شەممە , تشرینی یەکەم 10 2026

مافی سوکنا، ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوونی ئافرەت دوای تەڵاق

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

مافی سوکنا و نیشتەجێبوون، پاراستن و قەرەبووی یاساییە بۆ ژنی تەڵاقدراو، لە سیستەمی یاسادانانی خێزاندا، پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی دادپەروەری لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەها یاساییەکانن.
هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی هاوسەرگیری (تەڵاق) تەنها کردارێکی کتوپڕ یان کۆتاییهاتنی ئەرکە یاساییەکان نیە، بەڵکو زنجیرەیەک لێکەوتەی شەرعی و یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە پێویستیان بە ڕێکخستنێکی ورد هەیە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک بەناڕەوا تووشی زیان و ئاوارەیی نەبێت.
لە سەر ئەو بنەمایە، یاسادانەری عێراقی و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەرکردنی “یاسای مافی ژنی تەڵاقدراو لە نیشتەجێبوون (حق السکنی) ژمارە ٧٧ی ساڵی ١٩٨٣”، هەنگاوێکی جەوهەری ناوە بەرەو دابینکردنی تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئافرەتانی تەڵاقدراو.

بەپێی یاساکە ژنی تەڵاقدراو مافی هەیە وەک جۆرێک لە پاراستن و قەرەبوو لەو خانوو یان شوقەیەی کە پێشتر لە کاتی هاوسەرگیریدا تێیدا ژیاوە بمێنێتەوە، یاسادانەر ئەم مافەی بۆ پاراستنی شکۆی ئافرەت و ڕێگریکردن لە ئاوارەبوونی ناپێویست ڕێکخستووە.

یەکەم/ مەرجە سەرەکییەکان بۆ سوودمەندبوون لە مافی سوکنا:

بۆ ئەوەی ژنی تەڵاقدراو مافی مانەوەی لە ماڵی هاوسەرگیریدا هەبێت، دەبێت ئەم مەرجانەی خوارەوە بەردەست بن:
١• تەڵاقی ناڕەوا (تعسفي): جیابوونەوەکە بەبێ هۆکارێکی یاسایی یان بە زۆری لەلایەن پیاوەکەوە ڕوویدابێت.
٢• داواکردن لە کاتی گونجاو: ژنەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی داوای تەڵاق یان پەسەندکردنی (تصدیق) تەڵاقەکە لە دادگا، داوای ئەم مافەی کردبێت ،ئەگەر لە کاتی پەسەندکردنی تەڵاقەکەدا داوای نەکات، دواتر ناتوانێت بە داوایەکی سەربەخۆ داوای مافی سوکنا لەدادگا بکات.

دووەم/ پابەندییەکانی ئافرەت لە ماوەی نیشتەجێبووندا.

لە بەرامبەر دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبووندا، یاسا چەند پابەندییەکی خستۆتە سەر شانی ئافرەت لە ماوەی بەکارهێنانی موڵکەکەدا:

  1. بەکرێنەدان: نابێت خانوو یان شوقەکە (یاخود بەشێکی) بەکرێ بداتەوە بە کەسیتر.
  2. نیشتەجێنەکردنی کەسی نامۆ: نابێت هیچ کەسێک لەگەڵ خۆیدا نیشتەجێ بکات، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە لەژێر سەرپەرشتی و دایەنی (حضانة)ی ئەودان (وەک منداڵەکانی).
  3. پاراستنی موڵکەکە: نابێت زیان بە خانوو یان شوقەکە بگەیەنێت، جگە لەو زیانە سروشتییانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی ئاسایی ڕۆژانەوە دروستدەبن.

سێیەم /بارودۆخەکانی هەڵوەشاندنەوەی مافی سوکنا.

