گۆنا تۆفیق
ترێندەکان دەڕۆن، بەڵام ڕەگەکانمان دەمێننەوە.
ئەگەر بنەماکانمان نەزانین، سبەی چۆن وەڵامی پرسیارە گرنگ و گرانەکان دەدەینەوە؟
نەتەوایەتی ڕاستەقینە لە دووری شوێنکەوتنی ڕەمزی زۆرێک لە گەنجی ئەمڕۆ لە قۆناغێکی تایبەتدان – قۆناغێک کە تێیدا سۆشیال میدیا و ترێندەکان زۆر خێرا دەگۆڕێن و، زۆر جار شتێک دێتە ئاراوە کە بەبێ شارەزایی بنەڕەتی و بوونی زانیاری و ووردەکاری، دەبینە نمایش کارو شوێنکەوتەیەکی کاتی. هەست و بیرکردنەوەکانی ئەوانی دی، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەسڵی ڕودا و زانییارییە دروستەکان.
هەستی نەتەوایەتی لای گەنجان جوانترین و بەرزترین هەستە و کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەخوێنی گەرم و هەستی بێ گەردی ئەوانە . ئەوەی کە کاریگەری و ڕۆڵیان دەهێڵێتەوەو دەبێتە هۆی گۆڕانکاری شارەزایی و ڕەگداکوتین، ئەندازە و مەودای ئەو هەستانەش پەیوەستە بە ئەندازەی شارەزایی و قوڵبوونەوە، گەر بەوریاییەوە پارێزگاری لێ نەکەین ئەوەی لێی دەمێنێتەوەلە ڕاستیدا تەنها نمایشکاری و هەستی کاتی دەبن.
ئەنفالەکان، هەڵەبجە، کۆمەڵکوژییەکان، خەباتی چەکداری، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی، مێژووی میرنشینەکان – ئەمانە ڕەمزنین بۆ دانانی لە بایۆدا. ئەمانە ڕەگ و ڕیشە و خوێنی ئەم نەتەوەیەن.
گەنجێکی کورد کە نازانێت شێخ سەعید کێ بوو، قازی محەمەد چی گوت، پێشەوا چۆن ژیا و مرد، بارزانی چۆن خەباتی کرد – و سەرچاوەی زانیارییەکانی تەنها لەترێندێک و هاشتاگێکەوە بێت، ناتوانێت پارێزگاری ڕاستەقینەی نیشتیمان بێت، چونکە نازانێت چی دەپارێزێت.
نیشتیمانپەروەری قوڵ لە خوێندنەوە و تێگەیشتنەوە دێت، نەک لە هاشتاگ و ستۆری. ئێمە پێویستمان بە گەنجێکە کە شێعری گۆرانی دەخوێنێتەوە، شارەزایی لە مێژووی کوردستانی لەئاستێکی بەرزدابێت، بزانێت کە ئێمە لە کوێوە هاتووین و بۆ کوێ دەچین.
ڕێگای گەڕانەوە بۆ لای ڕەگەکانمان کامەڕێگایە:
کەوایە چی لەسەرمان پێویستە و چی بکەین؟
یەکەم: دەستبکە خوێندنەوە
مێژووی کوردستان بخوێنەوە، بەڵام نەک بۆ ئیمتحان، بەڵکو بۆ تێگەیشتن. کتێبەکانی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، شەڕەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی…، یادەوەرییەکانی پێشمەرگەکان بخوێنەوە. زمانی کوردی بپارێزە و زیاتر فێری بە، چونکە زمان دڵی نەتەوەیە، ئەوستەمەی کە بە بەکارهێنانی زاراوەی بیانی زیاد لەپێویست لەم زەمەنەدا بەرامبەر بەزمانی کوردی کراوە هەرگیز نەکراوە، بۆیە پێویستە گەنجانمان بەرپرسیارێتی پاراستنی لەئەستۆ بگرن، دواجار زمان بەشێک لە شوناسی ئێمەیە.
