الإثنين , فبراير 9 2026

دایكی سەرداری مرۆڤایەتی

محێدین شێخ محەمەد

دایكی فەخری هەموو جیهانیان، خاتوو “ئامینەی كچی وەهاب كوڕی كیلان كوڕی موڕە كوڕی كەعب كوڕی لوئەی”، ناوداری سەردەمی خۆیان بوون، نازناویان بنەماڵەی “الزهرە”ە یە.

لەلایەن دایكی بەڕێزیشیەوە بەهەمانشێوە ناودارو خاوەن ڕێزو شكۆمەندبوون، دایكی”موڕە كچی عەبدول عوزا كوڕی عوسمان كوڕی عەبدولدار كوڕی قوسەی كوڕی كیلاب”، ئالێرەدا ڕەچەڵەكی باوك و دایكی ئەم خاتوونە دەبنە یەك.

لانكەو پێگەیشتنی لە منداڵیدا لە خانەوەدایەكی ڕێزدارو ناودار بووە، ئەم خانمە بە كچە “قوڕەیشەییەكە” ناو دەبرا، خانمێكی بە حەیاو بەشەرم بوو، لە نامەحرەم خۆی ئەپاراست، تەنانەت وتراوە كەس نەیزانیوە ڕەنگ و ڕووخسارو لەش و لاری چۆنە، لەهەموو بۆچونەكاندا جەخت لەسەر شكۆمەندی و ڕێزی ئەم خاتوونە دەكرێتەوە، وەك دایكی بەڕێزترین مرۆڤی سەر زەمین، كە ئەویش حەزرەتی محمدە(د.خ).

زۆر لە شاعیرانی عەرەب تەعریف و پیاهەڵدانیان بۆ ئەم خانەوادەیە كردووە، شانازیشیان پێوە كردووە، لەوانە “عەمری كوڕی هێر و باوكی مونزیر كوڕی ما ْ السما ْ”.

هاوسەرگیری ئەم خاتوونە

وەهەب باوكی بەڕێزی هەواڵی دایە كچە سەنگینەكەی، كە “عەبدولمتەلیب” داخوازی كردووە، بۆ “عەبدوڵای” كوڕی، بەم هەواڵە دڵخۆش و ئاسودەبوو، بەم هۆیەوە بنەماڵەكەی “الزهرە” دەستە دەستە دەهاتن بۆ لای پیرۆزباییان لێدەكرد، بەڕێزیشی بیرێكی قوڵی كردەوە لەوەی كە گەنجێكی ئاوا خوازبێنی دەكات. بەمەرجێك ئەم خاتوونە زۆر دوورە پەرێز بوو، لەوەی كە كچانی تر خۆیان ئەنواند، بڕیاریدا كە وا داخوازیەكە قبوڵ بكات.

هاوسەرگیری لەگەڵ كرد، بەم هۆیەوە سێ ڕۆژ خۆشی و شادی گێڕدرا، بەڵام لەگەڵ ئاهەنگەكەدا چاوەكانی پڕ دەبوون لە فرمێسك، بەوەی جیا دەبێتەوەو دەچێتە خانەوادەیەكی تر، “عەبدوڵا”ی هاوسەری خانوویەكی باشی بۆ كردەوە، دەڵێن ماوەی ئەو خۆشیە تەنها دە ڕۆژی تێپەڕاند، چونكە دەبوو هاوسەری بگات، بەو كاروانە بازرگانیەی كە بەڕێكەوتبوون بەرەو غەزەو شام.

وەفاتی عبدااللەی هاوسەری:

ڕۆژانێك تێپەڕی و ئامینە هەستی بە ئازاری دوركەوتنەوەی هاوسەرەكەی كرد، پەژارەو نائارامی ڕووی تێكرد، ئاواتی ئەوەیە بە دیداری شادبێتەوە، تا وایلێهات بەئاشكرا ئەو نائارامیەی دەردەبڕی، ڕۆژگارێك گوزەشت ئەم خاتوونە هەستیكرد بە سەرەتاو نیشانەكانی سكپڕی، كە هەستێكی ئاسان و هێواش، كاریگەری نەدەكردە سەر نائارامیەكەی، گومانی بۆ دروستبوو، بەپەرۆشەوە دەگەڕا بۆ هۆكاری دواكەوتنی هاوسەرەكەی، لەپڕ هەواڵێكی دڵتەزێن لەلایەن”حارسی كوڕی عەبدوالمتەلیب”هات، كەوا هاوسەرەكەی وەفاتی كردووە، بەم هەواڵە “ئامینە خاتوون” شپرزە بوو، چاوەكانی پڕ بوون لە فرمێسك بە گریانێكی زۆر بەكوڵ بۆ هاوسەرە دوركەوتووەكەی دەگریا، ئەم ناخۆشیە هەموو كەسوكارو شاری گرتەوە.

ئامینە بووە دایك.

