شادان عوسمان
یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی سەرکەوتن و ئارامی دەروونی مرڤ ئەوەیە کە کاری ڕۆژانەی ژیانی خۆی ڕێک بخاتەوە و کاتەکانی بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنێت. ئیسلام فێرمان دەکات کە تەنانەت کردارێکی کەم، ئەگەر بەردەوام بێت، لەلایەن خوای گەورەوە خۆشەویستترە لە کردارێکی زۆر کە دوای ماوەیەک واز لێبهێنرێت.
لە فەرمودەیەکی دروستدا پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت:
«أَحَبُّ الأَعْمَالِ إِلَى اللَّهِ أَدْوَمهَا وَإِنْ قَلَّ» بخاری و موسلیم
“خۆشەویستترین کردار لەلای خوای گەورە ئەو کردارەیە کە بەردەوام بێت، هەرچەندە کەمیش بێت.”
١- گرنگیدان بە نوێژ
یەکەم و گرنگترین کاری ڕۆژانەمان نوێژە، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە لەنێوان بەندە و خوای گەورەدا. دەبێت ڕۆژەکەمان بە نوێژ ڕووناک بکەینەوە و هەوڵبدەین لە کاتی خۆیدا ئەنجامی بدەین.
خوای گەورە دەفەرموێت:﴿إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ} العنكبوت: 45
“بەڕاستی نوێژ مرۆڤ لە خراپە و تاوان دوور دەخاتەوە.”
٢- خویندنەوەی قورئان:
پاش نوێژ، دەبێت بەشێک لە کاتمان بۆ قورئان تەرخان بکەین. تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە تەنها یەک لاپەڕەش بێت، بەردەوامی لەسەری کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دڵ و بیرکردنەوە دروست دەکات.
خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ﴾ الرعد: 28.
“ئاگاداربن، تەنها بە یادی خوا دڵەکان ئارام دەبن.”
٣- پاراستنی سونەتەکان:
سونەتەکان کەموکوڕییەکانی فەرزەکان تەواو دەکەن و، هۆکارێکن بۆ نزیکبوونەوە لە خوای گەورە. ئەوەی سونەتەکانی بەردەوام بپارێزێت، بە ئاستەنگییەکانی ژیاندا بەهێزتر دەبێت.
٤- خویندنەوە و فێربوونی بەردەوام:
دەبێت ڕۆژانە کاتێک بۆ خویندنەوە و گەشەپێدانی زانست تەرخان بکەین، جا چ زانستی ئاینی بێت یان دونیایی. هەروەها باشە هەوڵبدەین هەموو ڕۆژێک شتێکی تازە فێربین.
پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: «مَنْ سَلَكَ طَرِيقًا يَلْتَمِسُ فِيهِ عِلْمًا سَهَّلَ اللَّهُ لَهُ بِهِ طَرِيقًا إِلَى الْجَنَّةِ» موسلیم
“هەر کەسێک ڕێگایەک بگرێتەبەر بۆ داوای زانست، خوا ڕێگای بەهەشتی بۆ ئاسان دەکات.”
٥- کارکردن لەسەر نەفس:
نەفس وەک جەستە پێویستی بە پەروەردە و ڕاهێنان هەیە. هەوڵبدە هەموو ڕۆژێک خۆت لەسەر شتێکی باش ڕابێنیت، یان خەسڵەتێکی جوان زیادبکەیت و خەسڵەتێکی خراپ کەمبکەیتەوە.
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا، فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا، قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا، وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا﴾الشمس: 7-9
“سوێند بە نەفس و ئەوەی دروستی کردووە، جا خراپی و چاکی پێ ناساندووە، بەڕاستی سەرکەوتووە ئەوەی پاکی کردووەتەوە.”
٦- وەرزش و مافی جەستە:
جەستەش مافێکی لەسەرمان هەیە. وەرزشکردن، ڕۆیشتن لە هەوای پاکدا و پاراستنی تەندروستی هۆکارن بۆ بەهێزبوونی جەستە و ئارامی دەروون.
پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: «إِنَّ لِجَسَدِكَ عَلَيْكَ حَقًّا» بخاری
“بەڕاستی جەستەت مافێکی لەسەر تۆ هەیە.”
٧- کاتدان بۆ پیداچوونەوەی خود:
لە ناو شڵەژاوی ژیاندا پێویستە کاتێک بۆ خۆمان تەرخان بکەین، لەگەڵ نەفسی خۆمان دابنیشین و هەژماری خۆمان بکەین. بزانین ئەمڕۆ چی فێربووین؟ چی باشمان کرد؟ چی پێویستە چاکی بکەین؟
عومەری کوڕی خەتاب (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرمووێت:
“حاسبوا أنفسكم قبل أن تحاسبوا”
“هەژماری خۆتان بکەن پێش ئەوەی هەژمارتان بۆ بکرێت.”
٨- چێژبەخشین بە نەفس بە شێوەیەکی دروست:
ئیسلام دژ بە ئارامگرتن و چێژ وەرگرتن نییە، بەڵکو داوا دەکات بە هاوسەنگی بێت. مرۆڤ دەتوانێت بە خواردنێکی خۆش، خویندنەوەی کتێبێک، سەردانێکی خێزانەیی یان هەر شتێکی حەڵاڵ دڵی خۆی خۆش بکات.
هەروەها پێویستە دوور بکەوینەوە لە هەواڵە ناخۆشەکان و ئەو شتانەی بەردەوام نەفسمان دەشکێنن و ناڕەحەتی دەروونی دروست دەکەن.
٩- چاکەکردن لەگەڵ خەڵک:
هەوڵبدە ڕۆژانە دڵی کەسێک خۆش بکەیت، یارمەتی کەسێک بدەیت یان وشەیەکی جوان بڵێیت. ئەم کارانە هەم ئارامی خۆت زیاد دەکەن و هەم خۆشەویستی لەنێوان خەڵکدا دروست دەکەن.
پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: «أَحَبُّ النَّاسِ إِلَى اللَّهِ أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ» طبرانی.
“خۆشەویستترین خەڵک لەلای خوا ئەو کەسانەن کە سوودیان بۆ خەڵکی زیاترە.”
ژیان بە کردارە گەورەکان ناگۆڕدرێت، بەڵکو بەو کردارە بچووک و بەردەوامەکان دەگوریت.
کە هەموو ڕۆژێک ئەنجامدەدرێن. ئەگەر نوێژ، قورئان، زانست، وەرزش، پەروەردەی نەفس و چاکەکاری بکەینە بەشێک لە کاری رۆژانەی ژیانمان، بە ئیزنی خوا بەرهەمدارتر، ئارامتر و سەرکەوتووتر دەبین.