هه‌ینی , كانونی یه‌كه‌م 27 2024

ڕۆژەكانی پیری چۆن بكەین بەعاقیبەت خێری

نووسینی : محەمەد عەبدولرەحیم*

مرۆڤ كەتەمەنی هەڵدەكشێ و ناوەڕاستی تەمەن بەجێدێڵێت، ئیتر ڕوو لەپیری دەنێت، بەگەشتنی بەتەمەنی (60)ساڵی دەچێتە ڕیزی بەساڵاچوان، وردە وردە لاوازی و بێهێزی و نەخۆشی كەنەفتی خۆیان بەرەو لای ئەكوتن، ئاوڕێك ئەداتەوە بۆتافی لاوی بەزمانی گوفتار یان بەزمانی حاڵ هاواری لێ بەرزدەبێتەوە ئاواتی هاتنەوەی ڕۆژەكانی لاوی دەخوازێت، تەمەننا دەكات تەنها ڕۆژێك گەنجی سەری بدایەتەوە تاهەواڵی پێبدات كە پیری چی بەسەرهێناوە.

(الا لیت الشباب یعود یوما            فاخبره‌ بما فعل بي المشیب)

پیری قوناغێكی گران و سەختە، دەردێكە مەگەر بە جوانەمەرگبوون  لەدەستی قوتار بین، هەرچەندە حەزمان لەهاتنی نیە، بەڵام یەخەمان پێدەگرێت و ئاوێتەی ژیانمان دەبێت، كارێكمان بەسەردا دێنێ زۆر جار دەبینە جێگای بەزەیی ناحەزانیشمان، چ جای دۆستان و خۆشەویستانمان.

مەولەوی تاوەگۆزی، ڕەحمەتی خوای لێبێت چەند جوان وەسفی خۆی دەكات لە حاڵی پیریاو دەڵێت:                                                                           

                        تۆ پاشكستەی بەردی  هەردەی دەرد

                        چەم كۆری مەینەت، تەن زایف، ڕەنگ زەرد

جا ئەگەر بەوەش وازبهێنێ هێشتا هەر چاكە، ئەگەر نەمانبات بۆ حاڵێك كە دۆست و خۆشەویستانیش لێمان بێزار بن،  ئاواتی مەرگمان بۆ بخوازن، بگرە هەندێك جاریش لێمان وەڕسبن و توانای خۆگریان بەرامبەرمان هێندە كز بێت،  بگەینە حاڵێك گەر بتوانن كەسێك بەكرێ بگرن خزمەتمان بكات دوورمان بخەنەوە یان بەرەو خەڵوەتگەی پیری بەڕێمان بكەن،  یان بەتەنیا بەجێمان بێڵن، ئەمە ئەو ساتەیە ئاوات بەو مردنە ئەخوازین كە هەمیشە لێی هەڵهاتووین. خوا بكات پەتی سەبرمان نەپسێت و نەكەوینە ناشوكریكردن.

كەسانی ژیرو دانا زوربەی نزاكانیان داواكردنی عاقیبەت خێری و سەرەنجامی باش و كەنەفت نەبوونە.

پیری بەڕێوەیە بۆ لامان و ئێمەش هەنگاو بەرەو لای ئەو هەڵدەگرین، هەرچەندە حەزیشمان لەدیداری نەبێت، بەڵام دواجار بەرۆكمان دەگرێت، كە بەرۆكیشی گرتین بەرینادات تا بۆرانی خۆیمان بەسەردا دەبارێنێت، كار لەخاڵخاڵبوونی كوێستانەكانمان نامێنێت، بەڵكو قۆناغی بەفرانباری تەمەن هەمووی دەكاتە بەفرێك كەجارێكی تر تینی بەهارو گەرمای هاوینی بەسەردا نایەتەوە، لەسەر زەوی ئەو تەمەنەدا ئیتر گیاكان سەوز نابێت و درەختەكان چرۆناكەن و گوڵەكانیش نەك هەر ناگەشێنەوە بەڵكو خونچەش ناكەن.

