شاجوان شێخ محەمەد
وەڵامی من بۆ ئەم خانمە بەڕێزە و بۆ هەموو ئەو خانمانەی کە پاراستنی پاشەڕۆژی دارایی خۆیان و خێزانەکەیان بەلاوە گرنگە: بەڵێ، بێگومان دەکرێت. یاسا نەک هەر ڕێگری نەکردووە، بەڵکو میکانیزمی تەواوی بۆ پاراستنی ئەم جۆرە مافانە داناوە. لێرەدا بە ڕوونی و بە بەڵگەی یاساییەوە بابەتەکە بۆ ئێوەی بەڕێز شیدەکەمەوە:
١. بۆ خانوو و موڵک (الـعـقـارات): بەپێی یاسای شارستانی عێراقی (ماددەی ١٠٦١)، هاوسەران دەتوانن هەر جۆرە موڵکێک (خانوو، شوقە، زەوی، دووکان) بە هاوبەشی لە فەرمانگەی (تەسجیل عەقاری) تۆمار بکەن کە لە یاسادا پێی دەوترێت “خاوەندارێتی هاوبەش” (الملكية الشائعة).
چۆن دەکرێت؟
لە کاتی کڕین یان گواستنەوەی خاوەندارێتی، لەسەر سەنەدی فەرمی (تاپۆ) ناوی هەردوو هاوسەرەکە جێگیر دەکرێت. دابەشبوونی پشکەکان: دەکرێت بەپێی ڕێککەوتنی خۆتان نیوە بە نیوە بێت (٥٠% بە ٥٠%) یان بە هەر ڕێژەیەکی تر کە لەسەر بڕی پارەی بەشداربووتان ڕێککەوتوون.
٢. بۆ ئۆتۆمبێل (الـمـنـقـولات): ئۆتۆمبێل لە یاسادا وەک خانوو نییە، بەڵکو بە موڵکی گواستراوە دادەنرێت، بەڵام لێرەشدا پرۆسەکە گونجاوە.
چۆن دەکرێت؟
لە کاتی کڕین و گواستنەوەی خاوەندارێتی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ (المرور)، ساڵانەی (سنویة) سەیارەکە بە ناوی هەردوو هاوسەرەکەوە دەکرێت.
+گرنگترین سوودە یاساییەکانی تۆمارکردنی موڵک بە ناوی هەردوو هاوسەرەوە:
١. پاراستنی مافی دارایی و ماندووبوون: هەر یەک لە هاوسەران تا مافە داراییەکانیان نەفەوتێت.
٢. ڕێگریکردن لە فرۆشتنی تاک لایەنە: پیاوەکە (یان ژنەکە) ناتوانێت بە تەنیا موڵکەکە بفرۆشێت، بیبەخشێت، یان بیخاتە بارمتەی بانکەوە بەبێ ئامادەبوون و ڕەزامەندی فەرمی لایەنەکەی تر لە فەرمانگەی تاپۆدا.
٣. پاراستن لە کێشەی میرات (الإرث): لە کاتی کۆچی دوایی یەکێک لە هاوسەران ، پشکی هاوسەرە زیندووەکە (کە نیوەی موڵکەکەیە) وەک خۆی بە ناوی خۆیەوە دەمێنێتەوە و ناچێتە خانەی دابەشبوونی میراتەوە، ئەمەش سەقامگیری نیشتەجێبوونی بۆ دەستەبەر دەکات.
٤.گرنگترین خاڵ ڕێگری لە بێلانەکردن لە کاتی کێشەدا: لە کاتی دروستبوونی کێشەی خێزانی یان جیابوونەوەدا، پیاوەکە هیچ مافێکی یاسایی نییە ژنەکە لە خانوەکە دەر بکات، چونکە ژنەکە خاوەن بەشی فەرمی و شەرعی خانوەکەیە.