الثلاثاء , فبراير 17 2026

بۆچی پاکەتێک شیرینی دەبێتە تاوان

پارێزەر/ شاجوان شیخ محمد القرداغي
زۆر کەس وا دەزانن ئەگەر مامەڵەکەیان تەواو بوو، ئینجا دواي ماوەیەک بڕوات پاکەتێک شیرینی بداتە فەرمانبەرە حکومییەکە، تەنها ئەمە وەک ڕێزگرتن لەخۆی و کارەکەی، بەڵام ئاگاداربە! یاسا بەمە دەڵێت (الرشوة اللاحقة)، چونکە فەرمانبەری دام و دەزگا فەرمییەکان مووچە وەردەگرێن بۆ خزمەتی تۆ، نەک بۆ پاداشتی (دەستی تۆ) کە بۆی دەهێنیت، هەر سوودێک دوای کارەکە وەربگیرێت، وەک کڕینی ویژدانی فەرمانبەرەکە ئەژمار دەکرێت بۆ داهاتوو.
یاسا زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە فێڵە یاساییانەدا دەکات. لە ڕاستیدا، “ڕەشوەی لاحیقە” (دیاری دوای تەواوبوونی کار) تەنیا گەندەڵی نییە، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە تاوانێکی تەواو و بێ کەموکوڕییە و هەمان سزای ڕەشوەی ئاسایی دەسەپێنرێت بەسەر ئەنجامدەرەکەیدا.
جیاوازییەکەی لەگەڵ ڕەشوەی ئاساییدا ئەوەیە:

  • ڕەشوەی ئاسایی: بەرپرسەکە پێشوەختە مەرج دادەنێت یان ڕێککەوتن دەکات کە کارەکە ناکات تا پارەکەی پێنەگات.
  • ڕەشوەی لاحیقە: فەرمانبەرەکە کارەکە (کە ئەرکی خۆیەتی) تەواو دەکات، پاشان کەسەکە وەک “دەستخۆشی” یان “پاداشت” شتێکی پێ دەدات و فەرمانبەرەکەش وەری دەگرێت.
  • بۆچی بە تاوان دادەنرێت؟
    چونکە:
  • بێلایەنی فەرمانبەر تێکدەدات، فەرمانبەر فێری ئەوە دەبێت کە تەنیا بۆ ئەو کەسانە کار بکات کە دواتر پاداشتی دەکەن.
  • کەرامەتی وەزیفی دەشکێنێت
  • دەرگای گەندەڵی گەورەتر دەکاتەوە: زۆرجار ئەم “دیارییانە” دەبنە سەرەتایەک بۆ داواکاری نایاسایی تا کارمەندەکە چاو بەرەو ژێر و ڕوگیری بکات بۆ کار و تکلیفاتی تر لە داهاتوودا.
    لە یاسای سزادانی عێراقیدا سزای ڕەشوەی لاحیقە بەپێی ماددەکانی (٣٠٨ و ٣١١) لە یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، سزاکان بەم شێوەیەن:
  • بەندکردنی کاتی: ماوەکەی لە ٥ ساڵ تا ١٥ ساڵ دەستپێدەکات (ئەمە زیاتر بۆ ئەو حاڵەتانەیە کە کارەکە کاریگەری گەورەی دروست کردبێت)
  • دادگا جگە لە سزای بەندکردن، فەرمانبەرەکە پابەند دەکات بە دانی غەرامە.
  • ئەمە کاریگەرترین بەشی سزاکەیە بۆ فەرمانبەر.
  • دەرکردن لە فەرمانگە (الفصل): فەرمانبەرەکە بە شێوەیەکی یەکجاری لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.
    و چیتر ناتوانێت لە فەرمانگەکانی دەوڵەت دابمەزرێتەوە.
    کەرامەتی وەزیفەکەت و پاراستنی بژێوی خێزانت زۆر لەوە گەورەترە کە بە “پاکەتێک شیرینی” بیخەیتە مەترسییەوە.

شاهد أيضاً

بەڵگەی قورئانی بۆ کارکردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ

جوان کامەرانکارکردنی ئافرەت لەدەرەوەی ماڵ بەدەر لەدایکایەتی لەچوارچێوەی خێزاندا، بیروڕای جیاوازی لەسەر بووە، بەهۆی گۆڕانی …