چوارشەممە , حوزه‌یران 25 2025

ڕۆژی جیهانی منداڵان لە نێو کایەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی منداڵان لە ناوچەکانی جەنگ

شادان تالب
ڕۆژی جیهانی منداڵان، بۆنەیەکی ساڵانەیە و یادی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ دەکاتەوە، ڕۆژێکی جیهانی چالاکییە بۆ منداڵان. هەروەها ئەم بۆنەیە تیشک دەخاتە سەر گرنگی مافەکانی منداڵان؛ داوای باشترکردنی بارودۆخیان و گوێگرتن لە دەنگی منداڵان دەکات؛ بۆ بنیاتنانی جیهانێکی باشتر بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو.
دۆخی منداڵانی جیهان.
دۆخی منداڵانی جیهان، ڕاپۆرتێکی ساڵانەیە کە لەلایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، لەلایەن (یونیسێف)ەوە بڵاودەکرێتەوە و، لێکۆڵینەوە و شیکاری بۆ پرسێکی سەرەکی دەکات کە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە. ڕاپۆرتێکی گشتگیرە کە بە داتا و ئاماری پەیوەندیدار پشتگیری دەکرێت. هەر چاپێکی ڕۆژنامەی (دۆخی منداڵانی جیهان ) باس لە پرسێکی سەرەکی دەکات کە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، لە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە بگرە تا دۆخی ململانێ و شەڕ، کاری منداڵان، شارنشینی، گەشەکردنی منداڵی سەرەتایی و زۆر شتیتر، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە گشتگیرترین شیکاری بۆ ڕەوتە جیهانییەکان کە کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەیە. لە نوێترین چاپدا بە ناوی “دۆخی منداڵانی جیهان 2024: داهاتووی منداڵ لە جیهانێکی گۆڕاودا” تیشک دەخاتە سەر سێ هێزی گەورەی جیهانی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی منداڵان هەیە: گۆڕانی دیمۆگرافی، قەیرانی کەشوهەوا و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان. لە هەمانکاتدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە سەرکردەکانی جیهان دەبێت چی لەبەرچاو بگرن لەکاتی پلاندانان بۆ داهاتوو. هەروەها بابەت و پێشنیارەکانی بڵاوکراوەی (دۆخی منداڵانی جیهان) ڕێنمایی ئەولەویەتەکانی یونیسێف دەکەن، یارمەتی ڕێکخراوەکە دەدەن بۆ دیزاینکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی وڵاتان بە گرنگیدان بە پێداویستییەکانی منداڵان.
جاڕنامەی مافەکانی منداڵ.
لە ساڵی 1959 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی مافەکانی منداڵی پەسەند کرد، کە تێیدا مافەکانی منداڵان خۆی دەبینێتەوە لە پاراستن و پەروەردە و چاودێری تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوون و، خۆراکی سەلامەت. ئەم جاڕنامەیە بەڵگەنامەیەکی سەرەکی بووە لە پەرەپێدانی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەست بە مافەکانی منداڵان، هەروەها کاریگەری هەبووە لەسەر یاسا و سیاسەتە نیشتمانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ڕێنمایی هەوڵەکانی پاراستن و پێشخستنی مافەکانی منداڵان لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا کردووە. وەک پێشەنگێک بۆ ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵان کاردەکات.
ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ
لە ساڵی ١٩٨٩ سەرکردەکانی جیهان بە پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان بەڵێنێکی مێژوویییان بە منداڵاندا . ڕێککەوتننامەکە ناسنامەی منداڵان و هەموو مافەکانیان و بەرپرسیارێتی حکومەتەکان بەرامبەریان ڕووندەکاتەوە. هەموو مافەکان بەیەکەوە گرێدراون، لە گرنگیدا یەکسانی و پێویستە منداڵان لێیان بێبەش نەکرێن. ئەم پەیماننامەیە خێراترین پەیماننامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە کە لە مێژوودا پەسەند کراوە و، بە شێوەیەکی بەرفراوان پەسەند کراوە. ڕێککەوتننامەکە شێوازی سەیرکردن و مامەڵەکردنی منداڵانی گۆڕی وەک مرۆڤێک کە کۆمەڵێک مافی جیاوازی هەیە. قبوڵکردنی بەربڵاوی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە سەرانسەری جیهاندا، پابەندبوونێکی جیهانی بەرچاو بە پێشخستنی مافەکانی منداڵان نیشاندەدات. پێشکەوتنی بەرچاو لە دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەکەوە بەدیهاتووە، لە دابەزینی ڕێژەی مردنی کۆرپە تا زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە قوتابخانەکان، بەڵام زۆر شت ماوە کە ئەنجام بدرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجومەنی گشتی دوو پرۆتۆکۆڵی ئیختیاری بۆ ڕێککەوتننامەکە پەسەندکرد: – یەکەمیان: دامەزراندنی منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ ناو هێزە چەکدارەکان و بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا قەدەغە دەکات. دووەمیان: قەدەغەکردن و سزاکانی پەیوەست بە فرۆشتنی منداڵان و ئیستغلالکردنیان لە لەشفرۆشی و پۆرنۆگرافیدا. لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجومەنی گشتی پرۆتۆکۆڵی سێیەمی ئیختیاری پەسەند کرد، کە لە ساڵی ٢٠١٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە میکانیزمێک بۆ منداڵان دابین دەکات بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا لەسەر پێشێلکردنی مافەکانیان بەپێی ڕێککەوتننامەکە و دوو پرۆتۆکۆڵی یەکەم.