مافی سوکنا (یان مانەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ) لەسەر ژنی تەڵاقدراو لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا نامێنێت پوچەڵ دەبێتەوە:
١• شووکردنەوە: ئەگەر ژنەکە لە ماوەی دەستنیشانکراودا شوو بکاتەوە.
٢• پێدانی بەدیل (قەرەبوو): ئەگەر پیاوەکە شوێنێکی دیکەی گونجاو (لە ئاست و هاوشێوەی ماڵە کۆنەکە) بۆ ژنەکە دابین بکات، یان بە ڕەزامەندی ژنەکە کرێی ٣ ساڵەکەی بە یەکجار پێ بدات.

٣• مردنی ژنەکە، یان چۆڵکردنی ماڵەکە بە ویستی خۆی و بەبێ هۆکارێک بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ.

چوارەم/ ئەو حاڵەتانەی ژن تێیدا بێبەش دەبێت لە مافی سوکنا.

ژن ناتوانێت داوای ئەم مافە بکات یان لێی دەسەندرێتەوە ئەگەر:

  1. هۆکاری تەڵاقەکە ناپاكیی هاوسەری یان یاخیبوون (نشوز)ی ژنەکە بێت.
  2. تەڵاقەکە بە ڕەزامەندی هەردوولا یان لە ڕێگەی خولع (مخالعة)ەوە بووبێت.
  3. ژنەکە خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ خانوو یان شوقەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت و بۆ نیشتەجێبوون گونجاو بێت.

پێنجەم/ مافی منداڵان لە نیشتەجێبوون:
ئەگەر ژنەکە لە مافی سوکناش بێبەش بێت، ناكرێت مافی نیشتەجێبوونی منداڵەکان فەرامۆش بکرێت. باوکەکە هێشتا بەرپرسیارە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ منداڵەکانی، تەنانەت دوای تەڵاقیش.

ڕەهەند و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان:
جێبەجێکردنی حەقی سوکنا کاریگەریی قووڵ و ئەرێنی لەسەر پێگەی خێزان و ئافرەت لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات:
١• سەربەخۆیی ئابووری و سەلامەتی: نەبوونی مافی سوکنا زۆرجار ئافرەتانی تەڵاقدراو ڕووبەڕووی قەیرانی بێشوێنی و بارگرانی لەسەر خێزانی باوکیان دەکاتەوە، بۆیە ئەم مافە پاراستنێکی دەروونی و جەستەییان پێ دەبەخشێت.
٢• پاراستنی کۆمەڵایەتی: ئەم ماوە سێ ساڵییە دەرفەتێک دەدات بە ئافرەت تاوەکو باری ئابووری و دەروونی خۆی ڕێکبخاتەوە و ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ژێر گوشاری نەبوونی داهات.

٣• سەقامگیریی دەروونیی منداڵان:
هێشتنەوەی دایک و منداڵەکان لە ماڵی هاوسەرێتی، ڕێگە لە تێکچوونی باری دەروونی، پەروەردەیی و خوێندنی منداڵان دەگرێت لە دوای جیابوونەوە.

٤• کەمکردنەوەی تەڵاقی خێرا: پابەندیی حەقی سوکنا، ڕێگری لە پیاوان دەکات لەوەی بڕیاری کتوپڕ و بێ پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان بدەن.
دەرئەنجام
سەرجەم ئەم ئەحکامە یاساییانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاسادانەر هەوڵی داوە هاوسەنگی لە نێوان مافی تەڵاق و بەرپرسیارێتییەکانی دوای تەڵاقدا ڕابگرێت. لە کاتێکدا «مافی سوکنا» پاراستنی تەواو دەبەخشێتە ئەو ژنانەی کە بە بێباکانە یان بە ناڕەوا تەڵاق دراون، هاوکات ڕێز لە مافی خاوەندارێتی و مەرجە یاساییەکانی هاوسەریش دەگرێت.

Check Also

ڕۆژی جیهانی مامۆستایان… مامۆستا، هەوێنی زانست و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە

شادان تالببۆیەکەم جار، لە ساڵی ١٩٩٤ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٥ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانی مامۆستایان …