ن: ستيفانو جينارينی
ئا: هەڵاڵە ئەڵماس
لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ساڵێک دەبێتە سەنتەری گفتوگۆ لەسەر مافە مرۆییەکان، یەکسانیی جێندەریی، و لەباربردنی کۆرپەلە و «مافەکانی نەوەخستنەوە»، ئەمجارە وتارەکانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەو بابەتانە دوورکەوتنەوە.
ئایا ئەمە تەنها گۆڕانێکی کاتییە لە وشە و دەربڕینە سیاسییەکان، یان نیشانەی گۆڕانێکی فراوانە لە ڕوانگەی هەندێک وڵات بەرامبەر بە ئەو ئەجێندایانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا پشتیوانییان لێکراوە؟
سەرچاوەی C-Fam ئەم گۆڕانە بە شێوەی «پاشەکشەی ئەجێندای جێندەر و لەباربردنی کۆرپەلە» دەبینێت، بەڵام ئەوەی لە وتارەی سەرکردەکاندا خرایەڕوو، زیاتر لە هەموو شتێک نیشانەی زیادبوونی مشتومڕەکانە لەسەر سنووری دەستێوەردانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە بابەتە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا.
ترەمپ، ڕەخنە لە ئەولەویەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت!
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتاری فەرمیی خۆیدا بە ڕوونیی ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان گرت.
دۆناڵد ترەمپ، لە وتارە فەرمییەکەیدا بە سەرکردە جیهانییەکانی گوت: «لەگەڵ هەموو ئەو کارەسات و دڕندەییانەی جیهان، قبوڵکراو نییە بەرپرسە باڵاکانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کاتەکانیان بۆ ڕەخنەگرتن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەرخانبکەن، ئەوەش لەبەرئەوەی دەمانەوێت منداڵانمان لە “لەناوبردنی جەستەیی ترانسجێندەر” و “شێتیی ڕەگەزگۆڕین” بپارێزین و یاساکانی کۆچبەریی جێبەجێبکەین”.
ئەم وتارە، لە ڕووی سیاسییەوە، پەیامێکی ڕوونیی لەخۆگرتبوو: ئەمریکا نایەوێت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە بواری سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دیاریبکرێت!!
ئەردۆغان: جێندەر و داهاتووی خێزان
لە هەمان کۆبوونەوەدا، سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، ڕەخنەی ئاراستەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد، لەهەمبەر بەرەوپێشبردنی ئەوەی بە «ئایدیۆلۆژیای جێندەر» ناوزەددەکرێت.
ئەو وتی:«سیاسەتە جیهانییەکانی “بێلایەنی جێندەریی” بوونەتە بەربەستێک کە منداڵان و دامەزراوەی خێزان بە ئامانج دەگرن. ئەویش تەنها بە پاراستنی خێزان وەک دامەزراوەیەک کە لە ژن و پیاو پێکدێت، دەتوانین ئەم بەربەستە تێکبشکێنین.»
ئەم هەڵوێستانە ئاماژەن کە مشتومڕەکە تەنها لەسەر مەسەلەی جێندەر نییە؛ بەڵکو دەگاتە پرسیاری بنەڕەتیی ئەوەی کێ مافی دیاریکردنی شێوەی خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە: حکومەتە نیشتمانییەکان یان دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان؟
پێرو: سەروەریی نیشتمانی بەرامبەر ئەجێندای نێودەوڵەتی
کیکۆ سۆفیا فوجیمۆری هیگۆچی، سەرۆکی پێرۆ، بە هەمان شێوە ڕەخنەی لە دەستێوەردانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری ناوخۆییدا گرت و ئەوە بە هەڕەشەیەک بۆ دیموکراسی و کۆمەڵگەی پێرۆ دەبینێت ؛ وتیشی:«پێرو، وەک زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، شاهیدی ئەوەن کە ئەجێندا و ئاراستە جێبەجێکراوەکان، بوونەتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگاکەمان؛ لەوێدا سیاسەت بەکارهێنراوە، دیموکراسی لاواز بووە و دامەزراوەی خێزان بێتوانا کراوە».
هەروەها فوجیمۆری خێزانی بە «دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ» بۆ گەلی پێرو وەسفکرد و وتی:
«ئێمە باوەڕمان بە خێزان هەیە وەک پایەیەکی بێجێگرەوە بۆ کۆمەڵگاکەمان. باوەڕمان بە ڕێزگرتن لە نەریتەکان، یەکسانی لەبەردەم یاسا و کەرامەتی مرۆڤ هەیە.»
لە کۆتایی وتارەکەیدا، پەیامێکی تری گرنگی ئاراستەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد: «جیهان پێویستی بە دیموکراسییە هاوشێوە و یەکسانەکان نییە؛ بەڵکو پێویستی بە دیموکراسییە ڕەواکان هەیە. جیهان داوا ناکات هەموو وڵاتەکان وەک یەک بن، یاخود لەسەر یەک شێوە کۆپی بکرێن؛ بەڵکو پێویستی بە گەلانی ئازادی ڕاستەقینە هەیە.»
