سێشەممە , تشرینی یه‌كه‌م 14 2025

ڕاسپێری ئاسمان؛ نەمامێک لە پانتایی خاکی دڵ

عەبدوڵڵا عەلیپوور
از آسمان برون شو، ای جان دمی ببین
کان سوختن ز عشق بود یا ز آفتاب؟
لە پانتایی مێژووی بانگەواز بۆ ڕێگەی دینداری، ئەو کەسەی دڵی دڵبەند و هۆگری پەروەرێنی بێهاوتا ئەبێ، نەتەنیا ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی وەک سکاڵا و هاوارێک لە جوڵەی سرووشتدا نابینێت، بەڵکو وەک نەمامێک کە لە خاکی ڕوح چێنراوە؛ نەمامێک کە پێویستی بە کات و دەرفەتە، بە ئاوێ لە چەشنی ئەوین و سەبر و خاکەڕایی لە زێواری دڵنیایی چرۆ دەردەکات.
بێگومان بانگخوازێکی لەو شێوەیە بەدوای بەرهەم و دڵخوازی خۆشڕەودا ناگەڕێت و بەهۆی وەڵامی سارد و سڕی بەردەنگانی بێ‌هیوا نابێت؛ لەبەر ئەوە بەڕوونی تێگەیشتووە کە: تەنیا ئەرکی ڕاسپێری و پەروەردەکردن و بەرهەمهێنانی لەژێر دەسەڵاتی پەروەرێنی بێهاوتایە.
لە سەردەمی کتوپڕی پێشهاتەکانی ژیان و بێ‌ سنوربوونی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بانگهێشتن بۆ دینداری زیاتر لە هەموو ساتێ پێویستی بە بەرچاوڕونی، زانست و حیکمەت هەیە؛ لە ژینگەیەک وشەی مرۆڤ بەشێوەیەکی ناخهەژین وەک شمشێر دڵ دەبڕێ، دڵی تینوو لە ڕاستەڕێ دوور دەخاتەوە و تووشی داڕمانی دەکات. ئەوەی ئەمڕۆ ونبوە و خۆڕاکی ڕوحی کۆمەڵەگەیە، ڕاستی نییە و بەڵکو بوونی کۆمەڵێک بانگخوازی بوێر و دڵنەرم و خاکەڕایە کە: ئاخاوتنی ئەوان بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی مرۆڤ ببێ بە سارێژکردنی برینی دڵ و ڕاماڵینی نەهامەتییەکانی ناو ماڵی دڵی و هۆکاری بووژانەوە و گەشەی ڕوحی بێت، نەک پێچەوانەی.!
ئیمامی غەزالی دەفەرموێ: دەبێ مرۆڤ سنووری خۆی بزانێ، دادوەر ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیاردان و بانگخواز ئەرکی ڕێنمایی و بانگهێشتن بۆ چاکسازی.
بانگهێشتی ڕێبازی ئایین، نە گۆڕەپانی کێبەرکێیە و نە وێناکردنی شانۆی سەرشەقام؛ بەڵکو پەیام و بروسکەی ئاسمانییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە کانیاوی دڵسۆزی و باوەڕ و جوامێری هەڵقوڵاوە.
لەم ڕێگایەدا، هەر وشەیەک کە لە خاکەڕایی، هەر ڕوانینێک لە خۆشەویستی و هەر هەنگاوێک لە دڵنیاییەوە، تۆوێکە کە لە خاکی دڵەکاندا چێنراوە؛ تۆوێک کە ڕەنگە درەنگ چرۆ بکات، بەڵام بێگومان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا گەشە دەکات و سەر هەڵدەدا.
بانگخوازی بۆخوا سوڵحاو، لەبڕی هەژماردنی وەڵامی بەردەنگ، دڵ بە هیوا و هومێد و بەڵێنی خوا دەسپێرێ و لەبری پەلە و سەرسوڕمان لە ئاکام و بەرهەمی بانگەوازی، بیر لە ئارامی و شێوازی چاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئیمان دەکاتەوە.
بەڵێ، بێگومان بانگخوازێکی بە ئەزموون دەزانێت لە ڕێڕەوی پەروەردە لەناو بازنەی دینداری شتێ بەناوی خێرایی واتای نییە، بەڵکو بنچینە و بنەماکەی دڵسۆزی و خاکەڕایی و پێداگرییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەم و دڵخوازی بە ژمارە نییە، بەڵکو لە قووڵایی دڵ و شوێنکەوتووی ڕاستەقینەی ئەودا دێتە هەژمار. بانگخوازی بۆ ڕێگەی خوادۆستی، وەک چرایەکی پڕشنگدار لەناو دڵی تاریکی تروسکە ئەدا، کاتێ خاکەڕایی و ڕەوشتبەرزی و سەبر هەوێنی ئەم ڕێگەیە بێت.
مەولانا دەفەرموێ:
با دل مردم مدارا کن، کە دل‌ها خانەی حق‌اند
در دل هر بندەای، نوری ز جان حق‌اند
ڕوانینی لەم چەشنە بانگخواز لە دادوەری و سوکایەتی لەئاست دەورووبەری دوور دەخاتەوە و، لەناو بازنەی ڕێز و حورمەت کۆی دەکاتەوە.
حاشا لەوە ناکرێ کە بانگەوازی بۆ ڕێگەی دینداری ڕێڕەوێ بە پانتایی وچەی مرۆڤایەتییە و، پێوانەی بانگەوازی بە ڕۆژ و مانگ نییە؛ بەڵکو بۆ پەرەپێدانی ئەرک و چالاکی دوورمەودا لە مانگ و ساڵ دەڕوانێ.
بانگخوازی ڕێگەی خوا دەزانێت ڕێنوێنی دینداری ڕێگایەکی ئەستەم و پڕ لەژانەسەرە و، هێندێ جار بێدەنگی زاڵ دەبێ بەسەر ڕێگەی خواویستی، بەڵام لەسەر ئەم ڕێگایە سەبر و خۆڕاگری واتای کزی و لاوازی نییە، بەڵکو دەرکەوتنی باوەڕ و ئیمانە. ڕەوشتی بانگخواز لێرە وەک باخەوانێک وایە لەبڕی ئەوەی پەلە بکات بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی، دڵ ئەدا بە پرۆسەی گەشەی داهاتووی نەمامێ لە دڵی خاک.
بانگەوازی بانگهێشتن بۆ ڕێگەی خوا؛ بەرهەمی دڵسۆزی و پێداگری و خاکەڕاییە، نەک پەلەکردن. بانگخوازی ڕێبازی دین دەبێت بزانێت ڕێگای ڕێنموونی ڕێگەی سەبر و دڵنیاییە؛ نەک ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دەستبەجێ، بەڵکو گەشتێکە بۆ چاندنی نەمامی بۆنخۆش کە لە کاتی خۆیدا چرۆ دەکات.
بێگومان ڕاستی و ڕاستگۆیی، ڕوانینی دڵبزوێن، ئەگەر ئەمڕۆ لەناو دڵەکاندا نەڕوێت، ڕۆژێک دێت ئاکام و بەرهەمی بێتە دیی و ئەگەر لەم نەوەیەدا نەبێت، ئەوا بێگومان لە نەوەی داهاتوودا کە هێشتا چاویان بەڕووی جیهاندا واڵانەبووە هەر دێتە دی.

Check Also

ڕێزی بەساڵاچوان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

محێدین شێخ محەمەد بەناوی خوای میهرەبان و بەسۆز لەهەموو كات و شوێنێكدا ئەو پەروەردگارەی بەدیهێنەری …