لیژنەی مافی منداڵان
لیژنەی مافەکانی منداڵان کە بەپێی ڕێککەوتننامەکە دامەزراوە ، دەستەیەکی سەربەخۆیە لە 18 پسپۆڕی سەربەخۆ کە بە بەردەوامی کۆدەبێتەوە بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی دەوڵەتانی ئەندام بە ئەرکەکانیان، بەپێی ڕێککەوتننامەکە و دوو پرۆتۆکۆڵی ئیختیاری یەکەمی. لیژنەکە ڕاسپاردە پێشکەش بە حکومەتەکان دەکات سەبارەت بە ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە. هەروەها لیژنەکە لێکدانەوەکانی خۆی بۆ بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە لە شێوەی سەرنجی گشتیدا بڵاودەکاتەوە، کە بەشدارن لە ڕێنماییکردنی جێبەجێکردنی لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
منداڵان و ململانێی چەکداری
زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر جیهان یەکگرتوو بوو بۆ ئیدانەکردن و کۆکردنەوە دژی بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا. لەو کاتەوە بە هۆی پلانی کارکردن کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێوشوێنی دیکە کە ئامانجیان کۆتاییهێنان و ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن هێزە چەکدارەکان و گروپەکانەوە، هەزاران منداڵ ئازادکراون . بەڵام ئاستەنگی جددی لە پاراستنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی شەڕی چەکدارییەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروا ماونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا توندوتیژی دژی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و پێشێلکارییە قورسەکان بە ڕێژەی ٢١% زیادیکردووە. منداڵان لە نێوان قەیرانە وێرانکەرەکانی ئیسرائیل، خاکی داگیرکراوی فەڵەستین (بەتایبەت غــ..ەززە)، بورکینا فاسۆ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، میانمار، سۆماڵ، سودان، سوریا، ئۆکرانیا و چەندین بارودۆخی دیکەدا، بە ڕێژەی ٣٥% زیادبوونی بێ وێنەی کوشتن و پەکخستنی منداڵان بەخۆیەوە بینیوە. دامەزراندن و بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن هێزە چەکدارەکان و گروپەکانەوە، تا ئێستاش یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییە قورسەکان لە کاتی شەڕی چەکداریدا.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەشت هەزار و ٦٥٥ منداڵ لە لایەن لایەنەکانی ململانێیەوە وەرگیراون و بەکارهێنراون. لە کاتێکدا کوڕان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە، کچان بە یەکسانی مەترسییان لەسەرە، زۆرجار بە ناچاری هاوسەرگیریان لەگەڵ دەکرێت یان ئیستغلالێکی سێکسییان بۆ دەکرێت. هەروەها منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە کە پێویستیان بە ڕێوشوێنی پاراستنی گشتگیر هەیە. بەبێ گوێدانە ڕۆڵیان، ئەو منداڵانەی کە لەلایەن لایەنەکانەوە بۆ ململانێ وەرگیراون، تووشی دڕندەیییەکی زۆر دەبن، کە لێکەوتەی جددی بۆ باشبوونی جەستەیی و دەروونییان بەجێدەهێڵێت. لە دامەزراندنی ئیختیاری منداڵان و شەڕی چەکداری ٢٩ ساڵ لەمەوبەرەوە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار منداڵ لە گروپ و هێزە چەکدارەکان ئازاد کراون، لەنێویاندا لە ڕێگەی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
توندوتیژی دژی منداڵان
مافی پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی لە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵدا مسۆگەر کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە یەک ملیار منداڵ ڕووبەڕووی جۆرێک لە توندوتیژی سۆزداری، جەستەیی یان سێکسی دەبنەوە و منداڵێک هەر حەوت خولەک جارێک ژیانی خۆی لەدەستدەدات بەهۆی توندوتیژی. توندوتیژی دژی منداڵان هیچ سنوورێکی کولتووری و چینایەتی و پەروەردەیی ناناسێت. لە دامەزراوە و قوتابخانە و ماڵەکاندا دژی منداڵان ئەنجام دەدرێت. منداڵانی بەرکەوتەی توندوتیژی لە گۆشەگیری و ترسدا دەژین، نازانن ڕوو لە کوێ بکەن بۆ یارمەتی، بەتایبەتی کاتێک تاوانبار کەسێکی نزیک لەوان بێت. هەروەها ڕەگەز، کەمئەندامی، هەژاری، نەتەوە، یان ڕەچەڵەکی ئایینی منداڵان لەوانەیە مەترسی تووشبوونیان بە توندوتیژی زیاد بکات، لەگەڵ ئەوەی منداڵانی بچووکتر بەهۆی کەمبوونەوەی توانای دەربڕینی خۆیان و داوای پشتیوانی زیاتر تووشی ئازار دەبن.