خۆپاراستن لەپیری:

   ئەگەر پیری وەك نەخۆشیەك بناسین  ناتوانین بەریلێبگرین، چارەسەریشی نیە، ئەوا دەبێت هەوڵبدەین كاریگەری و سەختیەكانی لەسەر خۆمان كەم بكەینەوە، چونكە لە (%70) دەردەكانی پیری لەو هۆكارانەوە دێن كە لەژیان و ژینگەی مرۆڤدا هەیە لە(%30) لەكارێكتەرەكانی بۆماوەوە سەر هەڵدەدەن. تەمەنی پیری بەكەمبوونەوەی جووڵەی جەستە و جووڵەی مێشك دەسپێدەكات.

 گرفت ونەخۆشیەكانی قۆناغی پیری:

كەمجووڵەیی دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و، زیاتر لەش قورس و گران دەكات، لێرەوە نەخۆشیەكانی فشاری خوێن و شەكرەو تەسكبوونەوەو ڕەقبوونی دەمارەكانی خوێن و گیرانی هەندێك لەخوێنبەرەكانی دڵ دێنە ئاراوە.

زیادبوونی كێش باری بڕ بڕەو جومگە و ئێسكەكان قورس دەكات، بەهۆیەوە پشت دەست بە ئازارو جومگەكانیش هەو دەكەن وشك دەبنەوە، لەولایشەوە چاوەكان كزو  گوێچكەكان قورس و بەرەو ئەوەش دەچن بەتەواوی لەدەست بدرێن.

 خەمۆكی و بێ ئومێدی خۆیان بۆناو دەروون دەكوتن،  لەبەر بەساڵاچوون و كەم هێزی مرۆڤ ناچار دەبێت شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، تا لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەدا بگونجێت، ئەگەر فەرمانبەر بێت ئەوا خانەنشین دەكرێت، ئیتر بێكاری بۆی دەبێتە دەردێكی گران و بێتاقەتی دەكات و نازانێت كاتەكانی چۆن بەڕێبكات.

خەوزڕاندن سەردانیدەكات و بەهەرلایەكدا دەكەوێت خەوی لێناكەوێت، شەو دەبێت بەبەڵا بەسەریەوە هەرتەواو نەبێت.

نیشانەیەكی تری وردە وردە شتەكانی لەبیر دەچێت و ناوی كەسەكانی لێتێك دەچێت، ڕووداوە نوێیەكانی لەبیر نامێنن. تاكار دەگاتە بەوەی وەكو مناڵی لێدێتەوە كارە ئاساییەكانی خۆیشی بۆجێبەجێ ناكرێت، دەستدەكات بەبیانووی مناڵانەو شكات لەدەوروبەری دەكات، كەخزمەتی ناكەن و بەدەمیەوە نین و نان و ئاوی وەك پێویست بۆ ئامادە ناكەن. تا دەگاتە ئاستی نەخۆشی زەهایمەر.

چۆن بەساڵاچوان پارێزگاری لە جووڵەی جەستەو مێشك و ڕۆحیان بكەن:

بۆئەوەی كاریگەریەكانی پیری لەسەر خۆیان كەمبكەنەوە، پێویستە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بكات و بیناسێت،  پارێزگاری جووڵەی هەر ئەندامێك لەجەستە پەیوەستە بەدرووست بەكارهێنانی ئەو ئەندامەوە بە پاراستنی لەنەخۆشی و لاوازنەبوونیان، بەوەرزشپێكردنیان توانایان بەردەوام دەبێت و لە لاواز بوون و پەككەوتن پارێزراو دەبن..

_ مرۆڤ بۆ ئەوەی بەشێك لە هێزی لاوی بگوێزێتەوە بۆسەردەمی پیری، پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆر بكات تا پلانی وەرزشكردنی درووست و نەخشەی خۆراكی تەندرووستی بۆدابنێت، خۆیشی بە بێ كەمتەرخەمی پلانەكە جێبەجێَ بكات،  تا ماسولكەكانی لەبەر كەمخۆراكی نەپوكێنەوەو لەبەر كەمجووڵەییش متنەبن. نەهێڵێت كێشی زیاد بكات تا ژیانێكی خۆش بەسەر ببات نەبێت بەبار بەسەر خۆی و دەوروبەرییەوە، وەرزش و جوڵەی بەردەوامی هەبێت ڕێگانەدات ماسولكەكانی بپوكێنەوە، پیادە ڕۆشتن بكاتە پیشەی.