دووەم: پەیوەندی بکە بە نەوەکانی پێشووەوە
دانیشتن لەگەڵ باب و باپیرە و داپیرەکان، گوێگرتن لە چیرۆکی ڕابردوویان، فێربوون لە ئەزموونەکانیان – ئەمانە گەنجینەن کە بە هیچ شێوەیەک لە سۆشیال میدیا نادۆزیتەوە. ئەو نەوەیە ژیانی ڕاستەقینەیان بینیوە، ئازارەکانیان چێژیوە، خەباتیان کردووە، ئەوان خاڵی لاوز و هۆکاری شکستەکان و خاڵی هێزی هەستانەوەکان درک دەکەن .
سێیەم: بەشداری بکە لە چالاکییە کەلتووری و نەتەوەییەکاندا
بۆنە و ڕۆژە نیشتیمانییەکان، چالاکییەکانی زمانی کوردی – ئەمانە بەشێک بن لە ژیانی ڕۆژانەت. بەڵام نەک تەنها بۆ وێنە و ستۆری، بەڵکو بۆ زیاتر زیندووڕاگرتن و تێگەیشتن و ڕێزگرتن.
چوارەم: لەگەڵ هونەر و ئەدەبیاتی کوردی بژی
گوێ لە گۆرانی کلاسیکی کوردی بگرە، شیعر بخوێنەو. مەحوی ونالی و سالم و ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، عبدوڵڵا گۆران،…
- ئەمانە مامۆستایانی ڕۆحی نەتەوەن، قوڵبوونەوە لە شیعرو نوسینەکانیان و هەڵگۆڕینی ڕۆحی نەتەوایەتی و پەروەردەیی لێیانەوە گرنگە نەک تەنها پۆستکردنیان کە زۆرجار لەبەر نەبوونی هۆشیاری زمانەوانی و نەتەوایەتی و، کەم شارەزاییان لەژیانیان مەبەستەکە پێچەوانە دادەنرێت.
پێنجەم: بیر لە ئاینی کوردستان بکەرەوە
ئەگەر دەرەوەی وڵاتی، یان لە شاری تر دەژیت، پەیوەندیت بە کوردستانەوە مەبڕە. گەڕانەوەی بەردەوام، سەردانی شوێنە مێژووییەکان، ناسینی ناوچە جیاوازەکان – ئەمانە هەستی ئاینی و نەتەوایەتی بەهێزتر دەکەن.
شەشەم: ڕەخنەگرانە بیر بکەرەوە
نەتەوایەتی ئەوە نییە کە هەموو شتێک قبووڵ بکەیت یان شوێن هەمووشتێک بکەویت.
واتای ڕاستەقینەی نیشتیمانپەروەری ئەوەیە کە ڕەخنە لە کەموکوڕییەکان بگریت، داوای باشتر بکەیت، بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە کار بکەیت بۆ ئاسۆی کوردستان.
حەوتەم: یەکگرتوو بە
دابەشبوون لەسەر ئاستی حزبی، سۆرانی و بادینی، ئێزدی و مسڵمان – ئەمانە تەنها دوژمنەکانمان بەهێز دەکەن. یەکبوونی ڕاستەقینە لە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و گفتووگۆ و کۆبوونەوە لەسەر ئامانجی گەورەدا بەرقەرار دەبێت .
لاوی خوێن گەرم و پێویستیی نیشتیمان،
بزانە کە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە لە هەستی کاتیدا نییە، لە خوێندنەوە و فێربووندایە، لە پەیوەندی نەوەکاندایە، لە پاراستنی زمان و کەلتوور و مێژوودایە. با گەنجی کورد ببێتە پارێزگارێکی ئاگادار و شارەزا، نەک تەنها شوێنکەوتەیەکی ڕەمزێکی کاتی.
کوردستان پێویستی بە ڕۆڵمۆدێلێک هەیە کە بخوێنێتەوە، تێبگات، و بە دانایی کار بکات – نەک بە هاوار و هاشتاگ و هات و هاواری بێ کردار، زیاتر لەوەی ئێستا هەیە ژیری و وریاییمان دەوێت بۆ پاراستن لەئامێز گرتنی و مانەوەمان لەئامێزی نیشتیماندا.