لە ساڵی ٢٠٠٦ نەتەوە یەکگرتووەکان توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد کە کۆمەڵێک پێشنیاری لەخۆگرتبوو سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی منداڵان و، سکرتێری گشتی نوێنەرێکی تایبەتی دەستنیشان کرد بۆ دڵنیابوون لە بەدواداچوونی کاریگەر بۆ ئەم ڕاسپاردانە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنیان. پێشکەوتنی بەرجەستە بەدیهاتووە: زۆرێک لە وڵاتان یاسایەکیان دەرکردووە کە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و سێکسی قەدەغە دەکات و پشتگیری لە قوربانییەکان دەکات؛ هەروەها هەڵمەتەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی توندوتیژی، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی قسەی ناشرین و توندوتیژی سێکسی و کارە زیانبەخشەکان دژی منداڵان دەستیپێکردووە. جگە لەوەش ئەمڕۆ داتای وردتر لەسەر ڕادە و سروشتی توندوتیژی دژی منداڵان لەبەردەستدایە. سەرەڕای گرنگی ئەم پێشهاتانە، بەڵام زۆر شت ماوە کە ئەنجام بدرێت. خستنەڕووی ئامانجی 16.2 لە کارنامەی ساڵی 2030دا، پابەندبوونی جیهانی بە کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی منداڵان نیشان دا. بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم دیدە بەرزە ببێتە واقیعێکی بەرجەستە بۆ هەموو منداڵێک پێویستە بەپەلە جێبەجێبکرێت.
گەشەپێدانی بەردەوام
بۆ ماوەی ١٥ ساڵە ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارە هێزێکی بزوێنەری زۆرێک لە پرسەکانن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی منداڵان و گەنجان و خێزانەکانیان هەیە. لەم ماوەیەدا پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمکردنەوەی مردنی منداڵان کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، زیادکردنی ڕێژەی ناونوسکردن لە قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی هەژارییەکی زۆر، و دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی زیاتر دەستیان بە ئاوی سەلامەت و خۆراکی بەسوود دەگات، بەدیهاتووە. بەڵام پێشکەوتنەکان نایەکسان بووە و زۆرێک لە پرسە هەرە دیارەکانی جیهان- لەوانە چارەسەرکردنی نایەکسانی، پێشخستنی گەشەی ئابووری گشتگیر، پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا- لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارەدا وەک پێویست گرنگییان پێنەدراوە. بە پەسەندکردنی ئامانجە نوێیەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ئەیلوولی ٢٠١٥، سەرکردەکانی جیهان پابەندبوون بە بنبڕکردنی هەژاری تا ساڵی ٢٠٣٠. بەڵام بەبێ کردەوەی خێرا، پێشبینی دەکرێت ڕەوتەکانی ئێستا:
Ÿ 35 ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تا ساڵی 2030 گیان لەدەست دەدەن، جگە لەوەش 16 ملیۆن منداڵ و هەرزەکار و گەنجی تەمەن 5 بۆ 24 ساڵان تا هەمان ساڵ ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن.
Ÿ منداڵانی ئەفریقای ژێر سەحرا ئەگەری مردنی پێش تەمەنی پێنج ساڵی ١٨ هێندە زیاترە لە هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتانی داهات بەرز.
Ÿ منداڵان دوو هێندە زیاتر لە گەورەکان لە هەژارییەکی زۆردا دەژین، نزیکەی 90%ی منداڵانی زۆر هەژاری جیهان یان لە ئەفریقای ژێر سەحرا یان باشووری ئاسیا دەژین.
Ÿ زیاتر لە ٦٠ ملیۆن منداڵی تەمەنی خوێندنی سەرەتایی لە دەرەوەی قوتابخانە دەمێننەوە – ژمارەیەک کە بە نزیکەیی یەکسانە بە ژمارەی منداڵانی ئەمڕۆ لە قوتابخانە دەرچوون. زیاتر لە نیوەی ئەم منداڵانە خەڵکی ئەفریقای ژێر سەحرا دەبن.
Ÿ نزیکەی لە هەر پێنج کچ یەکێکیان پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی گەورەیی هاوسەرگیری دەکات. بەو ڕێژەیەی ئێستا، ٣٠٠ ساڵی دیکەی دەوێت بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری منداڵان.