_هەروەك پێویستە چەند مانگ جارێك پشكنینی گشتی بۆ خۆی بكات، بۆ ئەوەی بزانێت كام لە پێكهاتەكانی جەستەی ڕێژەیان ئاسایی نیە، چارەسەری پێویستیان بۆوەربگرێت.

گوێنەدان بە خۆو ڕێكنەكردنی پێكهاتەكانی جەستە دەرگایەكە بۆپەككەوتن و هاتنەژانی ئەندامەكان.

_خواردنی سووك و پڕ لە ڤیتامین بخوات و بایەخ بە تەندرووستی خۆی بدات تا دەوروبەری ماندوو نەكات.

ڕێكخستنی ژەمە خۆراكیەكان وخواردنی تەندرووست كە هەموو ئەو خۆراكانەی تێدابێت كەجەستە پێویستی پێیان هەیە گرنگیەكی زۆریان هەیە بۆ بەردەوامی هێزوو تواناكان..ئەگەر وانەكەین ئەوا بەزۆر خۆری و خۆشخۆری دەرگا بۆ نەخۆشیە درێژخانەیەكان دەكەینەوە،  كاتێك پەشیمان دەبینەوە كە پەشیمانی سوودی نابێت.

دڵنیابوون لەخاوێنی و پێكهاتەی خواردەمەنیەكان و خاڵی بوونیان لە مادەی زیانبەخش پێویستیەكی ژیانی هەموو مرۆڤەكانە لە بچووكترین مناڵەوە تا بەساڵاچووترین كەس.

بەداخەوە لەم سەردەمەدا ناسرووشتی خۆراك و شێوازی بەرهەمهێنانی و جوان نەپاراستنی بووەتە بەڵایەكی گەورە بەسەر مرۆڤی داماوەوە بەتایبەتی هەژارو نەدارەكان.

هەروەكو جگەرەو ماددە كحولیەكان و ماددە هۆشبەرەكان و شەربەتە گازییەكان و ژەمە خێراكان و خواردنی ناو بازاڕەكان تەندرووستی زۆرێك لە مرۆڤەكانیان بە كارەسات گەیاندووە.

هەموو ئەمانە پێداچوونەوەیان ئەوێت و ئەوە دەخوازن كە خۆراكە سرووشتیەكان بكەینەوە بەسەرچاوەی ژەمەكانمان و ئامادەكردنیان بەدەستی خۆمان  و لەژێرچاودێری خۆماندابێت. ماڵ تەنها بۆخەوتن و حەوانەوە نەبێت، بەڵكو ببێتەوە بەلانكەی خۆشەویستی و ئاسوودەیی و بەرهەمهێنانی تەندرووستی، هەرچەندە ئەم بابەتە پەیوەستە بە تەندرووستی گشتیەوە، بەڵام تەندرووستی بەساڵاچوانیش بەشێكی گرنگە لەتەندرووستی گشتی.

_بەردەوام سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆكێشەكانی دابنێت. ئەو دەرمانانەی بۆی دیاریدەكەن لەكاتی خۆیاندا بەكاریان بهێنێت.

_بۆبەچالاك هێشتنەوەی مێشك، باشترین چارەسەر خوێندنەوەیە، پێویستی بەساڵاچوو  گرنگیەكی زۆری پێبدات، وەك وەرزشكردنی مێشك بابەتی بەسوود بخوێنێتەوەو هەوڵبدات لێیان تێبگات، تا خانەكانی مێشك لەكارنەكەون. پاشان هەوڵبدات ئەو بابەتانە بۆكەسانی تر باسبكات، خۆ ئەگەر بواری بۆ بڕەخسێت ئەزموونی خۆی بۆخەڵكانی تر بگوازێتەوە، چونكە ئەو لەسەردەمێكدا ژیاوە جیاوازە لەو سەردەمەی كە ئێستا گەنجەكان تیایدا ئەژین، بەتەمەنەكان وەك كتێبێكن هەمیشە.