ئەم خاتوونە ئارامی دەگرت، لەسەر ئەو ناڕەحەتیەی بەسەریهاتووە، دڵی باوەڕی بە مردنی هاوسەرەكەی نەدەكرد، حەزی نەدەكرد سەرەخۆشی لێ بكرێت، ئەم تەعزێباری و دڵتەنگییەی كەسوكارو خانەوادەكەی ماوەی مانگێكی خایاند، زیاتر چاودێری ئەم بووكە بێوەژنەیان دەكرد، كەی و چۆن ئەم دڵتەنگی و نائارامیەی لەسەر سوك بكەن، “ئامینە خاتوون” دڵ وهۆشی تەنها لای هاوسەرەكەی بوو، تا كار بكاتە سەر ئەو نهێنیە شاراوەی، كە كۆرپەلەی سكی بەبێ باوك لەدایكدەبێت، زۆر دڵنەواییان دەكرد، پاش ماوەیەك ژانی منداڵبوون زۆری بۆهێنا، خۆی تەنهایەو بێكەسە، بەڵام ڕووناكی و نورێك چواردەوری گرت، زۆر بەڕوونی هەستی پێكرد، لەگەڵا ئەوەشدا فریادڕەس و هاوپشتیوان و مامان لەلایەن خوای دلۆڤانەوە ئامادەبوون، كە بریتیبوون لە ئاسیای هاوسەری فیرعەون و مەریەمی كچی عیمران و هاجەری دایكی ئیسماعیل، هەرسێكیان لە خزمەتیدا بوون، بەجوانترین ڕووناكی و ڕۆشناییەكی وا هەڵئەقوڵا لەدەوری، پاش ئەوە كۆرپەلە چاوڕەش و دڵڕفێنەكەی لەدایكبوو، وەك چۆن ئافرەتانی سادەو كەسانی تر منداڵیان دەبێت، بەمەش خاتوونی بەڕێز زۆر دڵخۆشبوو، بە هاتنە دونیای كۆرپەكەی، لەدوای ئەو ساتەوە هەستی بە دڵتەنگی و تەنیایی نەدەكرد، هەموو كەسوكارو خانەوادەكەو باپیری “عەبدولمتەلیب” بەلەدایكبوونی كۆرپەكە زۆر دڵخۆشبوون، باپیری سوپاسی خوای گەورەی كرد بەهۆی ئەو بەخشندەییەوە كە پێیانی داوە، تەنانەت مامی “ئەبولهەب” كەنیزەكێكی هەبوو، ئازادی كرد بەو هۆیەوە، وەك پیشەی عەرەب كۆرپەكەیان دایە “دایەن- بەخێوكەر” كە “حلیمەی سەعیدیە” بوو، تا شەش ساڵ لای مایەوە، پاشان چوو بیهێنێتەوە، كاتێك گەڕایەوە بۆ شاری “مەككە”، هەستیكرد كە جگەر گۆشەكەی “محمد” سەرداری هەموو پێغەمبەرانە، كامڵەو لەگەڵ خۆی بردی بۆسەر گۆڕی باوكی، هەم بۆ سەردان و ناسینی خاڵوانی باوكی، لەشاری “یەسریب، مەدینە” نزیكەی مانگێك مانەوە، ئەو ماوەیە لای خاڵوانی هاوسەرەكەی بوون، كاتێ گەڕانەوە “ئامینە” خاتوون زۆر ماندوو شەكەت بوو، لەڕێگەی نێوان “یەسریب و مەككە”، بەهۆی كاریگەری گەرماو گڕەو تیشكی خۆرەوە توانای نەماو لاواز بوو، هەستیكرد كەوا ئەجەلی هاتووە، ئەجەل یەخەی گرت و كوڕە ساواو تازە پێگەیشتووەكەی بەجێهێشت، گریان و فرمێسكی بەكوڵ لە چاوە جوانەكانی كوڕە نازدارەكەیەوە دەڕژا، بەم شێوەیە لە ڕێگا ژیانی سپارد بەخاك، هەر لەو شوێنە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنیان بۆ كرد، كوڕە شیرینەكەی لەگەڵ ئەو جاریە “كنیزە”ی كە لەلایەن”عەبدوڵا”ی هاوسەری پێی بەخشیبوو، محمدی نازداری بێ دایك و باوكی هێنایەوە بۆ مەككە، تەسلیمی باپیری كردەوە، ئەویش زۆر بەجوانی پەروەردە و خزمەتی كرد، ئەم جاریە مایەوە تا پێغەمبەر(د.خ) گەورە بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو”خدیجە” ڕەزاو ڕەحمەتی خوای لێ بێت كرد.

شاهد أيضاً

باڵاپۆشی؛ قەڵغانی جوامێری لە هەناسەی کلتووردا

و: عەبدوڵڵا عەلیپوورلەناو گەردوون و ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئەمڕۆ کە: نرخ و پێوانەی مرۆڤایەتی …