میلەی: نەتەوە یەکگرتووەکان لە خزمەتی مرۆڤ یان مرۆڤ لە خزمەتی بیرۆکراسییدا؟
لە هەموو وتارەکاندا، ڕەنگە قسەکانی خاڤێر میلەی، سەرۆکی ئەرجەنتین ڕاستەوخۆترین ڕەخنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان بووبێت.
میلەی نەک تەنها لە «ئەجێندای جێندەر»، بەڵکو ڕەخنەی لەکۆمەڵێک سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانیش گرت و هۆشداریی دا کە لەوانەیە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بگۆڕێت بۆ “دامەزراوەیەکی بێئامانج و بێسوود کە هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە پشتگیریی لە دەستەیەک لە مشەخۆری بەفیز، کە خۆیان بە بیرۆکراتی چاکەخواز دەردەخەن” و “لە دڕندەی بیرۆکراتی خۆسەپێن کە دەستوەردان لە شێوازی ژیانی هەموو گەلانی سەرزەویدا دەکەن”!
ئەم ڕەخنەیە پرسیارێکی گرنگ دەخاتەڕوو: ئایا دەبێت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها ڕێکخەری هاوکاریی نێودەوڵەتی بن، یان پێویستە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکانیش دیاریبکەن؟
بێدەنگییەک کە سەرنج ڕادەکێشێت:
لە بەرامبەر ئەم دەنگانەدا، ئەوەی زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت کەمبوونەوەی ئاماژە بە ئەولەویەتە فێمینستییەکان و بابەتەکانی جێندەرە لە وتارەکانی سەرکردەکاندا.
بەپێی ڕێکخراوی C-Fam، ئەمساڵ کەمترین ژمارەی ئاماژە بە بابەتەکانی وەک «تەندروستیی نەوەخستنەوە»، «یەکسانیی جێندەریی» و دەستەواژە پەیوەندیدارەکان بە جێندەر لە وتارەی سەرکردەکاندا تۆمارکراوە، لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە (سەیری ھێڵکارییەکانی خوارەوە بکە).
تەنها حەوت سەرکردەی جیهان باسیان لە «یەکسانیی جێندەریی»کردووە، لەگەڵ ڕاگەیەنراوی یەکێتی ئەوروپا و پەیامی ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری کاربەڕێکەری نەتەوە یەکگرتووەکان. لەبارەی بابەتەکانی LGBTQI+ ـیشەوە، C-Fam ئاماژە بەوەدەکات کە لە وتارە سەرەکییەکاندا تەنها مایکڵ مارتن، سەرۆکوەزیرانی ئیرلەندا، و ماکس بریفۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، ئاماژەیان بەو بابەتانە داوە.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم بابەتانە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆتاییان پێهاتووە. هەندێک لە وڵات و ڕێکخراوەکان، لەبری ئەوەی بابەتەکانیان لە وتارە سەرەکییەکاندا بڵاو بکەنەوە، چوونە ناو چالاکییە لاوەکییەکان کە هەموو ساڵێک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕێوەدەچن، بەڵام تەنانەت لەوێش، ڕەوشی ئەو چالاکییانە بەرگریکارانە بوو.
فۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چالاکییەکی گرووپی ناوەندیی LGBT» لە هەفتەی ڕابردوودا، گلەیی لە «هێرشێکی قووڵ، هاوئاهەنگ و گشتگیر» کرد؛ ئەم گرووپە لە نزیکەی سی دەوڵەت پێکدێت کە پابەندن بە پەرەپێدانی بابەتەکانی LGBTQI+ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لە هەمان کاتدا، هاوشێوەی ئەم ڕاگەیەندراوانە، سەرکردەی هەندێک ڕێکخراوی فێمینستی لە چالاکییە لاوەکییەکاندا دەربارەی مافەکانی نەوەخستنەوە و پرسەکانی جێندەر، هەمان نیگەرانییان دەربڕی.
لەکۆتاییدا: ئایا شەپۆلەکە بەڕاستی گۆڕاوە؟
ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا ڕوویدا، لە کەمبوونەوەی ئاماژەکان بە ئەجێنداکانی جێندەر و داخوازییەکانی فێمینیزم، بەڵکو تا زیادبوونی دەنگی ڕەخنەگر لە سەروەریی نیشتمانیی و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیشانەی مشتومڕێکی بەهێزترە لەسەر سنووری دەسەڵاتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ لەگەڵ جێندەر و کێ دژی جێندەرە؛ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:
کێ دەبێت لەسەر خێزان، منداڵ، پەروەردە، سیاسەتی کۆمەڵایەتی و بەهاکانی کۆمەڵگە بڕیار بدات؟
ئەگەر ئەم بابەتانە بەڕاستی پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی گەلەکانەوە هەیە، ئەوا مشتومڕەکە نابێت تەنها لە ژوورە داخراوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بێت؛ بەڵکو دەبێت لەگەڵ دەنگی گەلان، لە پەرلەمانەکان و حکومەتە نیشتمانییەکانیشدا بخرێتە گفتوگۆ.
سەرچاوە: https://c-fam.org/friday_fax/gender-radicals-retreat-at-un/