خەرمان عبدالکریم
ئەم جەنگە دەروونیەی لەگەڵ هەر پارچەیەکمان دەکرێت وەک ئەوەی دوانەی یەک ڕۆح بین هەناسە بڕکێ ئەکەوێتە گیانمان، شەو بەدیار تاکە فریادڕەس و تاکە دەلیلی چارەسەر ورد دەبینەوەو یەشتا هەر بن بەست نابێت، لەم خاکە بێ ئەرزشەی ووڵاتدا نامەرد نەما شانی لەسەردانەنێت چاوێک نەما نەیخاتە بنمیچی سەروەتەکەی، بۆ خەڵکەکەی بووە خۆرەی گیانی گەنج و مناڵ و پیرو ژن و پیاوی، داخۆ چەندە جاری تر ئەم وێزەگرتنە سەرو ماڵ و گیانی ئەم کوردستانە بخاتە چاڵەوە، سەر لەنوێ بیخاتەوە ڕاکە ڕاکی ژیان کردنەوە، تا ئەگاتە پارووە نانێک بەهۆی گێژاوێکی زەبەلاح و کەڵەگەتەکانی ووڵاتەوە دیسان لەسفرەوە دەست پێ بکاتەوە، ئەمە جەنگی دەروونی و نەتەوەیی و سڕینەوەیە ئەمە شەڕی قوت و شەرەف و هەڵسەنگاندنی مەردایەتیە، ئەمە ئەگەر پلانی تۆکمەی داڕێژراو نییە ئەی کامە ئەژدیهایە بیدات بەسەر هەر قەومێکدا لەبنی نەهێنێت کۆڵی لێ نادات، ئەی مەگەر چەندیتر کوردایەتی دەبێت بخەینە بوخچەوەو دێ بەدێ و شار بەشاری پێ بکەین چەندی تر دەبێت کۆماری دیمکراتی خەیاڵ ئامێز دروست بکەین و ئاڵاکەی بخەینە سەر کام شانی مەرد تا بیشەکێنێتەوەو دوژمنێک هەناسەی تەنگ و تەسک بێتەوە بۆی
ئێرە نیشتیمانە خاکی کوردان و بستە زەمینی خودا کردە،
وێنای بەرخودان و جەرگ سوتانی هەزاران پیری بەجەرگە، لێرە ژیان هێندە سەختە بۆ پارووە نانێکی حەڵاڵ هەزاران کەلێن هەڵدەدڕی هەزاران شۆستە خاوێن و هەزاران زستانی سارد بەبێ کەوشی ڕێی پی دەکرێت بۆ کڕینی ئەو خەونەی چەندان ساڵی پڕ نەهامەتی چاوەڕوانی بووە، کەچی لە ناکاو خەوی ژەهرین لەلاپاڵی جەستەیەکی ساردی هاوڕۆحێکی بەئاگای دەهێێتەوەو خاپوری هەموو ئاسەواری ژیری و هۆشمەندیەکی دەبات ئەمە ئیتر مەملەکەتی خەونە هەڵبڕزکاوەکانی گەلی ئەم نیشتیمانە پڕ خێرە چاو پێ هەڵنەهاتووەیە