Ÿ ١٦٠ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهان سەرقاڵی کارن؛ ٧٩ ملیۆنیان کاری مەترسیدار ئەنجام دەدەن.
ئەم نایەکسانییە گەورە و مەترسییە زەبەلاحانە نەک هەر مافەکانی منداڵان پێشێل دەکەن، بەڵکو ئایندەیان دەخەنە مەترسییەوە و، سووڕەکانی بێبەشی و نایەکسانی نێوان نەوەکان دەپارێزن و سەقامگیری کۆمەڵگەکان و تەنانەت ئاسایشی وڵاتانی جیهانیش تێکدەدەن.
لێدوانی کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف سەبارەت بە دۆخی منداڵان لە کەرتی غـ..ەززە دوای گەمارۆی هاوکارییەکان*
ماوەیەکە منداڵانی کەرتی غـ..ەززە ڕووبەڕووی بۆردومانی بێوچان بوونەتەوە لەکاتێکدا بێبەش دەبن لە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیان، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکی گەمارۆی هاوکارییەکان، ڕووبەڕووی مەترسی پەرەسەندنی برسێتی و نەخۆشی و مردن دەبنەوە – هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ ئەمە بهێنێتەوە. “خێزانەکان لە خەباتدان بۆ مانەوە، گیریان خواردووە، ناتوانن بە دوای سەلامەتی هەڵبێن، ئەو زەویانەی کە پێشتر کشتوکاڵیان دەکرد، وێران بووە، ئەو دەریایەی کە بۆ ماسیگرتن بەکاریان دەهێنا سنووردار کراوە، نانەواخانەکان دادەخرێن، بەرهەمهێنانی ئاو کەم دەبێتەوە، ڕەفەکانی بازاڕیش نزیکە لە ڕووتبوونەوە، هاوکارییە مرۆییەکان تاکە هێڵی ژیانیان بۆ منداڵان دابین کردووە، ئێستاش نزیکە لە تەواوبوون”. هەر لەسەرەتای گەمارۆکەدا لەماوەی مانگێکدا، زیاتر لە ٧٥%ی ماڵەکان باسیان لە تێکچوونی دەستڕاگەیشتن بە ئاو کردووە – ئاوی پێویستیان نییە بۆ خواردنەوە، ناتوانن دەستیان بشۆن لەکاتی پێویستدا، زۆرجاریش ناچارن لەنێوان دوش، پاککردنەوە چێشت لێنان هەڵبژێرن. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڤاکسینەکان بەخێرایی تەواو دەبن و نەخۆشییەکان بڵاودەبنەوە – بەتایبەتی سکچوونی توند، زۆربەی ئەو حاڵەتانە لەنێو منداڵانی خوار پێنج ساڵانن، کە بۆیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەدخۆراکیش لە هەڵکشاندایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە نۆ هەزار منداڵ بۆ چارەسەری بەدخۆراکی توند وەرگیراون، بە سەدان منداڵی دیکە کە زۆر پێویستیان بە چارەسەرە، بەهۆی نائەمنی و ئاوارەبوون، ناتوانن دەستیان پێ بگات. ئاماژەی بەوەشکردووە، “یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتداران دەکات دڵنیابن لەوەی کە دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بە شێوەیەکی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەمە نەک تەنها دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی مەدەنی ئەو خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکییانەیان هەیە کە پێویستیان پێیەتی، بەڵکو دڵنیابوون لە پاکوخاوێنی و ستانداردی تەندروستی گشتی بەس.

پێویستە هەموو لایەنەکانی ململانێ ڕێگە بدەن و ئاسانکاری بۆ تێپەڕاندنی خێرا و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان بکەن. دەبێت ڕێگە بدەن و ئاسانکاری بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوچەکە. “یونیسێف لە کەرتی غـ..ەززە دەمێنێتەوە، ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین بۆ پشتگیریکردن و پاراستنی منداڵان. بەڵام گەمارۆی هاوکارییەکان و بەردەوامی شەڕ منداڵان پاڵدەنێتە لێواری مەرگ. . ئێمە داوای خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئەوەی گەمارۆی هاوکارییەکان هەڵبگیرێت، بۆ چوونە ناوەوەی کەلوپەلی بازرگانی بۆ ناو شارەکە ، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، و بۆ پاراستنی هەموو منداڵان.
*ئەم ڕاپۆرتە تەنها دوو مانگ دوای جەنگی سەرغـ..ەززە کراوە.. ئێستە بارودۆخەکان زۆر قورستر

Check Also

ئاگاداری رۆژی عه‌ره‌فه‌ بن..

ئا: چیا حەمە عەلی ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی ذي الحجة یە، بە گەورەترین و …