_لەخەمخواردن خۆی بەدوور بگرێت، هەمیشە نزای (اللهم اني اعوذ بك من الهم والحزن…)، بەیانیان و ئێواران بخوێنێت، هەندێك نیعمەت كەلەدەستی چوون نیگەرانی نەكەن و ببینێ كە هێشتا نیعمەتانی زۆر هەیە دەتوانێت لێیان بەهرەمەند بێت. بەكارێكی ئاسانەوە خۆی خەریك بكات وەك خزمەتكردنی باخچەی ماڵەوە و چاودێریكردنی درەخت و گوڵەكان یان هەچ ئارەزوویەك كەبەگەنجی پێوەی سەرقاڵبوەو حەزی لێبووە..

_خوێندنی قورئان و پێداچوونەوەی ئەو سورەت و ئایەتانەی لەبەریكردون، بەتایبەتی لەبەركردن و وتنەوەی سورەتی(یس)یارمەتی مانەوەی كارایی مێشك دەدات، دەربارەی خوێندنی سورەتی(الملك)یش فەرموودە هاتووە كەهەركەس ئێوارە بیخوێنێت ئەگەر لەو شەوەدا بمرێت لەسزای گۆڕ پارێزراو دەبێت. ئەم جۆرە بابەتانە هەموویان مەبەست تیایاندا پارێزگاری چالاكی مێشكە.

_دەربارەی چالاكی رۆحیش ئەنجامدانی پەرستشەكان بەتایبەت نوێژە فەرزەكان ئەگەر بەجەماعەت بێت بۆهەموو كەس گەنجینەیەكی نەبڕاوەن بەتایبەتی بۆ بەساڵاچوان، كەلەیەك كاتتدا جەستەو مێشك و ڕۆحیش ئەكەونە جووڵەوە.

بایەخدان بە ئەنجامدانی (شەونوێژ) بابەتێكی زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ بەساڵاچوان، لەتەوەزەلی و وڕی و خەوزڕان دەیانپارێزێت، لەفەرمودەشدا هاتووە پێغەمبەری خوا (صل الله علیە وسلم) فەرموویەتی: (علیكم بقیام اللیل فانە داب الصالحین قبلكم وقربة الی ربكم ومنهاە عن الاثم وصحة الجسد….) واتە (شەونوێژەكان ئەنجامبدەن، چونكە ڕەوییەی پیاوچاكانی پێش ئێوەیەو هۆی نزیكبوونەوەن لەپەروەردگارتان و ڕێگرە لەگوناهكردن و مایەی تەندرووستی جەستەشە…). 

هەستانی بەیانیان زوو،  سوودی یەكجار زۆرەو بەرەبەیان كاتێكی پڕ بەرەكەتە و فرە خێرە. پیاوچاكان سوودوو چێژیان لێ بینیوە. بۆ نوێژی بەیانی هەڵساون، پاشان بە قورئان خوێندن و پاڕانەوەو برەودان بەزانست و پلاندانان بۆكاری چاكەو باش بەسەربردووە، لەو ساتە وەختانەدا ئەسپی خۆیان لەچاكەكاریدا تاوداوەو بەوە پارێزگارییان لە چالاكی جەستەو مێشك و ڕۆحیش كردووە.

_لەگەڵ هاوتەمەنەكانیدا كە سروشت و مامەڵەیانی بەدڵە هاوڕێیەتی بكات و بەگوێرەی توانا گەشت و سەیران و پێكەوە بكەن.

_لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا پێكەوە پڕۆژەیەكی خێرخوازی و خۆبەخشی دابمەزرێنن، خۆی سەرقاڵبكات تاوزەو توانای خۆی دەربخات و بێزاریشی كەم بێتەوە.

_هەوڵبدات كارەكانی خۆی ئەنجامبدات، زۆر پێویست نەبێت داوای كۆمەك لەكەس نەكات، ئەگەر داواشی كرد بەشێوازێكی زۆر جوان داوای بكات و سوپاسی ئەو كەسانە بكات بەدەمیەوە دێن. ئەگەر درەنگیش بەدەمیەوە هاتن زویر نەبێت و بڵێت خۆزگە زووتر دەهاتیت.خۆی لەسەر ئیرادەی بەهێز ڕابهێنێت ئەگەر داوای یارمەتی لەكەسێك كردوو نەهات بەدەمیەوە، وایلێكبداتەوە كە خوای گەورە دەیەوێت بە كەسێكی ترو شێوەیەكی تر ئەو پێویستیەی بۆجێبەجێبكات، بۆڵەی بەسەردا نەكات و هەرگیز لای خەڵكی باسی نەكات، ئەگەر ئەمجارە بۆینەكرا ئەوا جارێكی تر بۆی ئەنجام ئەدات. خۆی ڕابهێنێت هەرگیز گلەیی نەكات، چونكە دەوروبەری لێی زویر ئەبن.

ئەم خاڵانەو هاوشێوەیان بەساڵاچوو دەتوانێت تا ئەندازەیەكی باش پارێزگاری لە تەندروستی جەستەی و دەرونیشی بكات، تا بەچاوی ڕەزامەندییەوە سەیریی ژیان و قەدەرەكانی بكات و بەلێبوردەیی و سنگی فراوانەوە لەگەڵ كەسەكانی چواردەوری هەڵسوكەوت بكات.

پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان لە قۆناغی پیرییدا:

لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە بەساڵاچوان هەست بەبێزاری دەكەن، واهەست دەكەن كەكەنار خراون بایەخیان پێنادرێت، ئەو كەسانە ئەبینێت كە ئەم بایەخی پێئەدان و بۆیان ماندوو ئەبوو، ئەوەندەی ئەم خەمی بۆدەخواردن و بۆیان دەژیا ئێستا ئەوان لەو ئاستەدا نین و لەخەمی ئەمدا نین، زۆر جار بەناچاری بەدەمیەوە دێن، بگرە هەیانە هەر نایەت سەلامیكیشی لێبكات. ئەگەر لەكاتی خۆیدا كەمتەرخەمیەك یان كەمتوانایەكی هەبووبێت ئێستا دەیهێننەوە یادی وا ئەیدەنەوە بەڕوویدا، ئەم ڕووداوانە حاڵێكی ناجێگیرو ناشادی بۆ بەساڵاچوو درووست دەكات.چارەسەریشی پێویستی بەكاری دوولایەنەیە.

لایەنی یەكەم: خودی بەساڵاچوەكەوەیە، كەكاتی خۆی بۆ خێزان و مناڵەكانی ژیاوەو قوربانی بۆداون تا بەختەوەر بن، لەبەر خاتری ئەوان دایك و باوكی خۆی فەرامۆشكردووە.ئێستاش مناڵەكانی هەمان هەڵوێستیان هەیە، هەر یەكەیان بۆ ئامانجی خۆی دەژی و كەمتر باوك و دایكیان لەبیرە، بەتایبەت لەڕۆژگارێكی وەك ئەمڕۆدا، كە ژیان قورس بوەو سەرقاڵی زۆر بووە، لێرەدا پێویستە بەساڵاچوو هێز بەدەروونی خۆی بدات و لەكێشەو سەرقاڵی نەوەكانی تێبگات و بەهانەكانیان وەربگرێت و پاساوەكانیان قبوڵ بكات، تا پەیوەندییان دوور لەدەمە قاڵی و وەڕسبوون لەیەكتری بێت، تا كاریان بەوە نەگات لەیەكتر زویر ببن و پەیوەندی لەیەكتر داببڕن.

ئەمەش بە زۆری بەلێبوردن و هیمەتی بەساڵاچوان دێتە دی، ئەم لێبوردن و هیمەتەی ئەوانیش بە پشت بەستن بە خواو ئومێدبوون پێی، كە ئاگای لەهەموانەو پێویستی هەموان ئاساندەكات و پەكی كەس ناخات، ئەگەر یەكێك لەمناڵەكانی بۆی نەكرێت ئەویتریان دێت بەدەمیەوە. فریانەكەوتن یان كەمتەرخەمیان نەكاتە كێشە بۆخۆی، خۆشەویستی بەخشینی كەم نەكاتەوە بۆیان، نەكەوێتە گلەیی لەهەندێكیان  هەوڵبدات یەكێتی نێوانیان پارێزراو بێت، كە ئەوە كارێكی پڕ لەخێرو گەورەیە كە لە كۆتایی تەمەنیدا ئەنجامی بدات، یەكڕیزی و برایەتی نێوان مناڵ و نەوەكانی بپارێزێت و ڕێزی نێوان بەیەكێك لەئامانجەكانی ژیانی دابنێت، دوای خۆی بەسەلامەتی و دوور لە هەراو جەنگ بەجێیان بێڵێت..

بەلێبوردن لێیان و گلەیی نەكردن و خۆشبوون لەمافەكانی خۆی، ئەوانیش فێری لێبوردنەیی و لێخۆشبوون بكات، هەندێكجار ئەم پەیوەندیە ناخۆشە لەكاتی میراتدا كارەساتی گەورەو تاوانی گەورەو سەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە.

جا ئافەرین بۆ ئەو بەساڵاچوەی كە دەتوانێت شۆڕەسواری ئەم مەیدانە بێت، هەروەك چۆن بە ڕەنج و ماندوو بوون و خۆنەویستی مناڵەكانی پێگەیاند، بەلێبوردەیی و دەست هەڵگرتن لەمافی خۆی بەچاوپۆشی لەهەڵەو كەمتەرخەمی مناڵەكان و نەوەكانی دەبێتە قەڵای پارێزگاری و قوتابخانەی پڕ لە وانەی خۆنەویستی و دنیا نەویستی و زوهد  تێیداو، دنیا ناسی كە شوێنی گەیشتن بە هیواكان نیەو مرۆڤ تیایدا ڕێبوارێكە و گوزەر دەكات، ئەوەندەی یتوانێت جوان تێیپەڕێنێت و ئاسەوارێكی جوان لەدوای خۆی بەجێبێڵێت تا بۆئەوانەی دوای خۆی جێگای سوود و بۆ خۆیشی سەرچاوەی خێرو پاداشت بێت.

دنیا بناسێت كە دنیایەو شوێنی كاتی و كەمدەوامەو جێگای دڵبەندی و دڵخۆشی نیە.

خۆشی و ناخۆشی و دەوڵەمەندی و هەژاری و لەش ساغی و نەخۆشی و بەهێزی و بێ هێزی ونازو بێنازی و تێری و برسیەتی و كۆشك و زیندان و هەموو دیاردەكانی تری كاتین و تەواو دەبن و سەرانسەری بۆ ئەوە ناشێت یەك ڕۆژ پێیەوە دڵبەند بین، شاعیرێك بەفارسی جوانی پێناسەی دنیا كردووە.

ب دنیا دل نبندە هركی مردە

كە دنیا سربسر از رە دردە

از قبرستان گژر كن تاببینی

لە دنیا بە رفیعان چە كردە

واتە : ئەوەی مەردو ژیرە بەدنیاوە دڵبەند نابێت، چونكە دنیا سەرانسەر جێگای ناخۆشی و دەردە، بۆ ئەوەی چاك تێبگەین، كە دنیا چەندە پڕ لەسەختی و زەحمەتە، چەندە پوچ و بێ مانایە سەرێك لە گۆڕستان بدە تاببینی چی بەسەر هاوڕێكانتا هێناوە.

