌كرد ئه‌و جانتايه‌ی پێدا هه‌ڵواسرابوو كه‌ قورئانه‌ جوانەکەی منی تێدابوو، جارێکی تریش سه‌يرى ڕوخسارى داپیرەمم ده‌كرد کە لە تەنیشتمدا خەوتبوو؛ سەرنجم لەو هێڵانە دەدا کە ساڵان و ئازارەکان لەسەر ڕوخسار و دەستەکانی کێشابوویان، قسەکانییم دەهاتەوە یاد کاتێک ڕۆژێک پێی گوتم: “خۆزگه‌ قورئان فێرببوومايه‌”. ئیتر پەیمانم لەگەڵ خۆمدا بەست کە بەردەوام بم و كۆشش بكه‌م بۆ فێربوونى قورئان، ئه‌و قورئانه‌ى داپیرەم به‌ديارى بۆى هێنام بە هيچ قورئانێكى ترى نەگۆڕمەوە بۆ ئەوەی پاداشتی خوێندنەوەکەی پێ بگات، هەر واش بوو.
    ڕەنگە من ماڵ و مڵک و عەقاراتم بە میرات نەبردبێت، بەڵام ئەو قورئانەی داپیرەم پێی بەخشیم، بە گەورەترین میراتی دەزانم؛ چونکە ئەم قورئانە هێشتاش هەر ئەو ڕووناکییەیە کە ژیانم ڕۆشن دەکاتەوە، ڕێگام ڕووناک دەکاتەوە، ئارامی و ئۆقرەیی دەروونی و متمانە و پشت به‌ستن به‌ خوای گەورەم پێدەبەخشێت. بە کورتی سەرچاوەی بەختەوەریی منە، چونکە نەک هەر تەنیا لەگەڵ ڕۆحم، بەڵکو لەگەڵ عەقڵ و نەفەس و ویژدانیشمدا دەدوێت. ئەو پەرتووکێکە بەڵام وەک هیچ پەرتووکێکی تر نییە؛ چونکە كۆكه‌ره‌وه‌ى نێوان ئەوەی کە دونیامانی پێ ڕاست و چەسپاو دەبێت لە زانست، فەلسەفە، ئەخلاق و شەریعەت و ئەوەی کە دواڕۆژمانی پێ چاک دەبێت لە ئیمان، باوەڕ، تەقوای خوای گەورە و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەو. دەتوانم وەک پەرتووکێکی پڕ لە ڕاز و نهێنی وەسفی بکەم، و ئەوەی ناوازەتریشە ئەوەیە کە ڕاز و نهێنییەکانی بۆ خاوەنەکەی بەپێی ڕادەی پەیوەستبوون، هاوڕێیەتی و ڕاستگۆیی لەگەڵیدا، ئاشکرا دەکات.
    ڕۆژگار و ڕووداوەکان و بەڵاکانی سەردەم بەرەو ئاقارێکی تریان بردین؛ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەویمان بڕی. لە ساڵی 1991 بەهۆی ئەو ڕووداوە سیاسییانەوە بەرەو سنوورەکانی عێراق و تورکیا کۆچمان کرد، و هەزاران کیلۆمەترمان بە پێ لە شەو و ڕۆژادا بڕی. قورئانەکەی داپیرەم تاقە شت بوو کە لە کەلوپەلەکانم لەگەڵ خۆمدا بردم؛ باش لە یادمە چەندە ئارامیم بەسەردا دەباری لە کاتی خوێندنەوەیدا و، له‌ کاتێک لەو بارودۆخە سەختەدا لەبەردەم خێمەکەدا دادەنیشتم.
    لەگەڵ هاوسەرەکەمدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات ئاوارە بووین، ئەو غەریبییە بۆ من زۆر سەخت و تاڵ بوو، وەک تاڵیی مردن وابوو. بێگومان قورئانەکەی داپیرەمم لەگەڵ خۆمدا بردبوو، بەڵام ماوەیەک لێی دابڕام و پشتگوێم خست. شەوێک لە خەومدا بینیم، وەک بڵێی لۆمەم دەکات؛ ئەو کاتە زانیم کە ئەم پێوەندیی عەشقە لە نێوانماندا دوولایەنەیە، بۆیە زۆر گریام و سەرلەنوێ بەردەوام بوومەوە لەسەر خوێندنەوەی، تا ئەو کاتەی ئەو تەمومژ و خەمۆکییە لەسەرم ڕەوییەوە و دەستم کرد بە ڕاهاتن لەگەڵ ژیانی غەریبیدا، خوێندنم دەست پێکردەوە و ئامانجەکانم دیاری کرد و ڕێگای خۆم کێشا، وەک بڵێی ئەو کەشتیی ڕزگاریی و تەوقی نەجات بوو، کە لە خنکان و ڕاماڵین پاراستمی.
    دايكان وباوكاني خۆشەویست پێداگربن لەسەر چاندنی تۆوی خۆشەویستیی قورئانی پیرۆز لە دڵی منداڵەکانتاندا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە؛ چونکە ئەو دەبێتە ئەو قیبلەنما و ڕێ نیشاندەرەی کە بەرەو ڕێگای ڕاست ئاڕاستەیان دەکات و، دەبێتە ئەو هيوايه‌ى لە خنکان ڕزگاریان دەکات، له‌يادتان بێت کە پەیوەستبوون بە قورئانی پیرۆزەوە گەورەترین میراتە بۆ منداڵەکانتانی جێبهێڵن؛ مەبەستم لەمەش تەنیا ئەوە نییە کە فێری خوێندنەوە و، تەجوید ببن -هەرچەندە ئەمەش پێویستە- بەڵام تێگەیشتن لێی گرنگە، و کارکردن پێی لە هەموو شتێک گرنگترە.

Check Also

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیقکۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو …