دووشەممە , ئاب 11 2025

خاتوونی موسڵمان (فاتیمە ئەلفەهری).. دامەزرێنەری یەکەم زانکۆ لە جیهاندا

و/چیا عەلی
فاتیمە ئەلفەهری، دامەزرێنەری زانکۆی (قەرەویین) لە شاری فاس لە وڵاتی مەغریب، کە یەکەم زانکۆی جیهانە و لە ساڵی ٨٥٩ی زایینیدا دامەزراوە، لە دەوروبەری ساڵی ٨٠٠ی زایینی لەدایکبووە و لە ساڵی ٨٧٨ی زاییندا کۆچی دوایی کردووە.
فاتیمە ئەلفەهری، لە نەوەی گەورەی تابیعین عوقبەی کوڕی نافیعی فەهری قوڕەیشیە، کە ڕزگارکەری تونس و دامەزرێنەری شاری قەیروانە. لە دەوروبەری ساڵی ٨٠٠ی زایینی لە قەیروانی پایتەختی تونس لەدایکبووە، باوکی بازرگانێکی دەوڵەمەند بووە و لەگەڵ خێزانەکەیدا لە سەردەمی سوڵتان ئیدریسی دووەمدا ڕوویان لە شاری فاس لە مەغریب کردووە و لەوێ نیشتەجێبوون.
پاشان فاتیمە ئەلفەهری هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەمەنددا کردوە، بەڵام دوای چەند ساڵێک باوکی و هاوسەرەکەی گیانیان لەدەستداوە. فاتیمە لە هاوسەرەکەی ولەگەڵ مریەم، خوشکە تاقانەکەی، لە باوکیشیەوە میرات و سامانێکی بەرچاوی بۆ ماوەتەوە.
سەرەڕای سامانەکەی، فاتیمە و خوشکەکەی، لە باوکیانەوە پەروەردەیەکی ئایینی چاک و تەقوا و خۆنەویستی و پەرۆشییان بۆ خزمەت بۆ بەجێمابوو، و بە دڵفراوانیەوە میراتەکەیان بەسەر هەژار و نەداران و قوتابیانی زانستدا دابەشدەکرد.
فاتیمە فەهری و مریەمی خوشکی درێژەیان بەم ڕێبازە زاهید و بەخشندەییە دا تا ئەو کاتەی بیرۆکەی دروستکردنی دوو مزگەوت وەک خێرێکی بەردەوام هاتە ئەندێشەیانەوە. ئەمەش دوای ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت ئەو مزگەوتەی خەڵک نوێژیان تێدا دەکرد زۆر بچووکە و ناتوانێت هەموو نوێژخوێنەکان لەخۆبگرێت. فاتیمە خۆبەخشانە مزگەوتەکەی ئاوەدانکردەوە و ڕووبەرەکەی دوو هێندە کرد بە کڕینی کێڵگەکانی دەوروبەری. بنیادنانی مزگەوتەکە نزیکەی ١٨ ساڵی خایاندووە، و ناوی (مزگەوتی قەرەویین) لێنا، مریەمی خوشکیشی مزگەوتێکی دیکەی دروستکرد، کە ناوی لێنا (مزگەوتی ئەندەلوس)، لە شاری فاس کە پایتەختی بنەماڵەی ئیدریسییەکانە لە مەغریب.
فاتیمە لە ڕێگەی دەستکەوتە گەورەکەیەوە ناوی خۆی لە کتێبەکانی مێژوودا بە نەمریی هێشتۆتەوە، و وەک یەکەم ژن کە بە پارەی خۆی مزگەوتی دروستکردووە، لە کاتێکدا دەوڵەت لە دروستکردنی مزگەوتەکان، بەرپرسیار بوون.
دوای تەواوبوونی دروستکردنی مزگەوتی ئەلقەرەویین، زانایان دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی وانەی ئەکادیمیی ، بە پێکهێنانی بازنەکانی خوێندن و زانست کە خوێندکاران تێیدا کۆدەبوونەوە. بە تێپەڕبوونی کات ناوبانگی مزگەوتەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی ئیدریسییەکان تەشەنەیکرد و شاری فاسی گۆڕی بۆ ناوەندێکی زانستی کە ڕکابەری بەهێزترین ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەو سەردەمە بوو، وەک قورتوبە و بەغداد.
هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە مزگەوتی قەرەویین لە ساڵی ٨٧٧ی زایینیەوە گۆڕدرا بۆ زانکۆ، واتە ساڵێک دوای تەواوبوونی، دوای گۆڕینی بۆ زانکۆیەکی ڕاستەقینە، چەندین قوتابخانە لە دەوری مزگەوتەکە دروستکران و بە کورسی ئەکادیمی لە بوارە جیاوازەکاندا بەهێزتر کرا، لەوانە فیقه، ئەدەب، بیرکاری، فەلەکناسی و بەشەکانی تر، جگە لە کتێبخانەکان.
بەپێی کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، زانکۆی ئەلقەرەویین لە ڕیزبەندی کۆنترین زانکۆکانی جیهاندایە، و وەک گەورەترین زانکۆ کە بابەتەکانی ئەدەبی و زانستیەکانی وەک ڕێزمانی عەرەبی، جوگرافیا، مێژووی ئیسلامیی، لۆژیک، ژمێریاریی، بیرکاری، پزیشکیی، کیمیا، و فەلەکناسیی پێشکەش دەکرد، نزیکەی دوو سەدە پێش زانکۆکانی ئەوروپا کەوتووە.
زانکۆی ئەلقەرەویین لە مێژوودا چەندین خوێندکاری لە ناوەوە و دەرەوەی مەغریبەوە بۆ خۆی ڕاکێشاوە، نزیکەی هەزار ساڵ بووەتە ناوەندێکی چالاکیی فیکریی و کولتوریی و ئایینی.
زانکۆی ئەلقەرەویین جگە لە ڕۆڵی ئەکادیمی و پەروەردەیی، ڕۆڵێکی سیاسی بەرچاوی بە درێژایی مێژوو، لە ماوە سیاسییە جیاوازەکانی مێژووی مەغریبدا، هەبووە .
مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە سیاسییە گەورەکان وەک بەیعەت و هەڵگیرسانی شەڕ و واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی، هەموویان لە زانکۆی ئەلقەرەویین دراون و لەلایەن زاناکانیەوە واژۆکراون.
جگە لەوەش زانکۆی ئەلقەرەویین ڕۆڵێکی بەرچاوی لە داڕشتنی کەسێتی ئیسلامیدا هەبوو بە پێکەوەگرێدانی ڕەسەنایەتی و نوێگەریی، هاوکات پاراستنی بنەماکانی ئایینی ئیسلامی ڕاستەقینە و پاراستنی کلتوری ئیسلامیی بە سیما مەغریبییە ڕەسەنەکەی.
مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە زانکۆی ئەلقەرەویین چەندین موسڵمان و غەیرە موسڵمانی ناسراوی باکوری ئەفریقا و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەوروپای بۆ خۆی ڕاکێشا، کە لەوێ لە بوارە جیاوازەکانی وەک فیقه و شیعر و فەلەکناسی و بیرکاری خوێندوویانە و بڕوانامەیان بەدەستهێناوە. ئەم زانایانە ساڵانێک لەوێ دەمانەوە، هەروەها وەک ناوەندێک بۆ جێگیرکردنی خوێندکارانی داهاتوو کاریدەکرد.
لە نێو ئەو کەسایەتییە دیارانەی کە لە زانکۆی ئەلقەرەویین خوێندوویانە، مێژوونووس عبدالرحمان ئیبن خەلدون، دامەزرێنەری کۆمەڵناسی نوێ؛ پزیشک و فەیلەسوف ئەبو ئەلوەلید ئیبن ڕوشد کە بە بە ئیبن ڕوشد ناسراوە؛ “ابن باجە” یەکێکە لە دیارترین فەیلەسوفە موسڵمانەکان؛ محمد الطائی الادریسی، یەکێک لە جوگرافیناسە بەناوبانگەکانی عەرەب و موسڵمان؛ بیرکار و فەلەکناسی بەناوبانگ ئیبن ئەلبەنا ئەلمەراکیشی؛ زانای قرائاتی قورئان و بیرکاری ئیبن غازی المکناسی و (سلفستەر)،پاپای ڤاتیکان، کە گواستنەوەی ژمارە عەرەبیەکانی بۆئەوروپا بۆ دەگەڕێنرێتەوە، و چەندانی تریش.
یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی زانکۆی ئەلقەرەویین ئەوە بووە کە خوێندکارەکانی ئارەزووی خوێندنیان لەلای چ مامۆستایەک هەبووایە، بەپێی تایبەتمەندی بوارەکەی، خۆیان هەڵیاندەبژارد.
کتێبخانەی زانکۆی ئەلقەرەویین، یەکێکە لە کتێبخانە کۆنەکانی جیهان
زانکۆی ئەلقەرەویین کە لەلایەن فاتیمە ئەلفەهرییەوە دامەزراوە، بەدرێژایی ساڵان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کتێبخانەی ئەو زانکۆیە بە یەکێک لە کتێبخانە کۆنەکانی جیهان دادەنرێت و سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و نووسین، کە زیاتر لە چوار هەزار ژێدەر لەخۆدەگرێت، لەوانە سەرچاوە و کۆبەرهەمی بەنرخ لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەمە جگە لە دەستنووسە دەگمەنەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی نۆیەمی زایینی، دەگەڕێتەوە .
سەرەڕای ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە فاتیمە ئەلفەهری دەخرێنەڕوو، هێشتا مێژوونووسان لە زۆرێک لە وردەکارییەکانی پەیوەست بە ژیان و بەرهەمەکانی، هەروەها مێژووی مردنی، دڵنیانین. بەڵام هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە فاتیمە ئەلفەهری لە دەوروبەری ساڵی ٢٦٥ی کۆچی (٨٧٨ی زایینی) کۆچی دوایی کردووە.

https://www.aljazeera.net/encyclopedia

Check Also

بۆچی ڕۆشتین و چیمان دوورییەوە

بەهرە ڕەفیقزۆر موصیبەت بوو کاتێ چووین بۆ ئاهەنگە ڕەشبەڵەکەکە دەستمان کرد بەهەڵپەڕکێ،دڵخۆش بووین، چونکە ئێمە …