لایەنی دووەم : ئەو كەسانەن كە پەیوەندیان هەیە لەگەڵ بەساڵاچوەكەدا لەچواردەوریدان، ئەوانیش مناڵ و نەوەكانن، دەبێت بزانن كەئەوانیش تەمەنیان هەڵدەكشێت و پیر دەبن،  لە ئێستاوە خەمی ئایندەی خۆیان بخۆن و ئەو ساتە وەختانە بێنێتە پێش چاوی خۆیان كە سەرو ڕیشیان سپی و پشتیان كۆم و چاویان كزو جەستەیان خەستە دەبێت، بزانن كە دەبێت كارێكی وابكەن تا دواییش لاوەكان لەگەڵ ئاوا هەڵسوكەوت بكەن، ئەو فەررموودەیەی پێغەمبەر (صل الله علیە وسلم) لەبەر چاو بگرن فەرموویەتی :(ما اكرم شاب شیخا لسنە الا قیض الله له من یكرمە عند سنه) واتا: هەر گەنجێك لەپیریدا ڕێزو هاوكاری پیرێك بكات، ئیلا خوای گەورە لە پیریدا گەنجێك موسەخەر دەكات تاخزمەتی ئەو بكات)

جگە لەوەش پیرو بەساڵاچوان كەسوكاری خۆیانن، دایك و باوك و باپیرو نەنك یان كەسانێكی نزیكن بەدایك و باوكەوە، ئێستا قەدەر وایكردوە لای ئەوان دەژین. ئەمانە گەنجی خۆیان لە خزمەتی ئەوان و خەڵكی ترو نیشتیمان و گەلدا بەسەر بردووە، پێویستە بەرامبەریان وەفادارو چاكەخوازبن و دڵخۆشبن پێیان و دڵخۆشیان بكەن بەهەموویانەوە هاوكاربن بۆخزمەتكردنیان، چارەسەری كێشەكانیان بكەن، بەرنامەیەك دانێن تا لایان چۆڵ نەبێت، خۆیان لێپرسینەوە لە خۆیان بكەن. پێویستیەكانی ژیانیان بۆدابین بكەن. بە گەنجینەی خێرو بەرەكەت بیانبینن لەماڵەكانیاندا. بوونیان لەناویاندا بەهەلێكی زێڕینی تەمەن بزانن، چونكە زۆر نابات بارگەیان دەپێچنەوەو ئەم ژیانە جێدێڵن، ئیتر ئەو هەلە لە كیس دەچێت و ئەو گەنجینەیە دەرگای دادەخرێت، نزاو پاڕانەوەكانیان بۆیان كۆتایی دێت، دوایی پەشیمانی و ئاواتخواستن بێ سوودو بێ مانایە.

یانەیەك بۆبەساڵاچوان: 

بەساڵاچوان چینێكی بەرفراوانن لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا، لەسەر ئاستی جیهان بەرەو هەڵكشان دەچێت ( یەك لەسەر پێنجی) ژمارەی دانیشتوانی زەوی تێدەپەڕێنێت و بە پێی داتاكان ژمارەكەش لە زیادبووندایە. بەڵام تا ئێستا لەهیچ وڵاتێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەئاستی پێویستدا نیە، لەكوردستانیش بە پێویستی ئەزانم هەبوونی یانەی تایبەتی خزمەتگوزاری بۆ ئەو چینە بكرێتەوە كە زوربەیان ئاستی ڕۆشنبیری بەرزیان هەیە و ئەتوانرێت سوود لە ئەزموونی چەند ساڵەیان وەربگیرێت، تابتوانن تواناكانی خۆیان بپارێزن و ئەزموون و زانیاریان لەوێوە پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەن، لەم یانانەدا ڕاهێنەری پێویستی تیا بێت كە بایەخ بە هۆشیاری دۆخی ژیان و تەندرووستی جەستەیی و دەروونی بەساڵاچوان بدات، ڕێنوێنی پێویستیان بداتێ تا جوان بژین و درووست بژین.

*خانەنشین: خاوەنی كتێب و بەرنامەی بانگەوازییەو، لەم تەمەنەشدا بەردەوامە.

Check Also

ئالودەبوون بەئینتەرنێت کاریگەری لەسەر گەنجان هۆکارو چارەسەر

‎لاولاو حسێن‎لەدونیای ئەمڕۆدا یەکێک لە کێشەباوەکان کەلەنێو کۆمەڵگە بەگشتی و لەنێو گەنجان بەتایبەتی سەری هەڵداوە …