ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
پێوانە و ڕێساکانی خێزان لە شەریعەتی ئیسلامی و یاسای باری کەسێتیدا لەسەر بنەمای پاراستنی پەیوەندی هاوسەرگیری و پاراستنی مافەکانی هەردوولا داڕێژراون. تەڵاق وەک دواڕێگە چارە دانراوە، کاتێک ژیانی هاوسەرگیری بەردەوامیی ئەستەم دەبێت. یاسا و شەریعەت هەموو جۆرەکانی تەڵاقی بە یەک ئاست دانەناوە؛ بەڵکو بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی (ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو)، تەڵاق بە پێی کاریگەرییەکەی لەسەر پەیوەندی هاوسەرگیری و ڕادەی کۆتایی هاتنی، دابەش دەبێت بۆ چەند جۆری جیاواز، تاوەکو دەرگای چاکسازی کراوە بێت یان مافەکان بپارێزرێن.
بە پێی ماددەی (٣٨) – جۆرەکانی تەڵاق و حوکمەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم/ تەڵاقی ڕەجعی (الطلاق الرجعي): ئەم جۆرە تەڵاقە بریتییە لەوەی پیاو لە دوای دانی تەڵاقی یەکەم یان دووەم (دوای دخول- چوونە لای یەکتر)، مافی ئەوەی هەیە لە سەردەمی عیددەدا هاوسەرەکەی بگەڕێنێتەوە لای خۆی بەبێ پێویستبوون بە گرێبەستی نوێ، مارەیی نوێ، یان ڕەزامەندی ژنەکە.
مەرجەکانی تەڵاقی ڕەجعی:
١. دەبێت پێشتر چوونە لای یەکتر (دخول/خەڵوەتی شەرعی) ڕووی دابێت.
٢. تەڵاقی یەکەم یان دووەم بێت (سێیەم نەبێت).
٣. بەرامبەر بە ماڵ یان بە داوای ژنەکە (خولع) نەبێت، بڕیاری جیاکردنەوە لەلایەن دادوەرەوە ڕاستەوخۆ دەرنەچووبێت.
- حوکمەکانی تەڵاقی ڕەجعی:
. مافی گەڕانەوە (الرجعة): پیاوەکە بە ویستی خۆی لە ماوەی عیددەدا دەتوانێت بڕیاری گەڕانەوە بدات (بە وتار وەک “گەڕاندمیتەوە” یان بە ڕەفتار بۆنمونە دەست بکاتە ملی …). - مانەوەی پەیوەندی زەوجییەت: ژنەکە لە عیددەدا وەک هاوسەر دەمێنێتەوە؛ مافی نەفەقە و شوێنی نیشتەجێبوونی لەسەر پیاوەکەیە، و لە حاڵەتی مردنی یەکێکیان لەم ماوەیەدا، ئەوی تریان میراتی لێ وەردەگرێت.
- کەمبوونەوەی ژمارەی تەڵاق: ژمارەی ئەو تەڵاقانەی لە دەستی پیاوەکەدا ماونەتەوە کەم دەبێتەوە.
- کۆتایی هاتنی مافی گەڕانەوە: ئەگەر عیددە تەواو بێت و پیاوەکە نەگەڕابێتەوە، تەڵاقەکەڕاستەوخۆ دەبێتە “تەڵاقی لێکدابڕانی بچووک”.الطلاق البائن بینونة صغرى ».
دووەم/؛تەڵاقی لێکدابڕانی بچووک: تەڵاقێکە کە تێیدا پەیوەندی هاوسەرگیری بە یەکجاری کۆتایی پێدێت و، مێرد مافی ئەوەی نامێنێت کە لە ماوەی عیددەدا بە بێ ڕەزامەندی ژنەکە و، بەبێ گرێبەستی نوێ بگەڕێتەوە لای. - حاڵەتەکانی کەوتنی تەڵاقی لێکدابڕانی بچووک:
١.تەواوبوونی ماوەی عیددەی تەڵاقی ڕەجعی بەبێ گەڕانەوەی پیاوەکە.
٢.تەڵاقدان پێش چوونە لای یەکتر (بە دەستگیرانی پێش خەڵوەتی شەرعی).
٣.تەڵاقی خولعی (لە سەر داوای ژن بە پێدانی بەرامبەرێک بە پیاو یان واز هێنان لە مافی مارەیی پاشەکی).
٤.جیاکردنەوەی ڕاستەوخۆ بە بڕیاری دادوەر. - حوکمە شەرعی و یاساییەکانی:
-پچڕانی پەیوەندی هاوسەری دەستبەجێ:لەگەڵ کەوتنی تەڵاقەکەدا پەیوەندی هاوسەرگیری کۆتایی پێدێت و ژنەکە لە پیاوەکە حەرام دەبێت.
-شێوازی گەڕانەوە: گەڕانەوە تەنها بە گرێبەستی نوێ، مارەیی نوێ، و ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی ژنەکە دەبێت (چی لە سەردەمی عیددەدا بێت یان دوای عیددە). - نەمانی مافی میرات: ئەگەر یەکێکیان لە سەردەمی عیددەدا بمرێت، هیچ کامیان میرات لە ئەوی تر نابات.
عیددە ی تەڵاقی ڕەجعی:ئەگەر خەڵوەت ڕووی دابێت عیددەی لەسەرە، بەڵام ئەگەر پێش چوونە لای یەکتر بێت، هیچ عیددەیەکی لەسەر نییە. - شایستەیی نەفەقە و مارەیی: ژنەکە مافی نەفەقەی نامێنێت مەگەر دووگیان بێت. هەروەها مارەیی پاشەکی (المؤجل) دەبێتە (مارەیی ئێستا) و ژنەکە دەتوانێت دەستبەجێ داوای بکات.
- ژمارەی تەڵاق: ژمارەی تەڵاقەکانی پیاوەکە کەمدەکاتەوە (ئەگەر تەڵاقی یەکەم یان دووەم بێت).
سێیەم/ تەڵاقی لێکدابڕانی گەورە (الطلاق البائن بینونة كبرى)تەڵاقێکە کە تێیدا پەیوەندی هاوسەرگیری بە یەکجاری و بە تەواوەتی دەپچڕێت، دوای ئەوەی پیاوەکە بۆ سێیەم جار هاوسەرەکەی تەڵاق دەدات (تەڵاقی سێ بە سێ). - حوکم و مەرجە سەرەکییەکان:
ـ حەرامبوونی تەواوەتی:
ژن و پیاوەکە بە شێوەیەکی ڕەها لە یەکتری حەرام دەبن. پیاوەکە ناتوانێت بگەڕێتەوە لای ژنەکەی نە لە عیددەدا و نە دوای ئەوە، نە بە گرێبەست و مارەیی نوێش، مەگەر ژنەکە شوو بە پیاوێکی تر بکاتەوە (بە گرێبەستێکی دروست و مەبەستی ژیان نەک حەڵاڵ بوونەوەدوای چوونە لای یەکتر)، لەو پیاوەش جیا ببێتەوە یان مێردە نوێیەکەی بمرێت و عیددەکەی تەواو بێت ئنجا دەتوانێت لەگەڵ مێردی یەکەمی هاوسەرگیری بکاتەوە. - پچڕانی مافەکان: مافی میراتگری بە یەکجاری کۆتایی پێدێت و ژنەکە لە عیددەدا مافی نەفەقەی نامێنێت (مەگەر دووگیان بێت).
چوارەم/ عیددە (العِدَّة) و ماوەکانی عیددە لە شەریعەتی ئیسلامی و یاسای باری کەسێتیدا، :ئەو ماوە زەمەنییە دیاریکراوەیە کە ژن دوای جیا بوونەوەی لە هاوسەرەکەی (بە تەڵاق یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست، یان مردنی مێردەکەی) پێویستە چاوەڕێ بکات و لەو ماوەیەدا ناتوانێت شوو بە پیاوێکی تر بکاتەوە.
ئامانج و هۆکارەکانی سەپاندنی عیددە:
١. دڵنیابوونەوە لە خاوێنی ڕەحم بۆ ئەوەی ڕەچەڵەکی منداڵ تێکەڵ نەبێت.
٢. ڕێزلێنان لە پەیوەندی هاوسەرگیری (بە تایبەت لە حاڵەتی وەفاتی مێرددا).
٣. ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەڕانەوە لە تەڵاقی ڕەجعیدا.
ماوەی عیددە بەپێی حاڵەتەکان: - ژنی دووگیان (حامیلە): تا کاتی دانانی منداڵەکەی (لەدایک بوونی تەواو یان لەبار چوون).
- ژنی مێرد مردوو: ٤ مانگ و ۱۰ ڕۆژ (ئەگەر دووگیان نەبێت).
- ژنی تەڵاقدراو کە (سوڕی مانگانە دەبینێت): ۳ پاکبوونەوە (سێ قورء) یان سێ سوڕی مانگانە.
•ژنی تەڵاقدراو (سوڕی مانگانە نابێنێت): ۳ مانگی تەواو.
تێبینی•تەڵاق پێش دخول «چوونە لای یەکتر»: هیچ عیددەیەکی لەسەر نییە.